رووداو دیجیتاڵ
"بیانییانی ماڵەکەم"، ئەمە بووەتە رۆژەڤی سیاسییەکان و خەڵک لە تورکیا. دەستنیشانکردنی تۆماری کەسانی بیانی لە خانەی ژمارەیەک خێزان لە تۆمارەکانی ماڵپەڕی دەوڵەتی ئەلیکترۆنی کە زانیاریی کەسی و تۆماری نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی تێدا تۆمارکراون، مشتوومڕی ناوەتەوە. وەزارەتی ناوخۆ تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی نەداوە.
توران ئایدۆغان، پەرلەمانتاری جەهەپە دەڵێت، "ئەگەر لەم وڵاتەدا بەگوێرەی ماددەی پێنجی دەستوور هێزە ئەمنییەکان و وەزارەتی ناوخۆ هەن و بەرپرسیارن لە پاراستنی ئاسایشمان، لە ناونیشانەکانمان کەسی زیاد هەبن و لەوە بێ ئاگابن، واتا ئەم وڵاتە بەڕێوەنابەن، ئەگەر ئاگایان لێیە ئەوا هاوبەشی تاوانەکەن. ئێستا ئێوە کامەیان هەڵدەبژێرن؟ یان بڵێن ئاگامان لێی نییە، یان بڵێن ئاگامان لێیە. هەردوو بژاردەکە لە خانەی بەرپرسیارێتیتان دا تۆمار دەکرێت".
پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن نیگەرانن لە ئاسایشی هەڵبژاردن. گوتەبێژی پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی داوای روونکردنەوە لە دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت دەکات.
ئیدریس شاهین، گوتەبێژی پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی گوتی، "لە ئیستەنبووڵ، لە ئیزمیر، لە بورسا، ئەمڕۆش هاووڵاتییەکی نیشتەجێی شاری کۆنیا دەڵێ لە خانەی ماڵەکەیدا لە دەرەوەی ئەندامانی خێزانەکەی دوو کەس تۆمارکراوە. بەڵگە پیشان دەدات، بەڵگە. لەبەرامبەر ئەمەدا دامەزراوەکانی دەوڵەت چی دەکەن؟ هیچ شتێک ناکەن. بەڕێوەبەرایەتیی ناسنامە، بەرپرسیارێتییەکە دەخاتە ئەستۆی فەرمانگەی کۆچ و ئەوانیش دەیخەنە ئەستۆی وەزارەتی ناوخۆ، ناتوانن بەمە خەڵک دەستخەڕۆ بکەن".
بەگوێرەی داتاکانی فەرمانگەی کۆچ کە رۆژی 18ی ئایاری ئەمساڵ بڵاوکراوەتەوە، پێنج ملیۆن و 506 هەزار و 304 هاووڵاتیی بیانی لە تورکیا دەژین.
وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی 19ی ئابی 2022 رایگەیاند، ژمارەی کۆچبەری سووریی نیشتەجێی تورکیا سێ ملیۆن و 646 هەزار و 278 کەسن. وڵاتینامە دراوەتە 211 هەزار کۆچبەری سووریا و لەو ژمارەیە 120 هەزاریان لە هەڵبژاردنەکانی 2023دا مافی دەنگدانیان هەیە.
بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەو بیانییانەی وڵاتینامەیان پێدراوە لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی 2023 دا دەنگ نادەن، پەرلەمانتارێکی جەهەپە چوارشەممەی رابردوو پڕۆژەیاسایەکی پێشکێشی پەرلەمان کرد. داوا دەکەن ئەو بیانییانەی لە تورکیا وڵاتینامەیان وەرگرتووە لە مێژووی وەرگرتنی وڵاتینامەکەوە، لە هەڵبژاردنی یەکەمدا مافی دەنگیان نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ