رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، بەر لەوەی ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئێران، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندیی پێوە کردووە و سەبارەت بە ئەگەری ئەو هێرشە قسەیان کردووە. ئاماژە بەوەش دەکات، "ئێران و ئەمریکا دەتوانن لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمییەوە بگەنە رێککەوتن."
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا شەوی رابردوو لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، :هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران وای لە ئێران کرد بە شێوەیەکی رەوا بەرگری لە خۆی بکات. هەروەها دەرکەوت ئیسرائیل بەو شێوەیەی بانگەشەی بۆ دەکرد، وڵاتێک نییە بتوانێت توانا ئەتۆمییەکانی ئێران لەنێوببات."
لەبارەی ئاگربەستەکەی ئێران و ئیسرائیل، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژە بەوە کرد، "دەبێت ناوچەکە بۆ هەر ئەگەرێکی تێکچوونی ئاگربەستەکە و دەستپێکردنەوەی هێرشە دوولایەنییەکان وریا بێت، چونکە ئەم جەنگە زیانی ئابووری بە هەموو ناوچەکە دەگەیێنێت، نەوەک تەنیا بە دوو وڵاتەکە."
هاکان فیدان گوتیشی، بۆ بەهەمیشەییکردنی ئاگربەستەکەی ئێران و ئیسرائیل، پێویستە دانوستاندنەکان لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمی دەستپێبکەنەوە، پێشی وایە، "ئێران و ئەمریکا دەتوانن لە بابەتی ئەتۆمدا بگەنە رێککەوتن."
وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، چەند کاژێرێک بەر لەوەی ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئێران، لەلایەن مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی پێگەیشتووە.
بە گوتەی هاکان فیدان، مارکۆ رۆبیۆ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکدا گوتوویەتی، "هەر هێرشێک بکرێت، ئەمریکییەکان دەستیان تێیدا نەبووە، بۆیە با ئێرانییەکان هێرش نەکەنە سەرمان، ئەگەر هێرش بکەن، زۆر بە تووندی وەڵامیان دەدەینەوە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا هەر لەمبارەیەوە دەڵێت، "ئێمە ئەم بابەتەمان لەگەڵ ئێرانییەکان تاوتوێ کرد و گوتمان؛ لە ئەگەری روودانی شتێکی وەهادا ئەمریکییەکان پەیوەندییان بە بابەتەکەوە نییە. بۆیە ئەوان نایانەوێت ئێوە کارێک بکەن ئەوانیش پەلکێشی جەنگەکە بکەن. ئێمە وەک نێوەندگیرێک ئەم پەیامە بە ئێوە دەگەیێنین."
ئەمریکا رۆژی 22ی ئەم مانگە بە فڕۆکەی جەنگی و مووشەک هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانی ئێران.
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی، لە پەیوەندییەکی دیکەی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی هێرشەکەی رۆژی 22ی ئەم مانگەی ئەمریکا قسەی کردووە. بە گوتەی فیدان، عێراقچی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا گوتوویەتی، "ئەگەر ئەم جموجووڵە سنووردارە هەر بەم شێوەیە بمێنێتەوە، وەڵامی ئێمەش سنووردار دەبێت."
ئێران، ئێوارەی 23-06-2025 بە ژمارەیەک مووشەک هێرشی کردە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە قەتەر.
دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکیدا لە سۆشیال تروس سەبارەت رایگەیاند، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە؛ گوتیشی، "ئێران پێشتر ئاگاداری پێشوەختەیان پێدابووین."
فیدان پێی وایە، "هەواڵپێدان بەر لە هێرش کردن" شێوازێکی نوێی جەنگە؛ گوتیشی، "کاتێک ئێوە هەواڵ دەدەن، مەبەستتان ئەوەیە بە لایەنی بەرامبەر بڵێن؛ من نامەوێت لەگەڵت شەڕ بکەم، بەڵام هەلومەرجەکان ناچارم دەکەن، فڵانە کار تاوەکو ئاستێکی سنووردار ئەنجام بدەم، تۆ لەمە تێبگە، لە بەرامبەر ئەمەدا وەڵام مەدەوە، ئەگەر وەڵامیشت دایەوە بەگوێرەی سنوورەکە وەڵام بدەرەوە."
جەنگی ئێران و ئیسرائیل 13ی حوزەیرانی 2025 دەستی پێکرد و تاوەکو 24ی هەمان مانگ بەردەوام بوو.
وەستانی جەنگەکە دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، 24ی حوزەیران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ رێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لەنێوان ئێران و ئیسرائیل راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ