هاکان فیدان: تورکیا نایەوێت ببێتە بەشێک لەم شەڕە نادادپەروەرانەیە

14-03-2026
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هاکان فیدان هۆشداریی دایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە هەنگاوەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل دەبنە هۆکارێک بۆ ئەوەی ناوچەکە بخزێتە ناو گێژاوێکی گەورەتر.
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ خەلیلور رەحمان، وەزیری دەرەوەی بەنگلادیش، کە رۆژی شەممە 14-3-2026 لە لەبارەی زیادبوونی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پێشهاتەکانی پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا قسەیکرد.
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بە بڕیارەکەی ئیسرائیل بۆ داخستنی مزگەوتی ئەقسا کرد و گوتی: "داخستنی مزگەوتی ئەقسا لەلایەن ئیسرائیلەوە، هەنگاوێکی مەترسیدارە و جارێکی دیکە ناوچەکەمان دەهەژێنێت. نیگەرانین لەوەی نەتەنیاهوو بە پاساوی شەڕی دژی حیزبوڵڵا لە لوبنان بەرەو کۆمەڵکوژییەکی نوێ هەنگاو دەنێت".
 
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەوڵە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی شەپۆلێکی نوێی تووڕەیی لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە و رایگەیاند، دەستوەردان لە پێگەی شوێنە پیرۆزەکان بە هیچ شێوەیەک قبووڵنەکراوە.
 
هەروەها گوتی: "ئەمە نیشانی دەدات کە ئەو هۆشدارییانەی لە سەرەتای شەڕەکەوە دامان چەند گونجاو و راست بوون. گوتمان ئەم شەڕە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو گەورە دەبێت. بۆیە پێویستە بە زووترین کات بگەڕێینەوە سەر مێزی گفتوگۆ. چونکە هەتا هێرشەکان بۆ سەر ئێران بەردەوام بن و هێرشەکانی ئێرانیش بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە بەردەوام بن، بازنەیەکی داخراو دروست دەبێت کە دەربازبوون لێی ئەستەمە".
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها رایگەیاند، وڵاتەکەی لە بەرامبەر هەموو جۆرە هاندانێک خۆڕاگر دەبێت و گوتی:" تورکیا نایەوێت ببێتە بەشێک لەم شەڕە نادادپەروەرانەیە. توانایەکی زۆر باشمان بەرپەرچدانەوەدا هەیە. هەمیشە دەزانین کەی و لە کوێ هێز بەکاردەهێنین. پێویستە هێرشەکان بۆ سەر ئێران بە زووترین کات رابگیرێن و هێرشەکانی ئێرانیش بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە بووەستێنرێن. نابێت وڵاتانی دیکەش بکەونە تەڵەی هاندانەوە".
 
 هەموو ئەمانە لەکاتێکدان کە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بەردەوامە و بەرپرسانی باڵای هەردوولا سەرکەوتن و زاڵبوونی خۆیان رادەگەیێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی خۆپێشاندانەکەی ئیستەنبووڵ

لە خۆپێشاندانەکانی رۆژی کرێکاراندا 575 کەس لە ئیستەنبووڵ دەستگیرکران

لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا، پۆلیس دەستوەردانی لە خۆپێشاندان و رێپێوانی بەشداربووانی یادی 1ی ئایار، رۆژی جیهانیی کرێکاران کرد کە دەیانویست بەرەو گۆڕەپانی تەقسیم بڕۆن و 575 کەسی دەستگیرکرد