رووداو دیجیتاڵ
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێ، هیچ دەستپێشخەرییەکی جیدی نییە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، بەڵام پێی وایە تاران ئامادەیە بۆ "گفتوگۆی ژێربەژێر".
قسەکانی فیدان لە کاتێکدان کە ئەنقەرە هەوڵ دەدات خۆی لە جەنگی ئیسرائیل وئەمریکا لەگەڵ ئێران بەدوور بگرێت. تورکیا کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ واشنتن و تاراندا هەیە، پێش دەستپێکردنی جەنگ، هەوڵی نێوەندگیریی دەدا.
"ئێران هەست دەکات ناپاکی لێکراوە "
فیدان گوتی: "لەم کاتەدا دۆخەکە لەبار نییە بۆ دیپلۆماسی. ئێرانییەکان هەست دەکەن ناپاکییان لێ کراوە، چونکە بۆ دووەم جارە لە کاتی گفتوگۆی لەگەڵ ئەمریکادا لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەیان، هێرش دەکرێتە سەریان." بەڵام گوتیشی: "پێموایە ئەوان کراوەن بۆ هەر دیپلۆماسییەکی نهێنیی ژیرانە".
تورکیا دەیەوێ لە جەنگەکە دوور بێت
وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە کاری لەپێشینەی وڵاتەکەی خۆبەدوورگرتنە لە جەنگ، تەنانەت دوای ئەوەی 3 مووشەک لە ئاسمانی تورکیادا لەلایەن سیستمی بەرگریی ناتۆوە خرانە خوارەوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: "بەرپرسانی ئێران پێداگرن لەسەر ئەوەی ئەوان هێرشیان نەکردووەتە سەر تورکیا، هەرچەندە داتاکان نیشانی دەدەن مووشەکەکان لە ئێرانەوە هاتوون."
فیدان بژاردەی وەڵامدانەوەی سەربازیی رەتکردەوە و گوتی: "دەزانم کە هەوڵی دنەدانمان دەدرێ، بەڵام ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە لەم جەنگە بەدوور بین."
رێبەری نوێی ئێران بریندارە
فیدان کە پەیوەندیی بەردەوامی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران هەیە، سەبارەت بە تەندروستیی موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی باڵای ئێران گوتی: "نازانین برینەکەی چەندە سەختە، بەڵام ئەوەی دەیزانین ئەوەیە کە زیندووە و کاردەکات."
موجتەبا جێگەی عەلی خامنەیی باوکی گرتەوە کە لە 28ی شوبات لە سەرەتای جەنگەکەدا کوژرا. فیدان پێی وایە ئەو بۆشاییەی بەهۆی کوژرانی رێبەری پێشوو و برینداربوونی رێبەری نوێوە دروستبووە، "لەلایەن فەرماندەیی باڵای سوپای پاسدارانەوە پڕکراوەتەوە."
پێش جەنگەکە، تورکیا پێشنیازی کرد کە میوانداریی دانوستاندنەکانی ئەمریکا، ئێران و وڵاتانی ناوچەکە بکات لە ئیستەنبووڵ. بەڵام ئێران بڕیاریدا لە عومان تەنیا لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی دانوستاندن بکات و ئامادە نەبوو باسی مووشەک و گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکەی نزیکی بکات، کە لە کۆتاییدا ئەو دانوستاندنەش شکستی هێنا.
پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل
لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی کە گوایە دوای ئێران، تورکیا ئامانجی داهاتووی ئیسرائیل دەبێت، فیدان ئەو ئەگەرەی رەتکردەوە بەڵام گوتی: "تاوەکو نەتەنیاهوو لە دەسەڵات بێت، هەمیشە کەسێک وەک دووژمن دیاری دەکات بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای خۆی. ئەگەر تورکیاش نەبێت، وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە دەکاتە ئامانج."
فیدان رەخنەی لە کارەکانی ئیسرائیل لە سووریا گرت و گوتی: "ئەوان بەدوای ئاسایشدا ناگەڕێن، بەدوای خاکی زیاتردا دەگەڕێن. تاوەکو دەستبەرداری ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە نەبن، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جەنگی تێدا دەبێت."
رۆڵی تورکیا لە غەززە
فیدان باسی لەوە کرد کە تورکیا بەشداریی لە "دەستەی ئاشتی"ی ترەمپ کردووە بۆ دۆزینەوەی هەلێک بۆ وەستاندنی جەنگ لە غەززە، هەروەها تورکیا پێشنیازی کردووە هێز بۆ ئاسایشی غەززە بنێرێت، بەڵام فیدان دەڵێت تاوەکو ئێستا داوایان لێ نەکراوە، پێشی وایە هۆکارەکەی "دژایەتیی ئیسرائیلە" و ئەمریکییەکان هەوڵ دەدەن بە بێدەنگی ئەو کێشەیە لەگەڵ ئیسرائیل چارەسەر بکەن بۆ ئەوەی رێگە بە تورکیا بدرێت بەشداری بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ