کاتێک خاوەنی ماڵی خۆت بیت

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
سیروان رەحیم
A+ A-
 
گەر دێ هەبوویا مە سەرفەرازەک
ساحب کەرەمەک سوخەن نەوازەک
نەقدێ مە دبوویە سککە مەسکووک
نەدما وەهە بێ رەواج و مەشکووک
(خانی)
 
راپەڕین بوو، خەڵکەکە لەنێو دووانەی شۆک و خۆشحاڵییەکی دەگمەندا دەهاتن و دەچوون.
 
شوێن چەمچەماڵ بوو، کات بەهاری 1991 بوو.
 
ساڵانێکی درێژمان لە شکست، شەڕی ئێران - عێراق، ئەنفالە جۆراوجۆر و ترسناکەکان، کیماباران و ئابڵوقەی ئابووری بەسەردەبرد. مرۆڤی کورد ساڵانێکی درێژ بوو زەخیرە بوو بۆ شەڕە بێهودەکانی سەرکردەی "ئووممە" و مرۆڤی کورد بە مەرەیەک برا بوو، لە مێژوودا نموونەی دەگمەنە.
 
لە براکوژانێکی بێوێنە سەرمان دەرهێنابووەوە. لە رەگی درەختێک دەچووین پاش داپاچینی بە هەزاران تەور لە رەگەوە وزەی تێدەگەڕێتەوە و باوەش بە ژیاندا دەکاتەوە. پەرجوو بوو هەستانەوەی گەلێک، کە ئەنفال و ژەهربارانی بەعس ژیابوو.
 
باشووری کوردستان ئەو رۆژانە لە دۆخێکی سەختی نەبوونیدا دەژیا. دۆخێک مەگەر هەر مامۆستا مەسعود محەممەد تاوەکو ئەو دەمە گونجاو لێیکۆڵیبێتەوە و پێناسەی کردبێت، وڵاتەکە لە "نەزیفی ئیقتیسادی"دا دەژیا، خوێن لەبەر ئابووری و لەبەر هەبوونی دەچۆڕا، خوێنێک دراوسێکانی هۆکاری رژاندنی بوون، ئەوان خوێنی جەستە و هەموو شتێکی کوردیان دەڕژاند و دەڕێژن.
 
کۆمەڵێک لاوی بێ دەرفەت بووین، بێ توانای ئابووری، بێ پشت و پەنا، بەڵام پڕ بووین لە خەیاڵ و لە خۆشەویستیی کوردستان، ئەوەش وای لێکردبووین بە ئەرکی خۆمانی بزانین شت بکەین و لە پاراستنی دەرفەتەکەدا بەشدار بین. نرخی ئازادی ئەوەندە خۆشحاڵی کردبووین کە خۆشحاڵیمان سنووری نەدەناسی.
 
کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانمان هەبوو. هەموو چالاکییەکی هونەری و ئەدەبیی خۆمان راگرت، رادیۆمان دروستکرد، رادیۆیەکی یەکجار سەیر و کاریگەر. رادیۆیەکی زۆر سادە، بەڵام کاریگەر لەو رۆژانەدا، بەو جۆرە بەشدار دەبووین لە راپەڕین و لە رێنوێنیی خەڵک و پێشمەرگەدا.
 
گوتارمان دەنووسی و دەمانخوێندەوە، شیعری بەرگری و نەتەوەییمان دەخوێندەوە، بەرچاوڕوونیمان بڵاودەکردەوە، بڕیار و رێنوێنییەکانی بەرەی کوردستانیمان بڵاودەکردەوە.
 
بەرەو نەورۆز دەچووین و بەرەی کوردستانی و پێشمەرگەکانی کوردستانیش بەنیازی ئازادکردنی کەرکووک بوون لە چنگی بەعس. بەعس ئامانجی بوو کورد و پێشمەرگەی کورد نەگەنە ناوەندی کەرکووک و ئەو شارە بۆ ساتێکیش لەنێو چنگی ئاسنینی دەرنەچێت؛ بەڵام پێشمەرگەی کورد توانییان ئێوارەی نەورۆز شارەکە ئازاد بکەن و ئاگری نەورۆزی تێدا کرایەوە. ئەو رۆژەی نەورۆز رۆژێکی دەگمەن بوو لە مێژووی نزیکی نیشتماندا، رۆژێک یەکجار گەش و شەوەکەیشی یەکجار رووناک بوو.
 
لە رادیۆکەمانەوە بانگەوازمان دەکرد بۆ کۆکردنەوەی خۆراک بۆ پێشمەرگەکانی سەنگەر، تەنیا نانی رەقمان بۆ دەهات، تەنیا نانی رەق کۆدەکرایەوە، خەڵکەکە هیچیان نەبوو، نانی رەق نەبێت، چونکە لە قڕکردن، لە جەنگ، لە ئەنفال و کیمیاباران هەستابووینەوە، بە تونێلە تاریکەکانی بەعس دا رەت ببووین و گەیشتبووین بەم رۆژی ئازادییە؛ چونکە ماڵی خۆمان نەبوو، وەکو خانی فەرموویەتی، "سەرفرازی"ی خۆمان نەبوو، دەوڵەتت نەبێت نەیارەکەت داتدەڕزێنێت، داتدەوەشێنێت و نەک تووشی "نەزیفی ئیقتیسادی،" بەڵکو تووشی هەموو دەرد و ئازارێکی دیکەت دەکات و بەردەوامیش دەڵێت، "برای یەکین."
 
ئێستا لەم رۆژانەی کە کورد بوون بە یەک دەست و یەک دڵ، کاتێک نان و هاوار لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان بەش دەکەن، ئەو رۆژانەی راپەڕینی 1991 هاتەوە بیرم. نانی وشک و رەقمان کۆکردەوە، بەڵام ئێستا کە ماڵۆچکەیەکمان هەیە لە باشوور، گەر "برا" دراوسێکانمان بهێڵن، دڵنیام دەبێت بە ماڵی تەواو، دەبینین چونکە خاوەنی ماڵۆچکەیەکین، دەبینین چۆن کاروانی کۆمەک ملی رێی گرتووە بەرەو رۆژئاوا. دەبینین چۆن وەکو مێروولە بارهەڵگرەکان لە باشووری راپەڕینەوە بەرەو رۆژئاوای بەرخودان دەچن.
 
ئەمە بردنی خۆراک و کۆمەک نییە، ئەمە هاوکاری نییە لەم دەستەوە بۆ ئەو دەستی هەمان تەن، بەڵکو ئەمە رابوونی نەتەوەیەکە نایەوێت بە چۆکدا بێت، نەتەوەیەک سەتان ساڵ هەوڵی دۆزەخی دەدەرێت بۆ لەیەکدی دابڕینی، بەڵام ئەم تەنە پتەوە، ئەم لەشە چیا ئاسایە، نانەوێت و خۆی بەدەستەوە نادات.
 
هەر گەل و نەتەوەیەک خاوەنی ماڵی خۆی بێت وەهایە، لە هەر گۆشەیەوەکەوە تووشی کارەسات بێت لە 10 گۆشەی ماڵەکەی خۆیەوە بەدەمیەوە دەچن.
 
ماڵی خۆت هەبێت، هەیت؛ بۆیە نەیارانی کورد نایانەوێت کورد ببێتە خاوەنی ماڵی خۆی، ببێتە خاوەنی ئابووریی خۆی و ببێتە خاوەنی زمانە شیرینەکەی خۆی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە