رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە نێو پەرلەماندا رێپێوانیان کرد و پەیامی خۆیان لەبارەی بودجەی ساڵی 2022 ئاراستەی دەسەڵات کرد.
ئەو پەرلەمانتارانەی هەدەپە بەر لە کۆبونەوەی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی تورکیا چەند تابلۆیەکیان لە شێوەی دروشم بەرزکردەوە و رێپێوانیان کرد. لە تابلۆکاندا ئەمانەیان نووسیبوو؛ "بودجە بۆ خەڵک نەک بۆ کۆشک"، "بودجە بۆ خەڵک نەک بۆ لایەنگرانتان"، "ئەمە بودجەی نوێی کۆشکە"، "بودجە با بۆ خەڵک بێت نەوەک جەنگ".
لە رێپێوانەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتاران بەشدارییان کرد و گارۆ پایلان، پەرلەمانتاری هەدەپە، کە هاوکات نوێنەری هەدەپەیە لە لیژنەی ئابووریدا گوتی: "ئەم بودجەیە نوێکردنەوەی بودجەی کۆشکە. ئەو بودجەیەی لە کۆشکەوە دیاریدەکرێت، بودجەی کۆشک، لایەنگرانی خۆیان و بودجەی جەنگە".
پایلان هەروەها باسی لەوە کرد لە ماوەی رابردوودا 25 رۆژ بە جددی کاریان لەسەر بودجە کردووە و ئێستا لە ئەنقەرەن، گوتیشی:"دەبینین گەلەکەمان لە نێو نەبوونییەکی قووڵدان، گەنجانمان لە نێو بێهیوییەکی قووڵدان، ئێمە گوێمان لە خانەنشینان، زەحمەتکێشان و هەژاران گرت".
ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە کە بە رەچەڵەک ئەرمەنە و لە کاتی شەڕی ئەرمینیا و ئازەربایجانیشدا دژایەتیی خۆی بەرامبەر حکومەتی تورکیا نیشاندا بەوەی هاوکاریی سەربازیی ئازەرییەکانی دەکرد، لەبارەی تەرخانکردنی بودجە بۆ وەزارەتی بەرگری گوتی:"نزیکەی 5-6 ساڵە رووبەڕووی بودجەی جەنگ دەبینەوە. داهات دەدرێتە لایەنگرانی ئەوان و جەنگ. ئەم بودجەیە وەڵامی داواکاریی خەڵکی تێدا نییە. ئەم بودجەیە لە کۆشک دانراوە و تەنیا رەچاوی ئەوە کراوە کە پارێزگاری لە بەرژەوەندیی 1٪ بکرێت. ئێمە وەکو هەدەپەییەکان بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوە".
ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی پێشنیازەیاسای ئامادەکراو مووچەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا زیادکراوە کە ئەمەش بووەتە جێی رەخنەی بەشێک لە ئۆپۆزسیۆن.
ئۆزگور ئۆزێل، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە تویتێکدا باسی لەو زیادبوونەوەی مووچەی سەرۆککۆماری تورکیا کردووە و نووسیوێتی: "بەپێی ئەو پێشنیازەیاسایەی پێشکێش بە پەرلەمانی تورکیا کراوە، تەیب ئەردۆغان مووچەی خۆی بە 14.4٪ زیادکردووە و گەیاندوێتییە 100 هەزار لیرە کە ئەمە ژمارەیەکی پێوانەییە".
ئۆزێل ئاماژەیکردووە: "کەیف و خۆشی بەر کۆشکی کۆماری دەکەوێت و هەژاری و نەبوونیش بەر هاووڵاتیان دەکەوێت.
هەر لە تویتەکەیدا ئۆزگور ئۆزێل، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە خشتەیەکی بڵاوکردووەتەوە و لەسەری نووسیوە (مووچەی مانگانەی سەرۆککۆماری تورکیا) کە بەمجۆرەیە:
ساڵی 2018 - 59 هەزار لیرە
ساڵی 2019 - 75.500 لیرە
ساڵی 2020 - 81 هەزار و 250 لیرە
ساڵی 2021 - 88 هەزار لیرە
ساڵی 2022 - 100 هەزار لیرە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ