لە تورکیا و باکووری کوردستان نرخی سەموون 16٪ گران کرا

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە تورکیا و باکووری کوردستان نرخی سەموونی 200 گرامی بە رێژەی 16.66٪ گران کرا و لە 15 لیرە (34 سەنت) بۆ 17.50 لیرە (39 سەنت) بەرزکرایەوە.
 
خەلیل ئیبراهیم باڵجی، سەرۆکی فیدراسیۆنی نانەواخانەکانی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە یەکی نیسانی 2026 رایگەیاند، نرخی سەمونی 200 گرامی گۆڕدراوە و لە 15 لیرە (34 سەنت) بۆ 17.50 لیرە (39 سەنت) بەرزکراوەتەوە.
 
خەلیل ئیبراهیم باڵجی گوتی: "لە ئەمڕۆوە لە زۆر لە شارەکانمان نرخی سەموون گران کرا. ناچاربووین نرخی سەموونی 200 گرامی بۆ 17.50 لیرە بەرزبکەینەوە." بەمشێوەیە نرخی سەموون بە رێژەی 16.66٪ گران بوو.
 
باڵجی لە مانگی کانوونی دووەمی 2024 رایگەیاندبوو کە تاوەکو مانگی ئابی 2024 نرخی نان گران ناکەن، بەڵام گرژییەکانی ئەم دواییەی ئێران و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گاز کاریگەریی نەرێنی لەسەر خەرجییەکان کردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە