دۆڕانی یەکدی، دۆڕانی راستەقینەیە

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیبراهیم عەبدولحافز
A+ A-
 
بەدرێژایی مێژوو گەلی کورد کەوتووەتە بەر شاڵاوی بەردەوامی ستەم و قڕکردن، هەندێک جار لەژێر پەردەی ناسیۆنالیزم و هەندێک جاریش لەژێر پەردەی ئایین و هەندێک جاریش بەهۆی خاکی کوردستان و سەرچاوەکانی و هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە، ئەم هەڵمەتانە لە کتێبە مێژووییەکانی عەرەبدا وەک "فەتحی ئیسلامی" لەسەر دەستی ئەو کەسانەی کە بەناو موسڵمانن و بانگەشەی موسڵمان بوون دەکەن، یان بەناوی شەڕ لە دژی "یاخیبووان"، "رەگەزپەرستان" و "جیاخوازان"، وەک لایەن و حیزبە ناسیۆنالیستەکانی عەرەبی وەسفی دەکەن، خراوەتەڕوو. بە تێپەڕبوونی کات ئەم نووسین و گێڕانەوانە لە بیرکردنەوە و کولتووری کۆمەڵایەتیی توێژە گەورەکانی کۆمەڵگەی عەرەبیدا چەسپاون، بەتایبەتی لە عێراق و سووریادا. ئەم مێژووە شێواوە تەنیا لە ئاستی جەماوەریدا سنووردار نەبووە؛ بەڵکو ئەم مێژووە ساختەیە بووەتە بەشێک لەو پڕۆگرامەی کە لە قوتابخانە و زانکۆکاندا دەخوێندرێت بە ئامانجی چاندنی ئەم ئایدۆلۆژیایە لە نەوە نوێیەکاندا کە خۆیان راستەوخۆ ئەزموونی ئەو داگیرکارییەیان نەکردووە و بێ ئاگان لە سرووشتی راستەقینەيان.
 
جگە لەوەش ئەم سیاسەتانە بووە هۆی دروستبوونی مامەڵەی ناڕەوا و رەگەزپەرستانە لە پەیوەندی نێوان تاکی عەرەب و کورددا، تاوەکو ئەو رادەیەی کە ئەم رەفتارە لە ژیانی رۆژانەدا نزیک بوو لە رەفتاری دامەزراوەیی، حیزبی بەعس بە بیانوو و درووشمی جۆراوجۆر، رۆڵێکی سەرەکی بینی لە چەسپاندنی ئەم عەقڵیەتە بۆ دەیان ساڵ لە سووریا و عێراق بە نکۆڵیکردن لە بوونی کورد و زمان و کولتوور و خاکەکەی، یەکێک لە دیارترین ئەو درووشمانە ئەوەیە کە دەڵێن، "هەر کەسێک لەسەر خاکی عەرەب دەژی عەرەبە، تەنانەت ئەگەر بە زمانێکی دیکەش قسە بکات"، لێدوانێک کە وەک چەکێک بۆ نکۆڵیکردن لە خاکی کورد و ناسنامەی نەتەوەیی بەکارهێنرا، تاوەکو ئەو ئینکارییە گۆڕا بۆ کولتوورێکی بەربڵاو.
 
لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە شۆڤێنییەدا زۆرێک لە گەلان و وڵاتانی دەوربەرمان لەمڕۆدا هیچ مافێک بۆ کورد بە رەوا نابینن، نە لە عێراق و نە لە سورویا، تەنانەت هەندێکیش بانگەشەی ئەوە دەکەن کە مێژووی کورد لە ناوچەکەدا لە سەد ساڵ زیاتر نییە. بەڵام ئێمە بە پرسیارێک دەربارەی مێژووی ناوچەکە وەڵامی ئەو بۆچوونە دەدەینەوە و دەپرسین: کاتێک دەوڵەتی ماد کە باوباپیرانی کوردن لە ساڵی 612 پێش زایین لەگەڵ بابلییەکان هاوپەیمانییان واژۆکرد و بەشدارییان لە رزگارکردنی نەینەوای پایتەختی ئیمپراتۆریەتی ئاشووری کرد، عەرەبەکان لەو سەردەمەدا لە کوێی عێراقدا بوون؟
 
کێشەی کورد لەگەڵ عەرەبدا تەنیا لە جیاوازیی زمان یان بنەچەدا سنووردار نییە، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ جیاوازییەکی قووڵی کولتووری و کۆمەڵایەتی. سەرەڕای هەوڵی دووبارەی کورد بۆ دروستکردنی پەیوەندیی نزیکتر و قبووڵکردنی شەراکەت لەگەڵ عەرەب، بەڵام زۆرجار ئەم هەوڵانە رەتدەکرانەوە. رووداوەکانی ئەم دواییەی سووریا بە روونی ئەمە دەردەخەن، چونکە کورد هەوڵیدا هاوپەیمانی لەگەڵ هۆزە عەرەبەکان لەژێر ئاڵای "برایەتی گەلان"دا دروست بکات، بەرگری لە خاکی عەرەبی کرد و بۆ ماوەی زیاتر لە دە ساڵ گیانیان بەخت کرد بۆ بەرگریکردن لەم پرەنسیپە، بەڵام دەرئەنجامەکەی ئەوە بوو کە ئەو عەشیرەتانە هەر کە هەستیان بە دەسەڵات کرد، خیانەتیان لە هەموو رێککەوتن و هاوپەیمانییەکان لەگەڵ کورد کرد. ئەم قەیرانەی ئەم دواییە وەک "وانەی  هۆشیاری نەتەوەیی" بوو بۆ کورد، ئەو چەقبەستووییەی کە لە ساڵانی رابردوودا لە نێوان بەشێک لە لایەنە کوردییەکاندا زاڵ بووبوو، زیندوو کردەوە. کاریگەری ئەم هەڵمەتە دڕندانەیە پێچەوانەی ئەوەبوو کە داگیرکەر مەبەستی بوو، لەبری ئەوەی کورد پارچە پارچە بکەن، یەکگرتوویی و یەکڕیزییان زیاتر کرد.
 
هەموو شارەکانی کوردستان شاهیدی شەپۆلی خۆپێشاندانی پڕ لە هەستی کوردایەتی و نیشتمانپەروەری بوون، لەگەڵ دەستپێشخەری بەربڵاو بۆ ناردنی کۆمەک و هاوکاری بۆ کوردانی رۆژئاوای کوردستان بە پارە و پێداویستی و تەنانەت قوربانیدان بە گیانی رۆڵەکانمان. ئەم دیمەنە بۆ ئەو شەمشەمەکوێرە و هێزە تاریکپەرستانە شۆکهێنەر بوو و لە هەمان کاتدا بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش جێگەی سەرنج بوو. لە کۆتاییدا کورد تێگەیشت کە ئەو وتەیەی کە دەڵێن کورد جگە لە چیاکان هیچ دۆستێکی دیکەی نییە، هەڵەیە، بەڵکو وەک پاڵپشت و سەرچاوەی پشتیوانی و هێز خاوەنی یەکترن. هەرێمی کوردستان پاڵپشتییەکی وای پێشکەش بە براکانیان لە رۆژئاوای کوردستان کردووە کە 22 وڵاتی عەرەبی نەیانتوانیووە پاڵپشتییەکی وا پێشکەشی فەلەستین بکەن، ئەمەش گوزارشت لە مانای راستەقینەی هاودەنگی و یەکڕیزی دەکات. بۆیە دەتوانین بڵێین پیرۆزە ئەم یەکڕیزییە، چونکە دۆڕانی یەک جەنگ بە مانای لەدەستدانی دۆز و خاک نییە، بەڵکو دۆڕانی یەکتر، دۆڕانی راستەقینەیە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هیوا جەمال

چۆن 'غەززەی نوێ' نەخشەی دیپلۆماسیی جیهان دەگۆڕێت؟

رۆژی 22ـی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ تەنیا واژۆی لەسەر کاغەزێک نەکرد، بەڵکو بە واژۆکردنی بڕیاری ژمارە (1/2026) بە فەرمی بووە "ئەندازیاری نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست". ئەمە چیرۆکی گۆڕینی غەززەیە لە ناوچەیەکی جەنگەوە بۆ پڕۆژەیەکی ئابووری و ئەمنی بە بەڕێوەبەرایەتییەکی جیهانی.