رووداو دیجیتاڵ
شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، دوای سەردانێکی بۆ گرتووخانەی ئیمرالی لە 16ی شوباتی 2026، پەیامێکی نوێی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی لە ساڵیادی (بانگەوازی 27ی شوبات بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی) بڵاوکردەوە.
کۆتاییهاتنی سەردەمی چەک
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، بانگەوازی 27ی شوبات، راگەیاندنی ئەو راستییەیە کە لە هەر شوێنێک سیاسەتی دیموکراسی هەبێت، چەک بێمانا دەبێت.
لە پەیامەکەدا هاتووە، "توانیمان قۆناخێک تێپەڕێنین. ئەو قۆناخەی جێمانهێشت، سەلماندی کە ئێمە خاوەن هێز و توانای گفتوگۆین بۆ گۆڕینی سیاسەتی تووندوتیژی بۆ سیاسەتی دیموکراسی و تێکەڵبوون."
ئۆجەلان باس لەوە دەکات کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەیی و کۆتاییهێنان بە ستراتیژیی خەباتی چەکداری، تەنیا هەنگاوێکی ئاسایی نییە، بەڵکو "پاکبوونەوەی هۆشە لە تووندوتیژی" و راگەیاندنی ئاشتییە لەگەڵ کۆماردا.
دەستخۆشی لە ئەردۆغان، باخچەلی و ئۆزەل
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا ئاماژە بە رۆڵی لایەنە سیاسییەکانی تورکیا دەکات و دەڵێت، "هەوڵەکانی بەڕێز ئەردۆغان، بانگەوازەکەی بەڕێز باخچەلی و بەشدارییەکەی بەڕێز ئۆزەل و هەموو ئەو کەسایەتی و دامەزراوە مەدەنییانەی بەشداربوون لە سەرخستنی پرۆسەکە، بەرز دەنرخێنم."
ئۆجەلان بە ڕێزەوە باس لە رۆڵی "سڕی سورەییا ئۆندەر"یش دەکات.
دوای 18 رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەیەکی ئیستەنبووڵ، سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی، کە هاوکات شاندی دەم پارتی بوو بۆ دیدارەکانی ئیمرالی، کاژێر 04:10ی ئێوارەی 03-05-2025 کۆچی دواییکرد.
پەیوەندیی کورد و تورک و "کۆماری دیموکراسی"
ئۆجەلان لەبارەی پەیوەندیی نێوان هەردوو نەتەوەی کورد و تورک دەڵێت، "کورد بێ تورک و تورک بێ کورد نابێت. بانگەوازی ئێمە بۆ زیندووکردنەوەی گیانی یەکێتیی کورد و تورکە و داواکارییەکە بۆ دامەزراندنی کۆماری دیموکراسی."
عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئاماژە بەوەش دەکات کە دەبێت رێگری لەو میکانیزمە بگیرێ کە تەنیا لە خوێن و جەنگەوە هێز وەردەگرێت.
قۆناخی بنیاتنانی ئەرێنی
رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە داوا دەکات لە قۆناخی "نەرێنی"یەوە بەرەو قۆناخی "بنیاتنانی ئەرێنی" هەنگاو بنرێت.
ئۆجەلان دەڵێت، "ئامانج لە بنیاتنان، کۆنترۆڵکردنی دامەزراوەکان نییە، بەڵکو گەیشتنی تاکە بەو بەرپرسیارێتییەی کە بتوانێت رۆڵی هەبێت لە بنیاتنانی کۆمەڵگەدا."
رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە هەروەها داوا دەکات دەوڵەت یاسای تایبەت بە ئاشتی ئامادە بکات.
هاووڵاتیبوون و پرسی ژن
لە تەوەرێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ئۆجەلان باس لە پرسی هاووڵاتیبوون دەکات و دەڵێت، "نابێت هاووڵاتیبوون لەسەر بنەمای نەتەوە بێت، بەڵکو دەبێت لەسەر بنەمای پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەت بێت. ئێمە باوەڕمان بە هاووڵاتییەکی ئازاد هەیە کە لە ئایین، نەتەوە و بیرکردنەوەیدا ئازاد بێت."
سەبارەت بە ژنانیش، ئۆجەلان دەڵێت، "ژن هێزێکی سەرەکیی کۆمەڵگەیە و هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی ژن بەردەوام بێت. تووندوتیژیی خێزانی و کوشتنی ژنان، پاشماوەی ئەو هێرشە مێژووییەیە کە بۆ کۆیلەکردنی ژن دەستیپێکردووە، بۆیە ژنان بزوێنەری سەرەکیی پرۆسەی دیموکراسین."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئۆجەلان باس لەوە دەکات کە دیموکراسی تەنیا چارەسەرە بۆ قەیرانەکانی تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داوا دەکات زمانێکی گفتوگۆ بەکاربهێندرێت کە دوور بێت لە فەرماندان و دەسەڵاتخوازی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ