رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێ، راپۆرتی کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد تەواوکراوە.
لە کۆبوونەوەی لەگەڵ پارێزگاران کە دوای نیوەڕۆی چوارشەممە 18-2-2026 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێکی پیشکێشکرد.
لە بەشێکی گوتارەکەیدا ئەردۆغان پێداگریی حکومەتی بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری دووپات کردەوە و گوتی:"سەرەڕای هێزەکانی تاریکی کە دەیانەوێ پرۆسەکە لەبارببەن، 16 مانگە بە هەستیارییەکی زۆر و سەرکەوتنەوە پرۆسەکە بەڕێوەدەبەین. دامەزراوە پەیوەندیدارەکانمان ئەرکەکانی خۆیان بە بایەخەوە و بە هاوئاهەنگی جێبەجێ دەکەن".
یەکێک لە بابەتە پەیوەندیدارەکان بە پرۆسەی چارەسەری، پرسی سووریا و رۆژئاوای کوردستانە.
ئەردۆغان لەمبارەیەوە گوتی:"کێشەی باکووری سووریا، پشتیوان بە خودا بە ئاسانی چارەسەر دەبێت و بەردەممان واڵاتر دەبێت. ئێمە وەک تورکیا، بۆ بەدیهێنانی ئەمە لە چوارچێوەی برایەتی و دراوسێیەتی، بەردەوام دەبین لە پشتیوانیی پێویست. هەروەک دەزانن کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە لە پەرلەمان پێکهێنراوە، ئەمڕۆ راپۆرتەکەی تەواوکرد".
راپۆرتی هاوبەشی کۆمیسیۆنی پاڵپشتی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی پەرلەمانی تورکیا، کە پێشنیازی لایەنە سیاسییەکانی سەبارەت بە پڕۆسەی چارەسەریی پرسی کورد لەخۆگرتبوو بە 47 دەنگی "بەڵێ" پەسند کرا. ئەحمەد شک لە پارتی کرێکارانی تورکیا و ئەسکەندەر بایهان لە پارتی رەنج، دەنگی "نەخێر"یان دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ