دەم پارتی، جەهەپە و سەرلەنوێ رەفاهـ تاوتوێی پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ پرۆسەی چارەسەری دەکەن

21-05-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەگەڵ هەریەک لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ کۆبووەوە و دوایین پێشهاتەکانیان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری تاوتوێکرد.
 
رۆژی سێشەممە 20ی ئایاری 2025 شاندێکی دەم پارتی کە لە تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی پارتەکە و گوڵستان کڵچ کۆچیغیت و سەزایی تەمەللی، بریکارانی سەرۆکی پارتەکە پێکهاتبوون، سەردانی جەهەپە و سەرلەنوێ رەفاهیان کرد.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی دەم پارتی، لە کۆبوونەوەکاندا وێڕای بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە لەبارەی کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوە، باسی دوایین پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەیش لەبارەی پرۆسەی چارەسەری کراوە.
 
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان دەڵێت، لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ پارتەکانی جەهەپە و سەرلەنوێ رەفاهـ، باسیان لە دەستپێشخەرییەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک لە پەرلەمانی تورکیا بۆ پرۆسەی چارەسەری کردووە.
 
نوعمان کورتولمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رۆژی 19ی ئایاری 2025 لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، دوای خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە، کار بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک لە پەرلەمان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دەکرێت.
 
دەم پارتی دەشڵێت، لە درێژەی گفتوگۆ و سەردانەکانیان لەبارەی پرۆسەکە، رۆژی 23ی ئەم مانگە سەردانی پارتی ئاییندە دەکەن و لە رۆژانی داهاتووشدا لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی دیکە کۆدەبنەوە.
 
لە 1ی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
 
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی بۆ ئەم مەبەستە تاوەکو ئێستا پێنج جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە و پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی راگەیاندووە.
 
ئۆجەلان 27ی شوباتی ئەم ساڵ، داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە