رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەزگای کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا (ئافاد) رایگەیاند، بەهۆی مەترسیی لافاو لە پارێزگای تۆکات-ی تورکیا، زیاتر لە 4 هەزار ماڵ چۆڵکراون و نزیکەی 15 هەزار هاووڵاتی بۆ شوێنی ئارام گواستراونەتەوە.
عەلی حەمزە پەهلیڤان، لە دوای کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی کارەسات لە بەڕێوەبەرایەتیی ئافادی پارێزگای تۆکات رایگەیاند، کارەکانی رووبەڕووبوونەوەی کارەسات و کەمکردنەوەی مەترسییەکان بە هاوئاهەنگی دامەزراوەکانی دەوڵەت بەڕێوەدەچن.
عەلی حەمزە پەهلیڤان ئاماژەی بەوە کرد، تورکیا رووبەڕووی چەندین جۆر کارەساتی سرووشتی بووەتەوە و گوتی، "ئەمساڵ بەتایبەتی لە زستان و بەهاردا، بارانێکی زۆرمان هەبوو. بێگومان ئەم نیعمەتە کاریگەریی لاوەکیشی هەیە. لە کاتێکدا کار بۆ رووبەڕووبوونەوەی لافاو دەکرا، لە هەمان کاتدا پردی چەداش بە شێوەیەکی کۆنترۆڵکراو رووخێندرا. دواتریش پردێکی دیکە لە ناوچەی پیشەسازیی نوێ کە دەیتوانی کێشە دروست بکات، رووخێندرا."
پەهلیڤان باسی لەوەش کرد، لە قەزای تورهال و ناوچەکانی دەوروبەری، بەربەستی پێویست دروستکراون و گوتی، بەهۆی ئەوەی بەنداوی ئالمووس بە رێژەی 100% پڕبووە، لە ترسی سەرڕێژ بوونی، دەست بە بەردانەوەی ئاو کراوە.
روونیکردەوە، زیاتر لە 4 هەزار ماڵ چۆڵکراون و نزیکەی 15 هەزار هاووڵاتی گواستراونەتەوە بۆ شوێنی ئارام. بە فەرمانی پارێزگار، میوانخانە گشتییەکان و بەشە نێوخۆییەکان کارنەوە و نزیکەی هەزار هاووڵاتی تێیاندا میوانداری کران، بەڵام زۆرینەیان لەلای خزم و کەسوکاریان ماونەتەوە. بە ئاساییبوونی دۆخەکە، هەموویان دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
عەبدوڵڵا کۆکلو، پارێزگاری تۆکات رایگەیاند، ماوەی هەفتەیەکە بە 530 ئۆتۆمبێل و زیاتر لە 2 هەزار کارمەندەوە کار بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسیی لافاو دەکەن و گوتی، "تاوەکو ئێستا رووبەڕووی هیچ سیناریۆیەکی خراپ نەبووینەتەوە. هیوادارم بە باشی ئەم دۆخە تێپەڕێنین."
هاوکات، بەهۆی بارانبارینی زۆری وەرزی زستان و بەهارەوە، رێژەی ئاوی بەنداوی ئالمووس گەیشتە 100% و دەست بە بەردانەوەی ئاوەکەی کرا.
دوای بەردانەوەی ئاوەکە، ئاستی ئاوی رووباری یەشیل ئیرماک کە بەنێو سەنتەری شاری تۆکاتدا تێدەپەڕێت، بەرزبووەوە. ئەو بەشەی رووبارەکە کە مەترسیی لافاوی لەسەرە، بەتەواوەری چۆڵ کران. لە شارەکەش بارانبارین بە پچڕپچڕی بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ