رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، بەداخەوەن کە جەهەپە رەتیکردووەتەوە بەشداری لە سەردانی شاندی پەرلەمان بۆ ئیمراڵی بکات و دەڵێت، "ئەوەی پارتی دامەزرێنەری کۆمار خۆی لە چوون بۆ دوورگەکە دەدزێتەوە، جێگەی نیگەرانییە."
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە "وۆرکشۆپی نیڤشکانان و هاونیشتمانیبوونی یەکسان لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسیدا،" کە لەلایەن گەورەشارەوانیی ئامەدەوە رێکخرابوو، گوتارێکی پێشکێش کرد.
هاتیمئۆغوڵڵاری هیوای خواست بڕیاری پێکهێنانی شاند بۆ سەردانی ئیمراڵی، ببێتە هۆی ئەنجامێک کە وەک دیارییەک پێشکێش بە 86 ملیۆن دانیشتووی تورکیای بکەن و گوتی، "ئەمە بڕیارێکی مێژووییە، بەڵام دەبێت بەداخەوە بیڵێم کە ئێمە دەمانویست بە یەکدەنگی لەگەڵ هەموو پەرلەمانتاران و پارتە سیاسییەکانی ئەندام لە لیژنەکەدا بگەینە ئەم بڕیارە، بەڵام وا دەرنەچوو."
جەهەپە، کە 11 ئەندامی لەنێو کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تورکیادا هەیە، ئامادە نەبوو هیچ کام لە ئەندامەکانی ببنە ئەندامی ئەو شاندەی بڕیارە سەردانی ئۆجەلان بکات.
هاوسەرۆکی دەم پارتی رەخنەی لەو هەڵوێستەی جەهەپە گرت و گوتی، "لەلایەن ئێمەوە بە نیگەرانییەوە پێشوازیی لێکراوە."
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری داوایەکی ئاراستەی دژبەرانی پرۆسەکە کرد و گوتی، "هەرچییەک دەبێت با ببێت، ناچارین ئەم دەرفەتە مێژووییە، بە ئاشتییەکی سەربەرزانە و چارەسەرێکی دیموکراسییانە تاجدار بکەین. هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە خۆی لەمە بدزێتەوە. ئێمە جارێکی دیکە هیوادارین ئەم بڕیارە ببێتە هۆی ئاشتییەکی هەمیشەیی."
هاتیمئۆغوڵڵاری داواشی لە هەمووان کرد، بە هەموو توانایانەوە بەشداری لە چارەسەرکردنی پرسی کورددا بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ