پەرلەمانتارێکی ئۆپۆزیسیۆن بۆ رووداو: هەڵوێستی باخچەلی هۆشدارییە بۆ حکومەت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
پەرلەمانتارێک دەڵێت، باخچەلی سوورە لەسەر پرۆسەکە
پەرلەمانتارێک دەڵێت، باخچەلی سوورە لەسەر پرۆسەکە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا راپۆرتی کۆتایی خۆی لە بارەی پرۆسەی ئاشتی پەسند کرد کە تێیدا "مافی هیوا" بۆ زیندانییانی هەتاهەتایی و گۆڕانکاری لە دانانی "قەییوم"ـدا خراوەتەڕوو. پەرلەمانتارێکی ئۆپۆزیسیۆنیش بە رووداوی راگەیاند، سووربوونی باخچەلی لەسەر پرۆسەکە "هۆشدارییە بۆ حکومەت."
 
کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی لە پەرلەمانی تورکیا، لە 21ـەمین کۆبوونەوەی خۆیدا راپۆرتی کۆتایی لەبارەی پرۆسەی ئاشتییەوە لە 60 لاپەڕەدا پەسند کرد. راپۆرتەکە بە دەنگی "بەڵێ"ـی 47 پەرلەمانتاری ئاکپارتی، مەهەپە، جەهەپە، دەم پارتی و پارتی رێگەی نوێ (لەگەڵ ئاییندە) پەسند کرا.
 
لە بەرامبەردا، پارتی کرێکارانی تورکیا (TİP) و پارتی رەنج (EMEP) دەنگی "نەخێر"یان دا و تورکان ئەلچی، پەرلەمانتاری جەهەپە (هاوژینی تاهیر ئەلچی) دەنگی نەدا.
 
کانی تۆڕوون، پەرلەمانتاری پارتی ئاییندە (گەلەجەک) لە بازنەی بوڕسا، ئەمڕۆ چوارشەممە 18-02-2026، لەبارەی پەسندکردنی راپۆرتەکە و پشتگیریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ پرۆسەکە، بە رووداوی راگەیاند، هەڵوێستی سازشنەکردنەکەی باخچەلی بۆ بەردەوامیی پرۆسەکە گرنگە و گوتی: "بەڕێز باخچەلی داکۆکی لە پرۆسەکە و سووربوونی خۆی لەسەر پرۆسەکە دووپات دەکاتەوە. پێموایە ئەمەش هۆشدارییەکە بۆ دەسەڵات (حکومەت)، چونکە لە کۆتاییدا هاوبەشی دەسەڵاتە. رایگەیاندووە کە پرۆسەکە بەردەوام دەبێت و هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی ئەنجامی هەبێت."
 
لە راپۆرتەکەدا کە پێشکێشی ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمان دەکرێت، چەند خاڵێکی هەستیار و گرنگی تێدایە، لەوانە:
 
مافی هیوا (بۆ ئۆجەلان): هەرچەندە راستەوخۆ ناوی عەبدوڵڵا ئۆجەلان نەهێنراوە، بەڵام بە پشتبەستن بە بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا، باس لەوە کراوە "مافی هیوا" کە پەیوەستە بە دۆخی ئەو کەسانەی سزای زیندانیی هەتاهەتایی قورسیان هەیە، پێویستە لە چوارچێوەی دادپەروەریی جێبەجێکردنی سزادا هەڵبسەنگێندرێت.
 
رێکخستنەوەی قەییوم: پێشنیاز کراوە لەکاتی دوورخستنەوەی سەرۆکی شارەوانییەک، سەرۆکی نوێ لە رێگەی دامەزراندنەوە (قەییوم) نەبێت، بەڵکو لەنێو ئەنجوومەنی شارەوانییەوە هەڵبژێردرێت.
 
پارێزبەندیی یاسایی: پێشنیاز کراوە ئەو کەسانەی لە پرۆسەی ئاشتیدا ئەرکیان بینیوە، پارێزبەندیی یاساییان بۆ دابین بکرێت.
 
لە بەشی شەشەمی راپۆرتەکەدا هاتووە، هەستیارترین قۆناخ "چەکدانانی تەواوەتیی پەکەکە"یە. پێشنیاز کراوە کە لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی چەکدانان، "رێکخستنێکی یاسایی سەربەخۆ و کاتی" بۆ تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە بەنێو کۆمەڵگەدا بکرێت، بەڵام جەختکراوەتەوە کە نابێت وەک "لێبووردنی گشتی" لێکبدرێتەوە.
 
سەرەڕای ئەوەی دەم پارتی دەنگی "بەڵێ"ـی داوە، بەڵام تێبینیی لەسەر بەکارهێنانی دەستەواژەکانی وەک "تیرۆر" و "رێکخراوی تیرۆریستی" هەبووە و رایانگەیاندووە: "ئەم جۆرە دەستەواژانە لە زمانی چارەسەرییەکی گشتگیرەوە دوورن."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە