رووداو دیجیتاڵ
کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی تورکیا (تورک-ئیش) رایگەیاند، لە تورکیا هێڵی برسێتی بۆ خێزانێکی چوار کەسی گەیشتووەتە 32 هەزار و 792 لیرە (کە دەکاتە نزیکەی 737 دۆلار) و هێڵی هەژاریش ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد و گەیشتە 106 هەزار و 816 لیرەی تورکی، کە دەکاتە نزیکەی دوو هەزار و 405 دۆلاری ئەمریکی.
راپۆرتی مانگی ئادار بۆ دیاریکردنی مەرجەکانی ژیانی کرێکاران و کاریگەریی گرانبوونی پێداویستییە سەرەکییەکان لەلایەن کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی تورکیا بڵاوکرایەوە.
بەگوێرەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە، قەیرانی ئابووری و هەڵاوسان باری سەر شانی هاووڵاتییانی قورستر کردووە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، ئەو بڕە پارەیەی خێزانێکی چوار کەسی تەنیا بۆ دابینکردنی خۆراکی تەندروست و هاوسەنگ لە مانگێکدا خەرجی دەکات کە بە (هێڵی برسێتی) ناودەبرێت، گەیشتووەتە 32 هەزار و 792 لیرە.
هەروەها هێڵی هەژاری کە جگە لە تێچووی خۆراک، خەرجییەکانی وەک جلوبەرگ، نیشتەجێبوون (کرێ و پسوولەکان)، گواستنەوە، پەروەردە و تەندروستیش دەگرێتەوە، بە 106 هەزار و 816 لیرە دیاریکراوە.
ئەمەش نیشانی دەدات، سەختە خێزانێکی چوار کەسی بتوانێت بە داهاتێکی مامناوەند بژێویی خۆی دابین بکات.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکەی (تورک-ئیش) تێچووی مانگانەی ژیان بۆ کرێکارێک، گەیشتووەتە 42 هەزار و 585 لیرە (نزیکەی 960 دۆلار).
ئەمەش دەریدەخات تێچووی یەک کرێکار زۆر لە کەمترین مووچە زیاترە کە 28 هەزار و 75 لیرەی تورکییە (632 دۆلار).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ