رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەم پارتی رەخنە لە زمانی نووسینی راپۆرتی هاوبەشی کۆمیسیۆنی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری دەگرێت و رایدەگەیێنێت، "زمانی کۆن" کێشەی کورد چارەسەر ناکات؛ جەختیش دەکاتەوە کە دەبێت لە سەدەی دووەمی کۆماردا، تورکیا لە قاڵبەکانی سەدەی رابردوو رزگاری بێت.
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا هەڵسەنگاندنی بۆ راپۆرتی هاوبەشی "کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" کرد و ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە گەڕان بەدوای چارەسەردا هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام راپۆرتەکە خاڵی لاوازی تێدایە.
"زمانی کۆن چارەسەر ناهێنێت"
ئایشەگوڵ دۆغان رەخنەی لە بەکارهێنانی هەندێک چەمک گرت لەنێو راپۆرتەکەدا و گوتی: "پێویست بوو لەبری پێناسەکانی وەک 'تورکیای بێ تیرۆر' و 'بەڵای تیرۆر'، نزیکبوونەوەیەکی نوێ هەبووایە؛ پرسی کورد ساڵانێکە بەم زمانە چارەسەر نەکراوە."
گوتەبێژی دەم پارتی جەختی لەوە کردەوە، ئەوان ئەم پرۆسەیە وەک "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" دەبینن و پێویستە دەسەڵاتیش گۆڕانکاری لە زمانی سیاسیی خۆیدا بکات.
یەکێکی دیکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی قسەکانی دۆغان، پرسی زمانی کوردی بوو. ئەو ئاماژەی بەوە کرد، لە راپۆرتەکەدا مافی زمانی دایک فەرامۆش کراوە و گوتی: "دوای زمانی تورکی، کوردی ئەو زمانەیە کە زۆرترین قسەی پێ دەکرێت لەم وڵاتەدا، کەچی هێشتا لە کۆنووسەکانی پەرلەماندا وەک 'زمانی X' دەنووسرێت."
دۆغان داوای کرد لە داهاتوودا هەنگاوی کردەیی بنرێت بۆ بەکارهێنانی زمانی کوردی لە ناوەندە گشتییەکاندا و پرسیاری ئەوەی کرد: "ئەگەر برایەتیی کورد و تورک لە قاڵبە تەسکەکاندا نامێنێتەوە، ئەی بۆچی ئەم راپۆرتە بەم قاڵبە تەسکە نووسراوە؟"
تاقیکردنەوەی جێبەجێکردن
دەم پارتی پێیوایە جێبەجێکردنی پێشنیازەکانی راپۆرتەکە، بەتایبەت بڕگەی حەوتەم، تاقیکردنەوەیەکی راستەقینەیە بۆ حکومەت. ئایشەگوڵ دۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە بڕیارەکانی دادگەی دەستووری و دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێ بکرێن، دۆخی زیندانیانی نەخۆش چارەسەر بکرێت و کۆتایی بە سیستەمی "قەیوم" بهێنرێت.
هەوڵەکان بۆ ئاشتی
گوتەبێژی دەم پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی بۆ "تەوقەکردن" و پەیامەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ ئاشتی و دانانی چەک، وزەیەکی نوێیان بەم پرۆسەیە بەخشیوە. هیوایشی خواست پارتی کرێکارانی تورکیا (TİP) و پارتی رەنج (EMEP)یش بێنە ناو پرۆسەکە و واژۆ لەسەر رێگەی چارەسەری بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ