کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری جارێکی دیکە دواخرا

12-11-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆبوونەوەی 17یەمی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە، بڕیاربوو رۆژی پێنجشەممە بکرێ، بەڵام بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی تورکیا و گیانلەدەستدانی 20 کارمەند و سەربازی وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە، کۆبوونەوەکە بۆ جاری دووەم دواخرا.
 
نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رۆژی 11 ـی تشرینی دووەمی 2025 لە چوارچێوەی کارەکانی کۆمیسیۆنەکەدا لەگەڵ جێگرانی سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە کە نزیکەی کاژێرێکی خایاند.
 
دوای کۆبوونەوەکە، سەرۆکایەتیی پەرلەمان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، کۆبوونەوەکەی رۆژی پێنجشەممە 13ـی تشرینی دووەمی 2025، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە بارهەڵگرەکەوە دواخراوە.
 
پێشتر وا بڵاوکرایەوە کە وەزیری ناوخۆ، وەزیری بەرگری و سەرۆکی میت بەشداری لە 17ـەمین کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنەکەدا دەکەن.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، 20 کارمەند لەنێو ئەو فڕۆکە بارهەڵگرەدا بوون کە رۆژی سێشەممە 11 ـی تشرینی دووەمی 2025 لە سنووری جۆرجیا و ئازەربایجان کەوتە خوارەوە و سەرجەمیان گیانیان لەدەستداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە