لە زۆرینەی وێنەکانیدا، ئێمە پیاوێکی شەپقە لەسەری چرووت بەدەمی گۆچان بەدەست دەبینین، کە هێندەی لە هاندەرێکی پاڵەوانی ئەسپسواری دەچێت لە سیاسی و سەرکردەی وڵاتێکی زلهێز ناچێت. ئەو وینستۆن چەرچڵە.
ئەو پیاوەی وەک شەمەندەفەرێکی رێگەی دوور، زۆر وێستگەی جیاوازی بڕی و نەوەستا. چەرچڵ زیاد لە بەهرەیەکی هەبوو، ئابووریناس، سیاسەتمەدار، نووسەر، وێنەکێش، شاعیر و دواجار سەرکردەی سەرکردایەتیی جەنگی جیهانیی دووەم و شکستپێهێنەری هیتلەر.
ئەو کاتێک لە ئابووری کاریدەکرد، کە پیشەی ئەکادیمی خۆیشی نەبوو، بەڵکو زیاتر بۆماوەیی بوو لە باوکییەوە، بووە وەزیری دارایی وڵاتەکەی و کەسێکی سیاسیی دیاری پارتی پارێزگاران. کاتێک لە حیزب و سیاسەت پەراوێزخرا و نەیتوانی زیاتر پێشکەوێت، نەبووە مشەخۆر بەسەر سیاسەتەوە، کاتی تەواوی خۆیدا بە خوێندنەوە و نووسین و سەفەر بەرەو ئەمریکا و کۆڕ و سیمینار و گفتوگۆ. کاتێکیش دنیا بەرەو جەنگی جیهانیی دووەم دەڕۆیشت، گەڕایەوە و بەهۆی فرەیی و قووڵیی باکگراوەندی، کە کردبوویە کەسێکی ستراتیژیست، لە ساڵی 1940 بووە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا. ئیدی لێرەوە نەخشەی رووبەڕووبوونەوەی هیتلەری داڕشت و توانیی بڕوا بە ئەمریکا و رووسیا بهێنێت و هاوپەیمانێتییەکی بەهێز دژی نازییەکان پێکبهێنێت کە دەتوانین بڵێین بەهێزترین سەرکردەی ئەو جەنگە بوو کە هاوکات سەردەمی سەرۆکە بەهێزەکانی وەک رۆسڤێڵت، ستالین، مۆسۆلۆنی، هیتلەر و ئایسن هاوەر.
ئەگەر سەرکردایەتیی بەریتانیای ئەوکات، گوێیان بۆ پێشنیازەکانی بگرتایە، زۆر زووتر رێ لە داگیرکاریی هیتلەر دەگیرا و هۆلۆکۆست و جینۆسایدی جووەکانیش رووینەدەدا.
هەواڵگریی ئینگلیز، دەیزانی پلانی هیتلەر داگیرکارییەکی گەورەیە و تەواوی ئەوروپا و رۆژهەڵات و ئەفریقاش دەگرێتەوە و دوایی وڵاتە هاوپەیمان یان کۆلۆنیالیستەکانی بەریتانیا سەرەی خودی لەندەن دێت. هەر زوو مستەر چەرچڵ هۆشداریدا لەوەیی ئەمان ناتوانن خۆیان لە جەنگ لابدەن، بۆیە تا زوو هێرش ببەن براوە دەبن، چونکە تا دەستپێکی داگیرکارییەکانی هیتلەر بەریتانیا هێزی ئاسمانی و دەریایی بەهێزتری هەبوو، بەڵام بە ماوەیەکی کەم هیتلەر هێزە ئاسمانی و دەریایی و زەمینییەکانی زۆر بەهێزکرد بە چەکی پێشکەوتوو پلانی نوێ و تۆکمەیی جەنگی. دواجار وەک دەڵێن، "ئینگلیزی رێوی نێو سیاسەت" نەیتوانی خۆی لە جەنگە بەرفراوانەکەی هیتلەر لابدات و دوایی داگیرکردنی هاوپەیمان و ژێردەستەکانی لە ئەوروپا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقا، ئاگری جەنگ گەیشتە نێو لەندەن. ئیدی بە درێژایی رۆژان و شەوانی جەنگ، چەرچڵ وەک چرووتەکەی دەمی، دەسووتا بۆ بەرگری لە وڵاتەکەی.
چیرۆکی زۆر لەبارەی چەرچڵەوە دەگێڕنەوە لە رۆژانی جەنگدا، چۆن خۆی دەچووە سەر کەشتییە جەنگییەکان و گوتاری دەدا و ورەی سەربازانی بەرزدەکردەوە. هەروەک دەگوترێت، رۆژێک مستەر چەرچڵ دەبوو کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ لە رادیۆوە گوتارێک پێشکێش بکات، بڕیار دەدات بە تاکسی بچێت بۆ رادیۆ تاوەکو هەواڵی ناو خەڵکیش بزانێت. کاتێک سوار دەبێت، شۆفێری تاکسییەکە کە نازانێت ئەوە سەرۆکوەزیرانە، چەرچڵ دەڵێت دەتوانیت لە رێگەم بوەستیت و بیشمبەیتەوە، شۆفێرەکە دەڵێت، "ببوورە دەبێت بڕۆمەوە، کاژێر 12:00 مستەر چەرچڵ گوتاری هەیە لە رادیۆ،" چەرچڵیش بەوە زۆر دڵی خۆشدەبێت، بەڵام دەیەوێت زیاتر بیدوێنێت، دەڵێت، "بەڵام دوو قات کرێت دەدەمێ،" شۆفێرەکەیش دەڵێت، "دەی با سەرۆکوەزیران بۆ خۆی گوتاربدات، چاوەڕێت دەبم"، چەرچڵ پێدەکەنێت و دەڵێت کەواتە ئێستایش هێزی پارە و سەرمایە بەهێزترە لە هێزی سەرۆک و شۆڕش!
ئەو توانیی وڵاتەکەی لە داگیرکاریی هیتلەر بپارێزێت و دەرئەنجامیش ئاهەنگی سەرکەوتن لەگەڵ گەلەکەی بگێڕێت.
دوابەدوای جەنگ، هەڵبژاردنی ساڵی 1945 پەرلەمانی بەریتانیا ئەنجامدرا، کە تێیدا چەرچڵ و پارتی پارێزگاران شۆککران، وێڕای سەرکردایەتیی جەنگ و بردنەوەی جەنگ، بە جیاوازییەکی زۆر هەڵبژاردنەکەیان دۆڕان بە پارتی کرێکاران بە سەرکردایەتیی مستەر ئاتلی.
پەیامی دۆڕانەکەی چەرچڵ و پارتەکەی، هەندێک لە چاودێران لە دێڕێکا کورتی دەکەنەوە "لەنێوان جەنگ و ئاشتی، هاووڵاتییان ئاشتییان هەڵبژارد." وەک ئەوەی جەنگ و پاشماوەکانی لەژێر پاڵتۆکەی چەرچڵبن، دەنگدەران پشتیان لە گوتاری رابردووخواز و باس و خواسی جەنگی پارێزگاران کرد و رووە و داهاتوو پارتی کرێکارانیان هەڵبژارد کە گوتاری لەسەر داهاتوو بونیاد نابوو، باسی فراوانکردنی ئازادییەکان و سیستمێکی سۆشیالیست کە تێیدا چینی خوارەوە و مام ناوەند لە سەنتەریدا بوون، بەڵام ئەوەی لەم نووسینەدا بۆ من گرنگە، کۆڵنەدانی چەرچڵە، ئەو توانی ئەو دۆڕانە گەورە قبووڵبکات و کورسی و حکومەت بەجێبهێڵێت و دەوری ئۆپۆزیسیۆنێکی چالاک ببینێت، ئەو دۆڕانە، وەک خەبەربوونەوەیەک ببینێت و خۆی و پارتەکەی ئامادەبکات بۆ چوونە نێو قۆناخی نوێ، هەر بۆیە لە هەڵبژاردنی ساڵی 1951 براوەبێت و جارێکی دیکە و بۆ چوار ساڵ بگەڕێتەوە خانووی ژمارە 10.
واتە ئەو بردنەوەکانی بە مەرجی نەدۆڕان نەبووە، لە دۆڕان و شکستەوە، بردنەوە و سەرکەوتنی دروستکردووە، بێ ئەوەی کاریزمابوونی بەکاربهێنێت بۆ هەوڵی تاکڕەوی و دیکتاتۆری.
کۆڵنەدانی ئەو تەنیا لە سیاسەتدا نەبوو، چونکە تواناکانی ئەو کورت نەببووەوە لە سیاسەتدا، بەڵکو نووسەرێکی باش و گوتاربێژێکی کاریگەر بوو. ئەکادیمیای نۆبڵ ساڵی 1953 خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبییان پێبەخشی و لە بەهانەی ئەوەی بۆ ئەو خەڵاتەیان داوەتێ دەنووسن، "بەهانەی خەڵاتەکە، بۆ لێهاتوویی وەسفی بایۆگرافی و مێژوویی، هەروەها توانا نایابەکەی لە بەرگریکردن لە بەها مرۆییە باڵاکان"ـە.
ئەویش بەرهەمی کۆڵنەدانی لە خوێندنەوە و نووسین، بۆشاییەکانی تەمەنی سیاسی کە شکستی دەهێنا بە قوڵی دەگەڕایەوە بۆ کتێب. ئەو چل و سێ کتێبی نووسی کە زیاتر مێژوو، یادەوەری و چیرۆکن. بەزمانێکی باڵای ئەدەبی، هەروەک توانای رۆماننووسێکی گەورە.
ئەو بەو هەموو توانا و بەهرەیەوە خوێندکارێکی تەمەڵ بوو، باوکی کێشەی زۆری هەبوو لەگەڵ تەمەڵیی کوڕەکەی، ئەو وەک بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند و ناسراو، دەیویست چەرچڵ پزیشکی یان ئەندازیاری لە ئۆکسفۆرد بخوێنێت، بەڵام دوور لە خەونی باوکی، کۆلێژی سەربازیی خوێند. ئەو وەک زۆرینەی عەقڵە گەورەکان، خەونی لەوە زیاتر و گەورەتربوو کە لە چوارچێوەی پێگەیاندنی خێزان یان خوێندنگە بمێنێتەوە، ئەو بە رێگە نادیارەکانی خەیاڵ و خەونی خۆیدا رۆیشت، کتێب سەرچاوەی ئیلهامی بوو. چەرچڵ نموونەی کۆڵنەدانە بۆ منی خوێنەر، ئەگەرنا وەک کوردێک وێنەی سیاسیی ئەوم لەبەرچاوە و ئازارم دەدات، کە تەنانەت ئەمیش لە دووریی هەزاران کیلۆمەتر بەشدارە لە کوشتنی هاونیشتمانییەکانم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ