دەم پارتی: سەردانی سووریا دەکەین و لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان کۆدەبینەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەبارەی راپۆرتەکانی ئاکپارتی، جەهەپە و مەهەپە سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد قسەی کرد و ئاماژەی بەوەش کرد، پلانیان هەیە سەردانی سووریا بکەن و لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان کۆببنەوە.
 
شەوی رابردوو تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە بەرنامەیەکی راستەوخۆدا بەشداری کرد و لەبارەی راپۆرتی لایەنە سیاسییەکانی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری، پێشهاتەکانی دیکەی پرۆسەکە، قۆناخەکانی کاری کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیستمانی، برایەتی و دیموکراسی قسەی کرد. 
 
تونجەر باکرهان لەبارەی راپۆرتەکەی ئاکپارتی کە پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کردووە، گوتی: "بایەخ بەم راپۆرتە دەدەم، چونکە بۆ یەکەمجارە ئاکپارتی پەیوەندیی نێوان دیموکراسی و پرسی کورد دادەنێ. پێشتر گوتاریان تەنیا کۆتاییهێنان بە تیرۆر بوو، بەڵام لەم راپۆرتەدا هاتووە کە پرسی کورد تاقیکردنەوەی تورکیایە لەگەڵ خودی خۆی. ئەمە دەستنیشانکردنێکی گرنگە، هەرچەندە راپۆرتەکە وەک ئەوە نییە کە ئێمە دەمانەوێ و هێشتا بۆشایی تێدایە." 
 
تونجەر باکرهان رەخنەی لە هەڵوێستی مەهەپە و جەهەپە گرت. سەبارەت بە مەهەپە گوتی: "لەو 120 لاپەڕەیەی مەهەپە نووسیویەتی، 100 لاپەڕەی باس لەوە دەکات کە پرسی کورد نییە! ئەمە لەگەڵ قسە و هەڵوێستە بوێرەکانی ئەمدواییەی باخچەلی یەکناگرێتەوە." 
 
سەبارەت بە جەهەپەش، باکرهان نیگەرانیی خۆی دەربڕی و گوتی: "جەهەپە پرسی کوردی خستووەتە ناو کۆمەڵێک کێشەی جۆراوجۆرەوە. لە 53 لاپەڕەدا تەنیا یەک دوو لاپەڕەی بۆ پرسی کورد تەرخان کردووە و کێشە تەکنیکییەکانی وەک تەندەری گشتی لەگەڵ پرسی کورد تێکەڵ کردووە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە بە جیدی مامەڵە لەگەڵ بابەتەکە ناکەن."
 
باکرهان ئەو دەنگۆیانەی رەتکردنەوە کە باس لەوە دەکەن پرۆسەکە بۆ گۆڕینی دەستوورە و رایگەیاند: "لە هیچ کام لە دیدارەکانماندا تەنانەت لە دیداری لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلانیش پرسی دەستوور باس نەکراوە. ئێمە پێویستمان بە دەستوورێکی دیموکراسییە کە مافی هاووڵاتیبوونی یەکسان و زمانی دایک بپارێزێ." 
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باکرهان باسی لە دۆخی رۆژئاوای کوردستان و سووریا کرد و رەخنەی لە هاکان فیدان گرت لەبارەی هەڵوێستەکانی و گوتی: "هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هەڕەشە نین بۆ سەر تورکیا. ئێمە پلانمان هەیە سەردانی سووریا بکەین؛ دەمانەوێ لەگەڵ حکومەتی دیمەشق و لەگەڵ بەڕێوەبەریی هەسەدە و پێکهاتە جیاوازەکانی وەک دروز و عەلەوییەکان کۆببینەوە." 
 
باکرهان  گوتی: "پێویستە ئەنقەرە لەبری هەڕەشە، دیالۆگ لەگەڵ کوردی سووریا بکات. ئەگەر تورکیا نیگەرانییەکی هەیە، با شاند بنێرێ و راستەوخۆ لەگەڵیان بدوێ. کورد تەنیا داوای مافی دیموکراسیی خۆی دەکات و نابێت تورکیا ببێتە رێگر لەبەردەم ئەم مافانەدا."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەنگیز چاندار، پەرلەمانتارێکی دەم پارتی

جەنگیز چاندار بۆ ئەردۆغان: سنوورێک بۆ هاکان فیدان دابنێ

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی داوا لە سەرۆککۆماری تورکیا دەکات سنوورێک بۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی دابنێ و رایگەیاند، "ئەو زمانەی وەزیری دەرەوە بەکاریدەهێنێت، لە تورکیا و سووریا و هەموو شوێنێک دڵی ملیۆنان کورد دەشکێنێت."