ئەردۆغان: ئامانجی سەرەکیمان دوورخستنەوەی تورکیایە لەو ئاگرەی ناوچەکەی گرتووەتەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێ، وڵاتەکەی لە بەرامبەر هەر جۆرە هەڕەشەیەک کە ئاسمانی تورکیا دەبەزێنێت ئامادەیە و ئاماژە بەوەش دەکات، ئامانجی سەرەکییان پاراستنی تورکیایە لە ئاگری جەنگی ناوچەکە.
 
ئامادەیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئاسمانییەکان
 
سەرۆککۆماری تورکیا ئێوارەی رۆژی هەینی، 13ی ئاداری 2026، لە ئیستەنبووڵ بەشداری لە بەرنامەیەکی بەربانگدا کرد و لەوێ چەند پەیامێکی لەبارەی جەنگی ئێران و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا چەند مووشەکێک لە ئاسمانی تورکیا لەلایەن هێزەکانی ناتۆوە تێکشکێندراون. رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەو مووشەکانە کرد و گوتی: "لەو پرۆسەیەدا، وەک ئەوەی شەوی رابردووش روویدا، ئێمە لە بەرامبەر هەر جۆرە هەڕەشەیەک کە ئاسمانی ئێمە دەبەزێنێت، رێکاری پێویست دەگرینەبەر. ئێمە بۆ هەر ئەگەرێک ئامادەین. ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە وڵاتەکەمان لەو ئاگرە دووربخەینەوە."
 
دوورکەوتنەوە لە جەنگ
 
ئەردۆغان دەڵێ، وەک حکومەت لە بەرامبەر هەموو ئەو "تەڵە و هاندانانەی" کە دەیانەوێ تورکیا رابکێشنە نێو جەنگ، بە وریاییەکی زۆرەوە مامەڵە دەکەن. 
 
سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی: "عەقڵی دێرینی دەوڵەت کە مێژووەکەی بۆ هەزاران ساڵ دەگەڕێتەوە، لەگەڵ ئەزموونی 23 ساڵەی حکومەتەکەمان لە بەڕێوەبردنی تەنگژەکاندا، باشترین رێبەرن بۆ تێگەیشتن و وەڵامدانەوەی دروستی رووداوەکان. ئێمە تەنیا سەیری بەشە دیارەکەی رووداوەکان ناکەین، بەڵکو بە وردی سەیری پشت پەردە و هەموو سیناریۆکان دەکەین."
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان هۆشداری دایە هاووڵاتییانی تورکیا و گوتی: "داواتان لێ دەکەم بەرامبەر ئەو ئاژاوە و هاندانانەی لەسەر بنەمای مەزهەبی و نەتەوەیی، هاوکات لەگەڵ هێرشەکان بۆ سەر ئێران پەرەیان پێ دەدرێ، زۆر وریابن. لەم دۆخەی ناوچەکەدا، زیاتر لە هەر کاتێک پێویستمان بە بەهێزکردنی برایەتیمان و بەکارهێنانی ژیرییە." 
 
سەرۆککۆماری تورکیا جەختی کردەوە کە ئەوان خوازیاری ئاشتین و هەوڵ دەدەن سەقامگیریی وڵاتەکەیان بپارێزن.
 
تێکشکاندنی مووشەکە بالیستییەکان لەلایەن ناتۆوە
 
ئەم قسانەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە کە وەزارەتی بەرگریی تورکیا رۆژی هەینی رایگەیاند، مووشەکێکی بالیستی کە لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوو و هاتبووە نێو ئاسمانی تورکیا، لەلایەن یەکەکانی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکیی ناتۆوە کە لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی جێگیرکراون، تێکشکێندراوە.
 
هەر لەم مانگەدا و لە رۆژانی 4 و 9ی ئادار، دوو مووشەکی دیکە لە ئاسمانی هاتای و دیلۆک لەلایەن هێزەکانی ناتۆوە تێکشکێندران. هاوپەیمانیی ناتۆش رایگەیاندووە کە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسمانی تورکیا ئامادەیە.
 
پێشنیازی باڵیۆزخانەی ئێران
 
لە لایەکی دیکەوە، باڵیۆزخانەی ئێران لە ئەنقەرە رەتیکردەوە هیچ مووشەکێک لە وڵاتەکەیەوە بەرەو خاکی تورکیا ئاراستە کرابێت.
تاران جەخت دەکاتەوە کە رێز لە سەروەریی تورکیا دەگرێ و ئامادەیە تیمێکی تەکنیکیی هاوبەش لەگەڵ ئەنقەرە پێکبهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لەو مووشەکانەی تێکشکێندراون.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)

باخچەلی: ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر خۆ بەدەستەوەدان نییە، مسۆگەرکردنی ئیرادەی سەرکەوتنی تورکیایە

سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) پەیامێکی لەبارەی پرۆسەی ئاشتییەوە بڵاوکردەوە. دەڵێت، ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر خۆ بەدەستەوەدان نییە، بەڵکو مسۆگەرکردنی ئیرادەی سەرکەوتوو و بەهێزی سەدەی تورک و تورکیایە.