رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ دەڵێ، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لەسەر بوونی گەندەڵی و دەستوەردان لە ویستی دەنگدانی نوێنەران لە کۆنگرەی 38ی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) 13 گومانلێکراو لە 7 پارێزگای جیاوازی تورکیادا دەستگیرکران. ئەم پێشهاتە دوای بڕیاری دادگا بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەکە دێت.
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕووبوونەوەی تاوانە داراییەکانی پۆلیسی ئیستەنبووڵ ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاتی لە پارێزگاکانی ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە، ئیزمیر، رووها، مەڕەش، کیلیس و مەڵەتی ئەنجامدا. لەو ئۆپەراسیۆنانەدا دەست بەسەر چەندین بەڵگەنامەدا گیرا و تۆمەتباران بۆ لێکۆڵینەوە گوێزرانەوە.
لە راگەیێندراوی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵدا هاتووە: "لە ئەنجامی بەدواداچوونەکان، 13 گومانلێکراو کە تۆمەتبارن بە پێشێلکردنی یاسای پارتە سیاسییەکان، وەرگرتنی بەرتیل و سپیکردنەوەی ئەو داراییانەی لە تاوانەوە سەرچاوەیان گرتووە دەستگیرکران و لە پشکنینی شوێنی تۆمەتباراندا دەست بەسەر چەندین بەڵگەدا گیرا."
ئەم دەستگیرکردنە لە کاتێکدایە، رۆژی 22ی ئایاری 2026، فەرمانگەی 36ـەمی یاسایی لە دادگەی هەرێمیی ئەنقەرە بڕیاری دا کۆنگرەی 38ـی جەهەپە کە لە تشرینی دووەمی 2023 بەڕێوەچوو پووچەڵ بکاتەوە و کەمال کڵچدارئۆغڵو بگەڕێنێتەوە سەرۆکایەتی پارتەکە.
لێکۆڵینەوە یاساییەکان لەسەر دەنگۆی کڕینی دەنگی نوێنەران لەو کۆنگرەیەدا هۆکاری سەرەکی بوون بۆ دەرچوونی ئەم بڕیارە دادگە دژی کۆنگرەکەی جەهەپە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ