کڵچدارئۆغڵو دەڵێ رەخنەی ئەخلاقی لە پارتەکەی هەیە

54 خولەک له‌مه‌وپێش
رەسەن رەمزی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی یاسایی جەهەپە لە یەکەم لێدوانیدا بۆ رۆژنامەڤانان دوای بڕیاری دادگە بۆ گەڕانەوەی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی جەهەپە رایگەیاند، پێویستە بەپەلە بەها ئەخلاقییەکانی پارتەکە راستبکرێنەوە.
 
کڵچدارئۆغڵو لە بەردەم ماڵەکەی لە ئەنقەرە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە و سەرەتا پیرۆزبایی لە ئۆزگور ئۆزەل کرد کە وەک سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە لە پەرلەمان هەڵبژێردراوە، پاشانیش ئاماژەی بەوە کرد ئۆزێل پێی گوتووە پەیوەندی پێوە دەکات بۆ دیاریکردنی کاتی کۆبوونەوەیەک.
 
کڵچدارئۆغڵو گوتی: "جەهەپە ناچارە بەها ئەخلاقی و باڵاکانی خۆی بپارێزێ. بەڵێن دەدەم جەهەپە بگەڕێنینەوە سەر ئەو بنەمایانەی لەسەری دامەزراوە. ئێستا رەخنەیەک لەسەر بەها ئەخلاقییەکانی پارتەکە هەیە."
 
کڵچدارئۆغڵو داوای لە تەواوی پەرلەمانتاران، سەرۆکی رێکخستنەکان و لایەنگرانی جەهەپە کرد کە لە بەکارهێنانی زمانی زبر و دووبەرەکی دووربکەونەوە و گوتی: "دروستکردنی کەشێکی شەڕەنگێزانە و دووژمنکاری لەنێو جەهەپەدا کارێکی راست نییە."
 
بەڵام گوڵ چیفتچی، جێگری سەرۆکی جەهەپە لە هەڤپەیڤینێکدا بە تووندی هێرشی کردە سەر کڵچدارئۆغڵو لە بەرامبەر ئەو گوتانەی و رایگەیاند، هیچ جۆرە رەخنەیەکی ئەخلاقی ئاڕاستەی جەهەپە نەکراوە، بەڵکو ئەوەی هەیە تۆمەتێکی رێکخراوە. 
 
جێگری سەرۆکی جەهەپە گوتی:"هیچ رەخنەیەکی ئەخلاقی ئاڕاستەی پارتی کۆماریی گەلان ناکرێ، بەڵکو تۆمەتی ئەخلاقی بۆ جەهەپە دەکرێ. تۆمەت دەدرێتە پاڵ هەڵبژێردراوان، ئەندامان و تەنانەت دەنگدەرانی ئێمە."
 
ئەم لێدوانانە لە کاتێكدان، داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاتدا لە 7 پارێزگای جیاوازی باکووری کوردستان و تورکیا 13 کەسی بە تۆمەتی بەرتیل، گەندەڵی و کڕینی دەنگی نوێنەران لە کۆنگرەی 38ـی جەهەپە (کە تێیدا ئۆزەل بووە سەرۆک) دەستگیرکرد. 
 
دادگای پێداچوونەوەی ئەنقەرەش رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بەو هۆیەوە کۆنگرەکەی پووچەڵ کردەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

موساڤات دەرڤیشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی (دەستە چەپ) و ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی لەکارلادراوی جەهەپە (دەستە راست)

سەرۆکی ئیی پارتی: مامەڵەی سیاسی لەگەڵ کڵچدارئۆغڵو ناکەم

سەرۆکی ئیی پارتی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی لەکارلادراوی جەهەپە رایگەیاند، کڵچدارئۆغڵو وەک سەرۆکی جەهەپە ناناسێنێت و مامەڵەی سیاسیشی لەگەڵ ناکات