رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا بە تووندی هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل و پێداگری لەوە دەکات، کە بۆردوومانەکانیان بۆ سەر غەززە، سنووری بەرگریی لەخۆکردنی تێپەڕاندووە و بۆ ستەم و دڕندەیی و کۆمەڵکوژی گۆڕدراوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە(26-10-2023)، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەشداریکرد لە هەشتەمین کۆنگرەی شوورای خێزان کە لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، تێیدا گوتارێکی پێشکێش کرد.
لە گوتارەکەیدا تیشکی خستە سەر دۆخی خەڵکی غەززە بەهۆی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل و رایگەیاند، "هێرشەکانی سەر غەززە دەمێکە سنووری بەرگریی لەخۆکردنی تێپەڕاندووە و بۆ ستەم و دڕەندەیی و کۆمەڵکوژیی ئاشکرا گۆڕاوە". گوتیشی، ''ئەوەی جێگەی داخە، جیهان تەنیا تەماشای ئەم دڕندەییە دەکات."
ئەردۆغان باسی لە هەڵوێستی رۆژئاوا کرد سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل و رایگەیاند، "کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا کە هەمیشە سەری زمان و بنی زمانیان ماف و ئازادییەکانە، دوێنێ دەڵێت 'هێشتا ناتوانین داوای ئاگربەست بکەین'. پێویستە چەند منداڵی دیکە بمرن، بۆ ئەوەی ئێوە داوای ئاگربەست بکەن؟ 19 رۆژە مافی ژیانی غەززەییە ستەمدیدەکان پشتگوێ دەخەن. ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش تاوەکو ئێستا هەنگاوی نەناوە، باشە دەبێ چەند تۆن بۆمبی دیکە بەسەر غەززەدا بخرێتە خوارەوە تا ئەنجوومەنی ئاسایش هەڵوێست وەرگرێت؟"
سەرۆککۆماری تورکیا ئەوەشی خستەڕوو، ئەو هاوکاری و پێداویستییانەی رەوانەی میسریان کردووە تا بگەن بە غەززە 200 تۆنی تێپەڕاندووە، گوتیشی، ''لە کاتێکدا دڕندەییەک بەبەرچاومانەوە ئەنجام دەدرێت، کەس چاوەڕوانی ئارامگری و بێدەنگی لە ئێمە نەکات."
لە 7ـی ئەم مانگەوە شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی غەززە دەستیپێکردووە، ئیسرائیل لەو کاتەوە بەچڕی غەززە بۆردوومان دەکات، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی زیاتر لە ملیۆنێک و 400 هەزار کەس لە باکوور ئاوارەی باشووری کەرتەکە ببن.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا لە هەردوولا هەشت هەزار و 536 کەس کوژراون و زیاتر لە 25 هەزار کەسیش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ