رووداو دیجیتاڵ
بریکاری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، پەیامێکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەمڕۆ بڵاودەکرێتەوە.
شەوی رابردوو 30ی ئاداری 2026، گوڵستان کڵچ کۆچیگیت، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا، باسی لە دوایین کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کرد لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان و رایگەیاند، شاندەکە رۆژی سێشەممە 31ی ئاداری 2026 لەبارەی کۆبوونەوەکە و پەیامەکەی ئۆجەلانەوە روونکردنەوە دەدات.
شاندی ئیمراڵی کە پێکهاتوون لە پەروین بوڵدان، میتحات سانجار و فایق ئۆزگور ئەرۆل، رۆژی 27ی ئادار لە دوورگەی ئیمراڵیی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوونەوە.
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە، گفتوگۆکان لەبارەی پڕۆسەی چارەسەری بەردەوامن و چاوەکان لەسەر هەنگاوە یاساییەکانی پڕۆسەکەن.
عایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، ئەم سەردانە بۆ ئەوان زۆر گرنگە و گوتی، "شاندەکە لەبارەی چوارچێوەی یاسایی پڕۆسەکە، هەنگاوەکانی چەکدانان و ستاتۆی بەڕێز ئۆجەلان راوێژ دەکات."
دەم پارتی داوا دەکات هەنگاوە یاساییەکانی پڕۆسەی چارەسەری کە حکومەت بۆ دوای جەژن دواخستبوون، دەستبەجێ دەستپێبکەن، بەڵام دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، رۆژی سێشەممە 24ی ئاداری 2026 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا رایگەیاند، "پێویست ناکات پەلە لە پڕۆسەکەدا بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ