رووداو دیجیتاڵ
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی رایدەگەیێنێت، کورد برای ئەوانن و هیچ کەسێک ناتوانێت سنوور بخاتە نێوانیان. جەخت لەوەش دەکاتەوە کە بە فەرمانی سەرۆککۆماری تورکیا، هاوکارییە مرۆییەکان گەیێندراونەتە کۆبانێ و ئەو هاوکارییانە بەردەوامن.
رۆژی پێنجشەممە 12-02-2026، عەبدولحەمید گوڵ، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی لە دانیشتنی پەرلەمانی تورکیادا گوتارێکی پێشکێش کرد و ستایشی سیاسەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای کرد بەرامبەر بە قەیرانی سووریا و بە سیاسەتێکی "عەقڵانی و مرۆیی" وەسفی کرد.
عەبدولحەمید گوڵ رایگەیاند، تورکیا لە سەختترین کاتدا بووەتە "باوەشی دایک" بۆ پەنابەرانی سووریا و گوتی: "کاتێک ملیۆنان خوشک و برای سوورییمان لەژێر ستەمدا بوون، تورکیا و سەرۆککۆمارەکەمان هەمیشە لەگەڵیان بوون. ئێمە هیچ جیاوازییەکمان نەکرد و دەرگاکانمان بۆ هەموو ستەملێکراوان کردەوە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی باسی لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کورد لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا کرد و گوتی: "ناتوانن سنوور بخەنە نێوان ئێمە و کوردانی ئەوێ. هیچ سنوورێک ناتوانێت بکەوێتە نێوان ئێمە و کوردان، چونکە کورد برامانن و ئێمە لەگەڵیان بووین."
سەبارەت بە دۆخی مرۆیی کۆبانێ، عەبدولحەمید گوڵ ئاماژەی بەوە کرد، کە دامەزراوە فەرمییەکانی تورکیا بەردەوامن لە گەیاندنی کۆمەک و گوتی: "لە بواری هاوکاریی مرۆییدا بە فەرمانی سەرۆککۆمارمان، دەستبەجێ ئافاد و مانگی سوور هەموو هاوکارییەکیان گەیاند. ئەمڕۆش هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کۆبانێ بەردەوامن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ