سەرۆکوەزیرانی عێراق: دەمانەوێت ئابووریی دەوڵەت بەڕێوەببات نەک پێچەوانەکەی

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی بە دۆخێکی دارایی و ئابووریی هەستیاردا تێدەپەڕێت و نابێت چیدیکە تەنیا پشت بە نەوت ببەسترێت. دەشڵێت، "مووچەی فەرمانبەران دەبێت لە کاتی خۆیدا دابەش بکرێت بۆ ئەوەی خەڵک تووشی دڵەڕاوکێ نەبێت."
 
رۆژی شەممە، 23ـی ئایاری 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی وەزارەتی دارایی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتەکە کۆبووەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەکەی، زەیدی جەختی لەوە کردووەتەوە گۆڕانکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کاریگەرییان لەسەر هەناردەی نەوت و داهاتی عێراق هەبووە.
 
"90٪ی بودجە لەسەر نەوتە"
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، پشتبەستنی 90%ی بودجەی عێراق بە نەوت "مەترسیدارە" و پێویستە کار بۆ فراوانکردنی ئابووریی نانەوتی بکرێت. گوتیشی، "دەبێت بە راشکاوی راستییەکان بۆ هاووڵاتییان باس بکەین و ئاستەنگە داراییەکانیان پێ بڵێین، بەبێ گەورەکردن یان جوانکردنی راستییەکان."
 
زەیدی رایگەیاندووە، حکومەتەکەی خەریکی ئامادەکردنی "پلانی عێراق 2035"ـە و داوای کرد وەزارەتی دارایی دیدگەیەکی روونی هەبێت بۆ ئەوەی بودجە ببێتە نەخشەڕێگەی داهاتوو، نەک تەنیا خشتەیەک بۆ خەرجی.
 
مووچە و شایستە داراییەکان
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق دڵنیایی دایە فەرمانبەران و گوتی، "مووچەی فەرمانبەران دەبێت لە کاتی خۆیدا خەرج بکرێت، بۆ ئەوەی پەیامی دڵەڕاوکێ نەگاتە خەڵک." هەروەها رێنمایی دا بە خەرجکردنی شایستەی دارایی جووتیاران، بەڵێندەران و وەبەرهێنەران بۆ ئەوەی کارەکانیان پەکی نەکەوێت.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق رەخنەی لە سیستمی ئابووری گرت و باسی لەوە کرد، "پێویستە چەمکی ئابووری بگۆڕین؛ ئێستا دەوڵەت ئابووری بەڕێوەدەبات، بەڵام ئێمە دەمانەوێت ئابووری دەوڵەت بەڕێوەببات. ئەرکی دەوڵەت تەنیا رێکخستن و چاودێریکردنە و دەبێت کەرتی تایبەت گەشەپێدانی وڵات بگرێتە ئەستۆ."
 
سەبارەت بە داهاتی گومرگەکان، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بە بوونی یاریپێکردن لە جۆری کاڵاکان کرد بۆ "فرتوفێڵکردن لە باج" و رایگەیاند "سیستیمی ئەلیکترۆنی" کۆتایی بەو گەندەڵی و یاریپێکردنانە دەهێنێت.
 
هەروەها رێنمایی دا کە لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا وێنەی سەرۆکوەزیران و وەزیرەکان هەڵنەواسرێت و گوتی، "دەمانەوێت خەڵک کارەکانمان ببینن، نەک وێنەکانمان." رێنماییشی دا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی 5000 پزیشک کە بە گرێبەست لە وەزارەتی تەندروستی کار دەکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئۆزگور ئۆزەل. وێنە: AA

ئۆزەل بووە سەرۆک فراکسیۆنی جەهەپە و ساڵی داهاتووش کۆنگرە سازدەکرێ

فراکسیۆنی پەرلەمانیی پارتی گەلی کۆماریی تورکیا (جەهەپە) لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە و داخراودا لە بارەگای سەرەکیی حیزبەکە، ئۆزگور ئۆزەلی وەک سەرۆکی نوێی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمانی تورکیا هەڵبژارد. ئەم هەنگاوە دوای بڕیارەکەی دادگە دێت بۆ دوورخستنەوەی ئۆزێل لە پۆستی سەرۆکایەتیی گشتیی پارتەکە. بەرەی کەمال کلچدارئۆغلوش دەڵین ئەو دۆخەی جەهەپە وا نامێنێت و سەرەتای ساڵی داهاتوو کۆنگرەی گشتی بەڕێوەدەچێت.