ئۆزگور ئۆزەل: کۆنگرە دەبەستین و دەبمەوە سەرۆک

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی لەکارلادراوی جەهەپە دەڵێت، بە کەمال کڵچدارئۆغڵوی گوتووە، بە زووترین کات کۆنگرە دەبەستن و بە رۆژنامەڤانانیشی راگەیاند، دەبێتەوە سەرۆکی جەهەپە.
 
دوای بریاری هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەی 38ـی جەهەپە کە تێیدا ئۆزگور ئۆزەل بووە سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، ئەمڕۆ شەممە 23-5-2026 ئۆزەل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
 
لەبارەی قۆناخی لەمەودوای جەهەپە، ئۆزگور ئۆزەل گوتی: "تاوەکو ئەوکاتەی کۆنگرە دەبەسترێ وەک سەرۆکی فراکسیۆن لە ئەرکدام. دوای کۆنگرەش وەک سەرۆک و سەرۆکی فراکسیۆن لە ئەرکدا دەبم. بێگومان گوتاری کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنەکەمان پێشکێش دەکەم".
 
پێش ئەم گوتەیە، هەواڵ لەبارەی سازانی ئۆزگور ئۆزەل و کەمال کڵچدارئۆغڵو بڵاوبووەوە. ئۆزگور ئۆزەل گوتی: "هەواڵ بڵاوبووەتەوە دەڵێن، سازاون و یەکێکیان سەرۆک و ئەوەی دیکە سەرۆکی فراکسیۆن دەبێت. هاوڕێیان سازانێکی وەها نییە... لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی دوێنێماندا ئەو (کەمال کڵچدارئۆغڵو) گوتی، با لە گونجاوترین کاتدا کۆنگرە بکرێ. منیش گوتم گونجاوترین کات زووترین کاتە. لەسەرمانە پارتەکەمان لەم قۆناخە ناڕەوایە رزگاربکەین کە ویستی ئێمەی لەسەر نییە". 
 
ئۆزگور ئۆزەل ئەو بڕیارەی دادگەی بە سیاسی و ناڕەوا ناوبرد و رایگەیاند، تەنانەت جەماوەر و دەنگدەری ئاکپارتیش بەو هەنگاوە نیگەرانن و پێیان ناخۆشە.
 
رۆژی 21-5-2026، 36ـەمین دادگەی ئەنقەرە، لە بریارێکدا 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی جەهەپەی بە "پووچەڵ و ناکاریگەر" لەقەڵەم دا. بەمەش هەڵوەشاندنەوەی رەهای بۆ تەواوی کۆنگرەکە دەرکرد و ئۆزگور ئۆزەل لە سەرۆکایەتیی پارتەکەی کەوت.
 
ئۆزگور ئۆزەل کێیە؟ 
 
- سیاسەتڤانێکی تورکیایە و دەرچووی کۆلێژی دەرمانسازیی زانکۆی ئیجەیە 
 
- 21ـی ئەیلوولی 1974 لە پارێزگای مانیسای تورکیا لە دایکبووە 
 
- 2007 بە سەرۆکی یەکێتیی دەرمانسازانی تورکیا هەڵبژێردرا 
 
- 2008 بە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی فیدراسیۆنی دەرمانسازانی یەکێتیی ئەورووپا هەڵبژێردرا 
 
- پێنج خول پەرلەمانتاری جەهەپەیە 
 
- سێ خول بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە بوو
 
- 2015 بووە ئەندامی سەرکردایەتی جەهەپە 
 
- 5ـی تشرینی دووەمی 2023 لە 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی بە سەرۆکی جەهەپە هەڵبژێردرا 
 
- 6ـی نیسانی 2025 لە 21ـەمین کۆنگرەی نائاسایی بە سەرۆکی جەهەپە هەڵبژێردرایەوە 
 
- لە سەردەمی ئۆزگور ئۆزەل دوای 48 ساڵ جەهەپە بووە یەکەمین پارتی تورکیا لە هەڵبژاردنی 31ـی ئاداری 2024
 
- خێزاندارە؛ باوکی کچێکە بەناوی ئیپەک.
 
- زمانەکانی ئینگلیزی و ئەڵمانی دەزانێت. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارەگای سەرەکیی جەهەپە لە ئەنقەرە

13 کەس بە تۆمەتی بەرتیل و دەستوەردان لە کۆنگرەکەی جەهەپە دەستگیرکران

داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ دەڵێ، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لەسەر بوونی گەندەڵی و دەستوەردان لە ویستی دەنگدانی نوێنەران لە کۆنگرەی 38ی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) 13 گومانلێکراو لە 7 پارێزگای جیاوازی تورکیادا دەستگیرکران. ئەم پێشهاتە دوای بڕیاری دادگا بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەکە دێت