رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی وەتەنی تورکیا پێشنیازێکی بۆ لێبووردنی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە راگەیاند و دەڵێت، ئامانج لێی یەکڕیزییە.
دۆغو پەرینچەک، سەرۆکی پارتی وەتەنی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا کە لە لقی رێکخستنی ئیستەنبووڵی پارتەکەی بەڕێوەچوو، رایگەیاند، سوپا و دەزگا ئەمنییەکانی دیکەی تورکیا لە شەڕی چەندین دەیەی رابردوودا دژی پەکەکە سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە.
سەرۆکی پارتی وەتەن ئاماژەی بەوەش کرد، بابەتێکی سەرەکی لە پرۆسەی چارەسەری ئەوەیە کە بە ئامانجێکی ستراتیژییەوە گرێدراوە و گوتیشی، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە "جەخت لەوە دەکاتەوە، دەبێت بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و چەکدانان بە ئامانجی یەکبوون لەگەڵ دەوڵەت و کۆمەڵگە بدرێت."
پەرینچەک گوتیشی، دەبێت پرۆسەی چارەسەری سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، "یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی بەرنامەی شۆڕشی نیشتمانیی دیموکراسیمان کە لە نێوەڕاستی سەدەی نۆزدەوە بەردەوامە، یەکخستنی هەموو ئەو کەسانەیە لە خاکی تورکیا دەژین لەنێو نەتەوەی تورکدا. هەربۆیە ناونیشانی رەشنووسی پرۆژە یاسا پێشنیازکراوەکە بەو جۆرە ناودەهێنن کە بریتییە لە لێبووردن و یەکگرتنەوەی ئەندامانی پەکەکە لەگەڵ دەوڵەت و کۆمەڵگە."
سەرۆکی ئەو حیزبە گوتیشی، گرنگە پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە بە کرداری خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، چەک دابنێت و ئەو بابەتەش لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیاوە بە فەرمی پشتڕاست بکرێتەوە.
پەرینچەک رایگەیاند، پێشنیازەکەی لە 15 مادە پێکهاتووە، رەوانەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا و سەرکردایەتیی پارتە سیاسییەکانی دەکات.
پێشنیوەڕۆی رۆژی 11ـی تەممووزی 2025، گرووپێکی گەریلای پەکەکە کە ژمارەیان 30 گەریلا بوو، لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دانا. بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی جێبەجێکاری کەجەکەش یەکێک بوو لەو گەریلایانە.
چەکدانانای سیمبوولیی پەکەکە لە کاتێکدایە، یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن حکومەتی تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر"، لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناو دەبرێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ