رووداو دیجیتاڵ
بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئێران، هاووڵاتییەکی ئێرانی و پێنج هاووڵاتیی تورکیا دەستگیرکران. میدیای تورکیا دەڵێ، ئەو کەسانە لەبارەی بنکە سەربازییەکانەوە زانیارییان کۆکردووەتەوە.
بە گوێرەی میدیای تورکیا، بە سەرپەرشتیی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماری لە ئیستەنبووڵ و بە هاوئاهەنگی لقی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیستەنبووڵ و دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت)، لێکۆڵینەوە لە چالاکیی "سیخوڕیی سیاسی و سەربازی" دەستی پێکرا.
لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دا شەش کەس دەستنیشانکراون کە دەگوترێ پەیوەندییان بە ئەندامانی هەواڵگریی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هەبووە.
لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی ئیستەنبووڵ لەو پارێزگایە و چوار پارێزگای دیکەی تورکیا، ئەشکان جەلالی، هاووڵاتیی ئێرانی و هەریەک لە رەمزی بەیاز، عەلیجان کۆچ، ئەرهان ئەرگەرەن، تانەر ئۆزجان و جەمال بەیاز، هاووڵاتییانی تورکیا دەستبەسەرکران.
هەر شەش کەسەکە دوای وەرگرتنی گوتە لێیان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیستەنبووڵ، رەوانەی دادگە کران و بە بڕیاری دادگە دەستگیرکران.
میدیای تورکیا دەڵێ، ئەو شەش کەسە سیخوڕییان بۆ ئێران کردووە، لەبارەی شوێنە سەربازی و هەستیارەکانەوە زانیارییان کۆکردووەتەوە و پشتیوانیی لۆجستییان دابین کردووە؛ هەروەها چاودێریی بنکەی ئاسمانیی ئینجەرلیکیان لە ئادەنا کردووە، درۆنی چەکداریان گواستووەتەوە بۆ تورکیا و ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی کۆیان کردوونەتەوە، گەیاندوویانەتە هەواڵگریی ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ