پەرلەمانتارێکی دەم پارتی: دەبووایە راپۆرتی کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری رەتبکەینەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی لە بازنەی وان رەخنەی تووند لە راپۆرتی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا دەگرێت و دەڵێت، راپۆرتەکە پرسی کورد تەنیا لە روانگەی "تیرۆریزم"ـەوە دەبینێت؛ جەختیش دەکاتەوە کە دەبوو پارتەکەی دەنگی "نەخێر"ی بەو راپۆرتە بدایە.
 
سینان چفت یورەک، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، رۆژی پێنجشەممە 19ـی شوباتی 2026، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، هەڵوێستی خۆی بەرامبەر راپۆرتی "کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" راگەیاند، کە تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد.
 
چفت یورەک ئاماژەی بەوە کرد، لە راپۆرتەکەدا هیچ باسێک لە پرسی "پەروەردە بە زمانی کوردی" نەکراوە، هەروەها داواکاری بۆ گۆڕینی مادەکانی 42 و 66ـی دەستووری تورکیا (کە تایبەتن بە زمانی پەروەردە و پێناسەی هاووڵاتیبوون) پشتگوێ خراون.
 
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی نووسیویەتی: "لە راپۆرتەکەدا زۆر جار باسی 'دەوڵەت، ئاسایش و تیرۆریزم' کراوە، بەڵام باسی کورد، وڵاتەکەیان کوردستان و داواکارییە سیاسییەکانی گەلی کورد نەکراوە!"
 
سەبارەت بە چەمکی "برایەتی" کە لە راپۆرتەکەدا جەختی لێکراوەتەوە، سینان چفت یورەک پرسیاری ئەوە دەکات: "چۆن دەتوانن برایەتی بەهێز بکەن ئەگەر بوونی کورد لە دەستووردا قبووڵ نەکەن؟ کاتێک بە فەرمی دان بە کورددا نەنرێت، چۆن ئەو برایەتییە پێکدێت؟"
 
چفت یورەک پێیوایە دەم پارتی لەبری ئەوەی تەنیا تێبینی لەسەر راپۆرتەکە بنووسێت، دەبوو بە تەواوی رەتی بکردایەتەوە و دەڵێت: "ئەگەر پرۆسەکە تەنیا وەک کێشەیەکی تیرۆریزم ببینرێت و مافی زمانی دایکی تێدا نەبێت، ئەو کاتە چی دەمێنێتەوە مرۆڤ بڵێت بەڵێ؟ هیچ شتێک!"
 
ئەم کاردانەوەیەی پەرلەمانتارەکەی وان دوای ئەوە دێت، رۆژی چوارشەممە 18ـی شوباتی 2026، کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی و برایەتی بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆبووەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا راپۆرتی هاوبەشی لایەنەکان بە زۆرینەی دەنگ پەسند کرا، کە دەم پارتیش تێیدا بەشدار بوو.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پەرلەمانتارێک دەڵێت، باخچەلی سوورە لەسەر پرۆسەکە

پەرلەمانتارێکی ئۆپۆزیسیۆن بۆ رووداو: هەڵوێستی باخچەلی هۆشدارییە بۆ حکومەت

کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا راپۆرتی کۆتایی خۆی لە بارەی پرۆسەی ئاشتی پەسند کرد کە تێیدا "مافی هیوا" بۆ زیندانییانی هەتاهەتایی و گۆڕانکاری لە دانانی "قەییوم"ـدا خراوەتەڕوو. پەرلەمانتارێکی ئۆپۆزیسیۆنیش بە رووداوی راگەیاند، سووربوونی باخچەلی لەسەر پرۆسەکە "هۆشدارییە بۆ حکومەت."