دەیان هەزار کورد لە نەورۆزی ئیستەنبووڵ: هیوامان ئاشتی و یەکدەنگییە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هەرچەندە رێوڕەسمی ئاهەنگی نەورۆز لە ئیستەنبووڵ کاژێر 11:00 دەستیپێکرد، بەڵام لە کاژێرەکانی بەیانییەوە بە هەزاران هاونیشتمانی بەرەو گۆڕەپانی ئاهەنگگێڕان بەڕێکەوتن. بەشێکی هاونیشتمانیان بە جلوبەرگی کوردییەوە بەشداریی رێوڕەسمەکە دەکەن و ئاڵای کوردستانیش لە گۆڕەپانەکەدا دەشەکێندرێتەوە.
 
رووداو رووماڵی فراوانی نەورۆزی ئیستەنبووڵ دەکات. ئاتیلا ئۆزدۆغان، سەرۆکی کۆمیتەی ئامادەکاری رێوڕەسمەکە میوانی رووداو بوو باسی لە ئاهەنگەکە کرد.
 
ئۆزدۆغان گوتی، نەورۆز بۆ یەکێتی نەتەوەیی بۆ کورد و گەلانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست "دەرفەتێکی گرنگە بۆ گەیشتن بە ئازادیی و دیموکراسی".

 
پەیامی هاونیشتمانییان: ئاشتی و یەکدەنگیی کوردمان دەوێ
 
وێڕای نالەباری کەشوهەوا و بارانبارین، هاونیشتمانییان بێ جیاوازی رەگەز و تەمەن بەشداری لە نەورۆزی ئیستەنبووڵ دەکەن.
 
ژنێکی بە تەمەن کە بە جلوبەرگی کوردییەوە کە بەرەو گۆڕەپانی نەورۆز دەچوو بە رووداوی گوت: "ئێمە هیوامان ئاشتییە". 

 
ژنێکی دیکە گوتی، دوو ساڵە لە شاری وانەوە بۆ نەورۆز سەردانی ئیستەنبووڵ دەکات و هیوای ئەویش "ئازادیی و سەرکەوتنە".
 
دوو گەنجی دیکە لەگەڵ بەرزکردنەوەی هێمای سەرکەوتن بە دەستیان، بە رووداویان گوت: "هیوامان بە سەرکەوتن و ئاشتییە".

 
پیاوێکی بەتەمەنیش گوتی: "هیوای هەموومان ئازادی و ئاشتییە. با چی دیکە خوێن نەڕژێ، ئەوەی رژاوە بەسە".
 
"هیوای یەکەممان یەکێتیی کوردە، دواتر براکانی دیکە؛ بۆ ئێمە هەموو کودستان یەکە" ئەوەش قسەی کچێکی گەنج بوو بۆ رووداو، کە بە جلوبەرگی کوردییەوە بەرەو گۆڕەپانی ئاهەنگگێڕانی نەورۆز دەچوو.
 
هاوشێوەی ئامەد و شارەکانی دیکەی باکووری کوردستان، دروشمی ئاهەنگی نەورۆزی ئیستەنبووڵ (نەورۆزی ئازادی و یەکێتیی دیموکراسی)ـە.
 
چنار ئاڵتان، هاوسەرۆکانی لقی رێکخستنەکانی ئیسەنبووڵی دەم پارتی بە رووداوی گوت، ئیستەنبووڵ لەو شارە گەورانەیە زۆرترین کوردی تێدایە، نەورۆزەکەشی هاوشێوەی نەورۆزی شارەکانی دیکەی کوردستانە.
 
هاوسەرۆکی ئیستەنبووڵی دەم پارتی گوتی، لە رێوڕەسمەکەی ئەمڕۆدا چەند گوتارێک پێشکێش دەکرێن، لەنێویاندا گوتاری تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی.
 
بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1979 کورد لە ئیستەنبووڵ لە هۆڵێکدا بە بەشداری 1500 کەس جەژنی نەورۆز پیرۆز کرا.
 
گوڵتان کشاناک، سیاسەتڤانی نێوداری کوردستان  کە بەشداریی ئاهەنگی نەورزۆی ئیستەنبووڵی کردووە، بۆ رووداو قسەی کرد و گوتی: "با جەژن ببێتە هۆکاری یەکێتی دیموکراسی و ئازادی".
 
کشاناک گوتی: "نەورۆز لە ناوچەکەدا پیرۆز دەکرێ، بەڵام بۆ ئێمەی کورد جیاوازە و واتای دژایەتیی ستەمە و ویستێکە بۆ بەدەستهێنانی ئازادیی".
 
گوڵتان کشاناک گوتی، کورد دەبێ لەگەڵ گەلانی ناوچەکەدا بە ئاشتی بژی، بەڵام "سەرەتا دەبێ کورد یەکێتی کورد دروست بکات، پاشان یەکێتی دیموکراسی لەگەڵ گەلانی دیکەدا".
 

ئاهەنگی نەورۆزی ئیستەنبووڵ لە کاژێر 11:00 دەستیپێکرد و بڕیارە تاوەکو کاژێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام بێت.
 
هەر ئەمڕۆ، لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، لە رێوڕەسمێکی فراواندا جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکرێ. پەیامنێری رووداو لە شارەکە دەڵێ، چاوەڕوان دەکرێ نزیکەی شەش هەزار کەس ئامادە بن.
 
هاونیشتمانییەک لە ئەنقەرە بە رووداوی گوت: "لە پایتەختی تورکیا نەورۆز پیرۆز دەکەین و زۆر دڵخۆشین، بەهیواین نەورۆز ببێتە هۆکاری ئاشتییەکی هەمیشەیی".
 
لە رێوڕەسمەکەدا جگە لە دەم پارتی، چەند لایەنێکی دیکەی سیاسی و سیاستەڤانانی تورکیا ئامادەی نەورۆزی ئەنقەرە دەبن و چەند گوتارێک پێشکێش دەکرێ.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە