رووداو دیجیتاڵ
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەبارەت بەو رێککەوتنەی لە سووریا لەنێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) واژۆ کراوە، رایگەیاند:"ئیمە وەک تورکیا، هەرچەندە لەسەر هەندێک بابەت تێبینیمان هەیە، بەڵام وەلایان دەنێین و پشتگیریکردن لەو کۆدەنگییەی هاتووەتە ئاراوە، وەک سیاسەتێکی لەپێشینە هەڵدەبژێرین."
وەزیری دەرەوەی تورکیا رۆژی سێشەممە 20-1-2026 بەر لە دەستپێکردنی چوارەمین کۆبوونەوەی لووتکەی ستراتیجیی هاوبەشی نێوان تورکیا و ئۆزبەکستان قسەی لەسەر دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان کرد.
فیدان پشتگیریی ئەنقەرەی بۆ رێککەوتنی 18ی کانوونی دووەمی نێوان هەسەدە و دیمەشق راگەیاند و گوتی:"زۆر گرنگە جێبەجێ بکرێ و هەوڵی بۆ بدرێ".
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئەوان وەک چۆن پشتگیرییان لە رێککەوتنی 10ی ئادار کرد، بە هەمان شێوە پشتگیری لە رێککەوتنی 18ی کانوونی دووەم دەکەن و گوتی: "بابەتی سەرەکی لای ئێمە، هەبوونی رێککەوتنە. دوای ئەوەی لایەنەکانی سووریا بە ویستی خۆیان رێککەوتنێکیان قبووڵ کرد، ئێمە وەک تورکیا تێبینییەکانمان وەلا دەنێین و پشتگیرییان دەکەین."
فیدان لەبارەی مەرسوومەکەی ئەحمەد شەرع بۆ پێدانی ماف بە کوردی رۆژئاوای کوردستان و سووریا گوتی: "ئەو مەرسوومەی پێش رێککەوتنەکە لەلایەن ئەحمەد شەرع دەرکرا، یەکجار گرنگە بۆ پێدانی ماف بە برا کوردەکانمان کە ساڵانێکی زۆر لە سەردەمی ئەسەد بێبەش کرابوون".
فیدان گوتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پێش خۆپیشاندانی ساڵی 2011 داوای لە بەشار ئەسەد کردبوو مافی هاووڵاتیبوون بە کورد بدات و بە گشتی مافیان دابینبکات.
وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی کردەوە، لەوکاتەدا وەکو نێردەی تایبەت چەندین جار هاتوچۆی سووریای کردووە ئەو بابەتەی باسکردووە.
لەکاتێکدا ئێستا هێزەکانی سەر بە دیمەشق بەردەوامن لە هێرش بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە، هاکان فیدان دەڵێ:"مەرسوومەکەی ئەحمەد شەرع بۆ مسۆگەرکردنی مافە کولتوورییەکان و بۆ ئەوەی هاووڵاتییان هەست بە ئاسایش بکەن، زۆر گرنگە."
هاکان فیدان رایگەیاند، جێبەجێکردنی رێککەوتنی 18ی کانوونی دووەم بۆ یەکپارچەیی خاکی سووریا رۆڵیکی گەورە دەگێڕێ و گوتی: "بە نیگەرانییەکی زۆرەوە سەیری ئەو یارییە دەکەین کە بە ناوی داعشەوە دەکرێ. تورکیا لە شەڕی داعشدا هەمیشە لە ریزی پێشەوە بووە و لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریاش بە گیانێکی هاوکارییەوە بەردەوام دەبێت."
فیدان راشیگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا کۆبووەتەوە و باراک زانیاریی لەسەر کۆبوونەوەکانی دوێنێی دیمەشق پێداوە.
هاکان فیدان گوتی: "دوێنێ پێشهاتی گرنگ هەبوون. تۆم باراک لەگەڵ هەردوو لایەن کۆبووەوە و دواتر هەر سێ لایەنەکە (هەسەدە، ئیدارەی شام و ئەمریکا) پێکەوە لە دیمەشق کۆبوونەوە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، لە بابەتی سووریادا وڵاتەکەی لە گێڕانی رۆڵی بونیادنەرانەی خۆی بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ