تورکیا
موساڤات دەرڤیشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی (دەستە چەپ) و ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی لەکارلادراوی جەهەپە (دەستە راست)
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئیی پارتی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی لەکارلادراوی جەهەپە رایگەیاند، کڵچدارئۆغڵو وەک سەرۆکی جەهەپە ناناسێنێت و مامەڵەی سیاسیشی لەگەڵ ناکات.
موساڤات دەرڤیشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی، دوای ئەوەی شەوی رابردوو سەردانی بارەگای پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ی کرد و لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی لەکارلادراوی جەهەپە کۆبووەوە، هەڵوێستی خۆی لەبارەی بڕیارەکانی دادگە و دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا نیشاندا.
ئیی پارتی 29 کورسی لە کۆی 600 کورسییەکەی پەرلەمانی تورکیا هەیە. پارتێکی تووندڕۆی نەتەوەییە و ئۆپۆزیسیۆنە.
ئۆزگور ئۆزەل کە رۆژی 5-11-2023 لە 38مین کۆنگرەی ئاسایی جەهەپەدا بە سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرا، چەند سکاڵایەکی لەسەر تۆمارکرابوو و بە دەستوەردانی نایاسایی لە پرۆسەی بەرێوەچوونی کۆنگرەکە تۆمەتباردەکرا.
رۆژی 21-5-2026، 36ـەمین دادگەی ئەنقەرە 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی جەهەپەی بە (پووچەڵ و بێ کاریگەر) لەقەڵەم دا. بەمەش هەڵوەشاندنەوەی رەهای بۆ تەواوی کۆنگرەکە دەرکرد.
بەگوێرەی بڕیارەکە، ئۆزگور ئۆزەل و دەستەی بەڕێوەبردنی جەهەپە لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، ئەنجوومەنی ناوەندی بڕیار و ئەنجوومەنی پابەندی بە شێوەیەکی کاتی لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە و بڕیاردراوە کەمال کلچدارئۆغڵو، سەرۆک و ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پێشوو ئەرکەکانیان وەربگرنەوە.
جەهەپە لە 9ـی ئەیلوولی 1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرا، لە ساڵانی 1923-1950دا 17 جار لەسەریەک حکومەتی پێکهێنا.
پارتەکە بەهۆی بوونی کێشەی نێوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردە لێی جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسییان دامەزراند. لە ساڵانی 1961-1965 جەهەپە سێ جاری دیکە حکومەتی پێکهێنا. لە کودەتاکەی 1981 بۆ چوار ساڵ داخرا و بەبڕیاری دادگەی دەستوور لە ساڵی 1986 دووبارە کرایەوە. 37 کۆنگرەی ئاسایی و 19 کۆنگرەی نائاسایی سازکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ