راوێژکاری باڵای ئەردۆغان: پرۆسەی چارەسەری بەردەوامە و هەنگاوی نوێی یاسایی لە ئارادان

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی باڵای سەرۆککۆماری تورکیا هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو کارانە کرد کە لە چوارچێوەی ئامانجی پرۆسەی چارەسەریدا بەڕێوەدەچن.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 30ی ئاداری 2026 محەممەد ئوچووم، گەورە راوێژکاری سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێکی لەبارەی پرۆسەری چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا بڵاوکردەوە.
 
ئوچووم دەڵێ، پرۆسەکە بە سەرکردایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان ـی سەرۆککۆمار و هەوڵی گرنگی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە و هاوئاهەنگی دامەزراوەکانی دەوڵەت بەردەوامە.
 
ئوچووم ئاماژەی بەوەدا، کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە وەک یەکێک لە قۆناخە گرنگەکانی پرۆسەکە لە پەرلەمانی تورکیا دامەزرا، لە 18ـی شوباتی 2026 راپۆرتەکەی تەواو کرد و  کۆمیسیۆنەکە "بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی لە ئەستۆ گرت."
 
ئوچووم جەختی لەوەش کردەوە کە لە قۆناخی داهاتوودا لە چوارچێوەی راپۆرتەکەدا رێکخستنی یاسایی دێتە رۆژەڤەوە.
 
"هەنگاوی نوێی یاسایی لە ئارادان"
 
ئۆچووم رایگەیاند، بەپێی پێشنیازەکانی راپۆرتی کۆمیسیۆنەکە، ژێرخانی یاسایی پەیوەست بە قۆناخی گواستنەوە لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە دادەڕێژرێ و لە هەمان کاتدا ئەو هەنگاوانەش دێنە ئاراوە کە ستانداردەکانی دیموکراسی بەهێز دەکەن.
 
ئۆچووم دەڵێ، لە کاتێکدا پرۆسەکە بەردەوامە، هەندێک لایەن هەوڵی "تێکدەرانە" دەدەن؛ باسی لەوەش کرد کە عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش سەرنجی بۆ ئەو جۆرە هەوڵانە راکێشاوە و گوتی: "هەرچەندە ئەم هەوڵانە لاواز بوون، بەڵام هێشتا بەردەوامن."
 
ئۆچووم ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە هەندێک لایەنی نێوخۆیی و دەرەکی "هەوڵ دەدەن ناسیۆنالیزمی کوردستانیی جوداخوازی لە ناوچەکەدا هان بدەن" و رایگەیاند کە بەتایبەتی لە رێگەی پێشهاتەکانی سووریاوە هەوڵ دەدرێت وێنەیەکی رەشبینانە نیشان بدرێ، بەڵام ئەمە کاریگەریی چاوەڕوانکراوی دروست نەکردووە.
 
"تورکیا پاڵپشتی سەرەکیی کوردە"
 
ئۆچووم ئاماژەی بەوەدا، ئەو مشتومڕانەی لەسەر داواکارییەکانی کورد بۆ نوێنەرایەتیی سیاسی، یەکسانی و ستاتۆ بەڕێوەدەچن "بە مەبەست بۆ ئاستی سیاسەتی ناسنامەی ئیتنی کورتکراونەتەوە". هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد، ئەم جۆرە مامەڵەکردنە لەبری ئەوەی داهاتووی کورد مسۆگەر بکات، دەیخاتە مەترسییەوە.
 
ئۆچووم گوتی، ە هەندێک لایەن بە گوتاری "نەتەوەی سەربەخۆی سەروەر" هێڵێکی جوداخوازی پەیڕەو دەکەن و رایگەیاند، ئەم هەوڵانە پەیوەندییان بە ململانێکانی هێز لە ناوچەکەدا هەیە.
 
محەممەد ئوچووم لە درێژەی گوتارەکەیدا دەڵێ، ئامانجەکانی "تورکیای بێ تیرۆر" و "ناوچەی بێ تیرۆر" ئەوە دەردەخەن کە داهاتووی کورد دەتوانرێ لە رێگەی یەکگرتنەوە لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی تێیدا دەژین مسۆگەر بکرێت، نەک بە سیاسەتی "جوداخوازی."
 
ئەو راوێژکارە باڵایەی ئەردۆغان رایگەیاند، تورکیا "بەهێزترین پاڵپشتی" کوردە لە ناوچەکەدا و گوتی، "داهاتووی تورکیا و داهاتووی کوردی ناوچەکە پێکەوە گرێدراون."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە