رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی دوایین راپۆرتی بانکی جیهانی کە تایبەتە بە خواردنی نان و سەموون، تورکیا بە جیاوازییەکی زۆر، یەکەمینی جیهانە و هیندستانیش کەمترین نان دەخوات.
تورکیا بە 199.6 کیلۆگرام لە لووتکەدایە
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەبارەی جۆرەکانی خۆراک لە جیهاندا کراوە؛ لە تورکیا و باکووری کوردستاندا هەر تاکێک ساڵانە بە تێکڕا 199.6 کیلۆگرام نان دەخوات.
بەم بڕەش تورکیا یەکەمی ریزبەندییەکەیە. دوای ئەو، وڵاتی سڕبیا بە 135 کیلۆگرام لە پلەی دووەم و بولگاریا بە 131.1 کیلۆگرام لە پلەی سێیەمە.
ئامارەکانی بەکاربردن لە ئەورووپا و جیهان
لە راپۆرتەکەدا جیاوازییەکی روون لە نێوان وڵاتاندا دەبینرێت. لە دوای وڵاتانی بەڵقان، ئۆکراینا بە 88 کیلۆگرام و قوبرس بە 74 کیلۆگرام دێن. لە وڵاتانی رۆژاوا و باکووری ئەورووپادا ئاستی بەکاربردن کەمترە؛ بۆ نموونە لە ئەڵمانیا ساڵانە 57 کیلۆگرام، لە فەرەنسا 50 کیلۆگرام و لە ئیتاڵیا 44 کیلۆگرام بۆ هەر کەسێک تۆمار کراوە.
لە کۆتایی لیستەکەدا ئەو وڵاتانەی ئاسیا و ئەمریکای باشوور دێن کە بەکارهێنانی نان تێیاندا سنووردارە.
لە وڵاتی چین هەر تاکێک ساڵانە 5.83 کیلۆگرام نان دەخوات، کەمترین ئاستی بەکاربردنی نان لە هیندستان تۆمار کراوە کە تەنیا 1.75 کیلۆگرامە بۆ هەر کەسێک.
بازاڕی نانی جیهان دەگاتە 533 ملیار دۆلار
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا ئاماژە بە لایەنی ئابووریی بەرهەمهێنانی نان دراوە. بەپێی پێشبینییەکان بۆ ساڵی 2025، داهاتی بەرهەمهێنانی نان لە جیهاندا ساڵانە 6.25% بەرزدەبێتەوە و پێشبینی دەکرێت قەبارەی بازاڕەکە بگاتە 533.4 ملیار دۆلار.
بڕی بەکارهێنانی ساڵانە لە چەند وڵاتێکدا:
ئەرجەنتین: 72 کیلۆگرام
یۆنان، پۆڵەندا و دانیمارک: 70 کیلۆگرام
رووسیا و سوید: 54 کیلۆگرام
بەریتانیا: 37 کیلۆگرام
ژاپۆن: 28.30 کیلۆگرام
ئەمریکا: 17 کیلۆگرام
بەڕازیل: 2.88 کیلۆگرام
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ