رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی شەڕی گرووپەکانی سەر بە سوپای عەرەبی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە سووریا دەڵێ، "هەر لایەنێک بە ناوی هەسەدەوە دانوستاندن بکات، بەبێ وەرگرتنی رەزامەندیی قەندیل سەرناگرێت.'' روو لە هەسەدەش دەکات و دەڵێت با چارەسەری کێشەکان لەسەر بنەمای دیپلۆماسی و دیالۆگ بێ .
هاکان فیدان ئەمڕۆ پێنجشەممە 15 ـی کانوونی دووەمی 2026 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە، لەگەڵ نوێنەرانی دەزگە میدیاییە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کۆبووەوە و وەڵامی پرسیارەکانیانی دایەوە.
فیدان، لەبارەی پەیوەندی هەسەدە بە قەندیلەوە و دۆخی گشتیی سووریا و رێککەوتنی 10ـی ئادار رایگەیاند : "پرسی پەیوەندیی هەسەدە بە قەندیلەوە جار جار وەکو زانیارییەکی تازە دۆزراوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بەتایبەتی لەلایەن هاوتا رۆژئاواییەکانەوە، بابەتێکە جێگەی سەرسوڕمانی ئێمەیە، واتە ئەمە زانیارییەکە هێندەی دوو کۆ دوو دەکاتە چوار، روونە. ئێمە هەر لە سەرەتاوە گوتوومانە گەورەترین کێشەمان لەگەڵ هەسەدە هەر ئەمەیە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی کورد لە سووریا دەکات و هیواخوازە بە زووترین رێککەوتنی 10ـی ئادار جێبەجێ بکرێت، جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەش دەبەستێتەوە بە سەقامگیربوونی سووریا .
هاکان فیدان رایگەیاند:" کوردی سووریا بە شێوەیەکی رەسەن کۆببنەوە و بزووتنەوەیەک پێکبهێنن کە تەنیا تایبەت بێت بەخۆیان و چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریا، ئێمە وڵاتێکی شارستانی و پێشکەوتووین. دەزانین کە سنوورەکانی هەندێک وڵات چین پێش ئەوەی کێشە ناوخۆییەکانیان چارەسەر بکەن.''
وەزیری دەرەوەی تورکیا بێ ناوهێنانی پەکەکە باسی پەیوەندی هەسەدە و یەپەگە دەکات لەگەڵ قەندیل و دەڵێت:" درێژکراوەی رێکخراوێک لە سووریا کە لە چوار وڵاتدا پروپاگەندەی هەیە، رێکخستنی هەیە و چالاکیی دەکات، ناوی هەسەدە یان یەپەگە بێت، راستییەکە ئێمە زۆر باش دەیزانین، بۆیە هەرکەسێک بەناوی هەسەدەوە بچێتە دانوستاندن، هەموو لایەک لەوە ئاگادارن بەبێ وەرگرتنی رەزامەندیی قەندیل، ئەوە جێبەجێ نابێت."
فیدان پێی وایە ئەو پرسە کارەکان ئاڵۆز دەکات، بەڵام جەخت لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادار دەکاتەوە کە لەنێوان مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا واژۆکرا .
وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی دۆخی حەلەب دەڵێت:" لە رابردوودا لەبارەی حەلەبیشەوە هۆشداریمان دا،چووینە سووریا و گوتمان دەبێت ئەم کێشانە نەمێنن، بابەتەکە نەگاتە ئاستی بەکارهێنانی هێز،ئێستا پرسی چۆڵکردنی ئەو شوێنانەی لە رۆژئاوای فورات بەتایبەتی دوای 28ی کانوونی یەکەمی 2018 داگیرکراون وەکو نیشانەیەکی نیازپاکی و کشانەوەی هێزەکان بۆ رۆژهەڵات هەیە،. واتە ئەم فیلمە دووبارە و سێبارە دەبێتەوە، ئێمە لە عەفرین و سەرێکانییەوە، لە تەل رەفعەتەوە، لە حەلەب، هەمیشە هەمان یاری دەبینین، واتە دەچین و دەڵێین، 'سەیرکەن، مانەوەتان لێرە نایاساییە، نابێت ئەم پێکهاتانە، ئەم هێزانە بەم شێوەیە بن.' وەڵام نییە. بەرگری دەکەن. دواتر هێز بەکاردەهێنرێت، پاشەکشە دەکەن، واتە پێویستە ئیدی لەم شێوازە دەربچن".
وەزیری دەرەوەی تورکیا روو لە هەسەدە دەکات و دەڵێت:" ئەگەر بەڕاستی دەیانەوێت نیازپاکی پێشان بدەن، پێویستە ئیدی بچنە ناو تەکنیکێکی چارەسەرکردنی کێشەکانەوە کە لەسەر بنەمای دیپلۆماسی و دیالۆگ بێت .
باسی هەڵوێستی وڵاتەکەشی کرد لەبارەی سووریا و مافی کورد لەو وڵاتە و دەڵێت:" ئێمە دەمانەوێت سەقامگیری لە سووریا هەبێت، دەمانەوێت کوردانی سووریا خۆشگوزەران و ئارام بن. واز لە عێراق و بابەتەکانی دیکە بهێنن، بەڵام دەزانین بابەتەکە بەم شێوەیە نییە، هیواخوازین وابێ، بابەتێکە زۆر لە نزیکەوە چاودێریی دەکەین. هیوادارین بە رێگەی ئاشتییانە چارەسەر بکرێ".
قسەکانی هاکان فیدان لە کاتێکدایە، بەپێی زانیاری هێزەکانی سووریای دیموکرات، سوپای عەرەبی سووریا هێزی لە دەوروبەری دێر حافر کۆکردووەتەوە و رێڕەوێکی مرۆییشی کردووەتەوە بۆ دەرچوونی خەڵک لەو ناوچانە، داوا دەکات هەسەدە بکشێتەوە رۆژهەڵاتی فورات، بەڵام هەسەدە دەڵێت بەرگری لە ناوچەکان دەکات و ئامادەنییە ئەو ناوچانە بۆ گرووپە چەکدارەکان چۆڵ بکات .
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ