رووداو - هەولێر
گۆرانییەکی راپ بە ناوی "ناتوانم بێدەنگ بم" لە چەند رۆژی رابردوو بە زمانی تورکی بڵاوکرایەوە و باس لە کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی نێو ئەو وڵاتە دەکات. راپەکە کاردانەوەیەکی زۆری لەنێوخۆی وڵاتەکە لێکەوتووەتەوە.
ماوەی راپەکە 15خوولەکە و تێیدا بە چەند بەشێکی جیاواز و لەژێر ناونیشانی جیاوازدا بەشێک لە دیاردە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا و جیهان باسدەکات.
ناونیشانی بەشە جیاوازەکانی راپەکە بریتیین لە:
- سروشت و ژینگە
- یاسا
- دادپەروەری
- تورکیا
- ئیستەنبووڵ
- خوێندن و پەروەردە
- لێپرسینەوە
- مافی ژنان
- جیهان
- غوربەت
- مافی ئاژەڵان
- خۆکوژی
- فاشیزم
هەوادارانی ئەو بەرهەمە پێیان وایە کە بەرهەمهێنەرانی ئەو گۆرانییە مەترسییان لەسەرە و رەنگە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بە هۆی ئەو گۆرانییەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵدابکرێت، بەڵام بەرهەمهێنەرانی گۆرانییەکە دەڵێن، هیچ مەترسییەکیان لەسەر نییە و گەر هەشبێت ناترسن.
سامێت گۆنوللو، راپەرە دەڵێت "ئێستا هیچ شتێک نییە شایەنی ترس بێت گەر هەشبێت ناترسین، چونکە لە تەواوی گۆرانییەکەدا تەنها یەک رستەی نالۆژیکی نییە، بە پێچەوانەوە چەند بابەتێکی دیکەی گرنگ هەن کە باسنەکراون، خۆزگە ماوەی راپەکە درێژتر بووایە و چەند هاوڕێیەکی دیکەمان هەبووایە کە ئەو بابەتانەیان تێدا باسکردایە".
20 راپەر بەشدارییان لە بەرهەمەکەدا کردووە و بەرهەمهێنەرەکە دەڵێت "ناوەڕۆکی هەر بەشێک لەلایەن ئەو راپەرانەی دەیڵێنەوە ئامادەکراوە و تێکستەکەی نووسراوەتەوە".
ئەو بەرهەمە لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا زیاتر لە 21 ملیۆن جار لە یوتیوب بینراوە و هەوادارێکی زۆری هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ