وەزیری نەوتی عێراق گەیشتە ئەنقەرە

30-09-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری نەوتی عێراق گەیشتە ئەنقەرە و دەڵێ، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان "پێشهاتێکی گرنگە کە یارمەتیدەرە بۆ سەقامگیربوونی بازاڕی وزەی جیهان."
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە، ئەمڕۆ حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت و ماجد لەجماوی، باڵیۆزی عێراق لە تورکیا لە دیدارێکدا جەختیان لە گرنگیی پەرەپێدانی هاوکاریی نێوان عێراق و تورکیا لە بوارەکانی وزە، وەبەرهێنان و پڕۆژە ستراتیژییە هاوبەشەکان کردەوە.
 
وەک باڵیۆزخانەی عێراق دەڵێ، هەردوولا باسیان لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان کردووە.
 
بەیانی رۆژی شەممە، 27ـی ئەیلوولی 2025، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان لە رێگەی بۆرییەوە دەستیپێکردەوە. وەزیری نەوتی عێراق لەو بارەیەوە دەڵێ: "ئەم هەنگاوە پێشهاتێکی گرنگە کە یارمەتیی سەقامگیربوونی بازاڕی وزەی جیهانی دەدات و پاڵپشتیی پلانی عێراقیش بۆ زیادکردنی هەناردە و بەرزکردنەوەی تواناکانی بەرهەمهێنان دەکات."
 
لە ئاداری 2023ەوە لە ئەنجامی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی پاریس، هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیرا کە ئەوکات لەگەڵ نەوتى کەرکووکدا بڕەکەى رۆژانە دەگەیشتە نزیکەى 400 هەزار بەرمیل.
 
باڵیۆزی عێراق ستایشی هەوڵە هاوبەشەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرەی کرد بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت.
 
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە رووداوی گوت، سەردانەکەی وەزیری نەوت زیاتر تایبەتە و مەبەستێکی سەرەکی پشکنینی پزیشکییە. 
 
ئەیلوولی ساڵی رابردوو، وەزیری نەوتی عێراق لەکاتی سەردانی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دۆخی تەندروستی تێکچوو، بەو هۆیەوە رەوانەی نەخۆشخانە کرا. 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە