رووداو دیجیتاڵ
دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئاشکرای دەکات، لە پرۆسەی دەنگدانی دەرەوەدا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا، یەک ملیۆن و 783 هەزار و 107 کەس دەنگیانداوە.
رۆژی 24ی ئایار، پرۆسەی دەنگدانی دەرەوە بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار لە باڵیۆزخانە و کۆنسوڵگەرییەکانی تورکیا کۆتاییهات و دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئاشکرایکرد، یەک ملیۆن و 783 هەزار و 107 کەس دەنگیانداوە.
دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا راشیگەیاند، پڕۆسەی دەنگدان لە دەروازە سنوورییەکانیش، تاوەکو کاژێر 17:00ی رۆژی 28ی ئایار بەردەوام دەبێت. تاوەکو ئێستاش 112 هەزار و 323 کەس لە دەروازە سنوورییەکاندا دەنگیانداوە. بەمەش کۆی گشتیی ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵات و دەروازە سنوورییەکاندا دەنگیانداوە گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 895 هەزار و 430 کەس.
پرۆسەی دەنگدانی دەرەوە و دەروازە سنوورییەکان لە گەری یەکەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار و 28ـەمین خولی پەرلەمانی تورکیادا 13 رۆژی خایاند.
لە گەڕی یەکەمی پرۆسەی دەنگدانی دەرەوەدا، یەک ملیۆن و 691 هەزار و 287 کەس لە دەروازە سنوورییەکاندا 148 هەزار و 183 کەسیش دەنگیاندابوو. کۆی گشتییان یەک ملیۆن و 839 هەزار و 470 کەس بوو.
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماردا رەجەب تەیب ئەردۆغان 49.52٪ی دەنگەکان، کەمال کڵچدارئۆغڵو 44.88٪، سینان ئۆغان 5.17٪ و موحەڕەم ئینجە 0.43٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا. هیچکام لە بەربژێرەکانی سەرۆککۆمار 50+1٪ی دەنگەکانیان بەدەست نەهێنا، بەو هۆیەوە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە نێوان ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵو کەوتە گەڕی دووەم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ