موحەڕەم ئینجە بە فەرمی لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا کشایەوە

12-05-2023
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی پارتی مەملەکەت بە نووسراوێکی فەرمیی دەستنووسی خۆی، کشانەوەی لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا پێشکێشی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە کرد. 
 
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، 12ـی ئایاری 2023، یاڤوز کایهان یورەگیر، لێپرسراوی نووسینگەی هەڵبژاردنەکانی پارتی مەملەکەتی تورکیا، نووسراوی دەستنووس و واژۆکراوی موحەڕەم ئینجەی تایبەت بە کشانەوەی لە کێبڕکێیەکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا رادەستی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە کرد. بەمەش موحەڕەم ئینجە بە فەرمی لە لیستی بەربژێرانی سەرۆکایەتیی کۆمار کشایەوە. 
 
موحەڕەم ئینجە دوێنێ پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کشانەوەی خۆی لە بەربژێربوون بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا راگەیاند و بەشێک لە هۆکارەکانی کشانەوەی ئاشکراکرد و رایگەیاند، گوشاری زۆری لەسەرە. 
 
موحەڕەم ئینجە گوتی، "ئەوەی لەم 45 رۆژەدا بینیم، لە 45 ساڵی تەمەنی سیاسیمدا نەمبینیون؛ هەر لە بەڵگەنامەی ساختەوە بیگرە تاوەکو دەگاتە نمایشی ئۆتۆمبێلی گرانبەها، بەخشینی تۆمەتی ناڕەوا لە بوونی وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی ئابڕووبەر. لە سایتێکی رووتی ئیسرائیلیدا وێنەی منیان مۆنتاژ کردووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەناوی ڤیدیۆی ئابڕووبەری موحەڕەم ئینجە بڵاویان کردووەتەوە. ئەمە کاری فەتۆچییەکانە، بەڵام زۆر بەداخەوە بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنیش باوەڕیان پێکردووە".
 
موحەڕەم ئینجە گوتیشی، "ئەوەی بەرامبەر من کراوە لە گوشاری سیاسی، ستەم، درۆ و تۆمەت هەڵبەستن بەهیچ سیاسەتڤانێک نەکراوە. زۆر بەداخەوە، داواکاری گشتی نەهاتە سەرخەت، هەروەها رۆژنامەڤانان و میدیاکاران درۆ و تۆمەتبوونی ئەم جۆرە هەواڵانەیان پەسند نەکرد. کەس پرسیاری نەکرد کە هێزە ئەمنییەکان لەکوێن؟ 45 رۆژە ئەم گرتەڤیدیۆییە ناڕەوایانە بڵاودەکرێنەوە و هیچ رێوشوێنێک نەگیراوەتەبەر". 
 
بەربژێربوونی موحەڕەم ئینجە بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار ناڕەزایەتییەکی زۆری لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆن و بەشێک لە کەسایەتییە ئەکادیمییەکانی لێکەوتەوە. ناوبراو بەوە تۆمەتبار کرا کە دەنگەکان لە بەرژەوەندیی ئەردۆغان پەرشوبڵاو دەکات، بەڵام ئەو هەمیشە ئاماژەی بەوە کردووە لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا لە بەرامبەر ئەردۆغاندا دەیباتەوە. 
 
ئەمە لە کاتێکدایە لە باشترین دۆخیدا، موحەڕەم ئینجە لە راپرسییەکاندا رێژەی دەنگەکانی لەنێوان 2-6٪ بووە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە