رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، مووشەکێکی بالیستی کە لەلایەن ئێرانەوە ئاراستە کرابوو، لە ئاسمانی وڵاتەکەیان لەلایەن سیستمی بەرگریی ناتۆوە تەقێندراوەتەوە.
بەگوێرەی ئەو راگەیێندراوەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە 30-3-2026 بڵاویکردەوە، مووشەکەکە لە ئێرانەوە ئاراستە کراوە و لە ئاسمانی تورکیا و لەلایەن ئەو سیستمی بەرگریی ئاسمانییەی ناتۆ کە لە هەرێمی دەریای سپی جێگیرکراوە، تەقێندراوەتەوە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا هەروەها رایگەیاندووە، ئامادەیی تەواویان بۆ هەر هێرشێک هەیە کە دەکرێتە سەر ئاسایشی وڵاتەکە. هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا، بە وردی چاودێریی پێشهاتەکانی ناوچەکە دەکەن.
لەو کاتەی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـی شوبات دەستیپێکردووە، ئەوە چوارەمین مووشەکە لە ئاسمانی تورکیا تێکدەشکێندرێت.
رۆژی 4ـی ئاداری یەکەمین مووشەکی بالیستیی ئێرانی کە سنووری عێراق و سووریای بڕیبوو، لە ئاسمانی پارێزگای هاتای لەلایەن سیستمی بەرگریی ناتۆوە تەقێندرایەوە.
هەروەها 9ـی ئادار دووەمین مووشەک لە ئاسمانی پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان تەقێندرایەوە. رۆژی 13-3-2026 مووشەکێکی دیکە کە بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە ئێرانەوە ئاراستەکرابوو، لە ئاسمانی تورکیا لە رۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست تێکشکێندرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ