ئەو رۆژەى شارى چەمچەماڵ بەر لافاو کەوت، نوسیم دەبێت هەزار جار سوپاسگوزار بین کە ئەو کارەساتە سروشتییە بە رۆژى رووناک روویدا، ئەگەر لە شەوێکى درەنگ بوایا، دوور نەبوو بە هەزاران هاووڵاتى نەبنە قوربانى.
بۆ ئەو هێرش و پەلامارەش کرایە سەر رۆژئاواى کوردستان، بە هەمان شێوە دەبێت زۆر سوپاسگوزاربین کە ئەو پەلامارە بۆ سەر ئەو بەشەى جەستەمان بوو لە رۆژئاوا، چونکە ئەگەر رووداوەکە لە باشوور بوایا و پەلامارەکان بۆ سەر هەرێمى کوردستان بوایا، دوور نەبوو کورد لە باشوور بە تەنها بەجێبهێڵدرایا.
پێم وانییە هیچ کوردێک مابێت لەو راستییە تێنەگەیشتبێت کە مەترسى بۆ سەر هەر بەشێکى کوردستان، مەترسییە نەک هەر بۆ پارچەکانى دیکە، بەڵکو هەڕەشەیە لەسەر تەواوى نەتەوەى کورد جا لە هەر کوێیەکى ئەم دونیایە بژێت. ئەوەى لە رۆژئاواى کوردستان روویدا دەستپێک و سەرەتاى پیلانگێڕییەکى گەورە بوو بۆ هەموو کورد. ئەوانەى عەڕابى ئەو پیلانگێریە بوون ئەو راستیەیان نەشاردەوە کە دواى رۆژئاوا نۆرەى باشوورە. بەڵام هەر لە رۆژئاوا خەونى نەیارانى کورد لە گۆڕنراو رۆژئاواو باشوور و هەموو کورد بە سەربەرزى لەو پیلانگێڕییە رزگاریان بوو.
لەبەر زۆر هۆکار کە ئێرە شوێنى گوتنیان نییە، ئەگەر دەستپێکى ئەو پیلانگێڕێیە لە باشوورەوە دەستیپێبکردایا، نەک ئەو هەست و سۆزى پشتیوانییە کوردى و جیهانییە دروست نەدەبوو کە ئێستا بۆ رۆژئاوا دروستبووە، بەڵکوو رووداوەکە دەبووە مایەى لێکترازانى زیاتر، لەکاتێکدا ئەگەر تەواویش دڵنیابوایان دواى باشوور مەترسی و هەڕەشەکان دەچووە رۆژئاوا. وەک چۆن پێشتر نە بۆ ئەنفال و هەڵەبجە و نە بۆ شەنگال و نە بۆ داگیرکردنى کەرکوک ئەو هاوهەڵوێستییە نەبوو.
لێرەدا سەربارى زۆر شتی دیکە، بەڵام دەکرێت قەوارەى کورد لە باشوور وەک خاڵى بنەڕەتى و بناخەى یەکڕیزى کورد وێنابکرێت لەم دۆخەى رۆژئاوا. هەرێمى کوردستان بووە داینەمۆى ئەو بزاوتە سیاسى و جەماوەریی و دیبلۆماسییەى کوردى بردە قۆناخێکى دیکەوە. ئەمە بۆ مێژوو جێگەى پێزانینە بۆ هەر یەک لەوانەى رۆڵیان تیاگێڕاوە.
بەڵام ئەوەى لە باشوورى کوردستان پێویست بوو رۆڵى سەرەکى لە کۆکردنەوەى جیاوازییەکان بگێریت و ببێتە ناوەندى سەرەکى کۆکردنەوەى کورد لە دەورى یەکتریى و ببوایەتە کلیلى کردنەوەى دەرگاکانى جیهان بە رووى کوردستاندا، پەرلەمانى کوردستان بوو کە هیچ رۆڵێکى نەبینى. لە کاتێکدا لە کنێستى ئیسرائیلەوە بۆ پەرلەمانى بەشى زۆرى وڵاتانى ئەوروپا و کۆنگرێسى ئەمریکا و بە پەرلەمانى پورتوگالیشەوە، دانیشتنەکانیان تایبەت کردبوو بە رووداوەکانى کوردستان و دۆزینەوەى میکانزیزم بۆ پاراستنى کورد، کەچى ئەو پەرلەمانەى کوردستان ئامادەى ئەوە نەبوون یەک کۆبونەوەیەک بۆ پشتیوانى رۆژئاواى کوردستان ئەنجام بدەن.
لێرەدا پێویستە پەرلەمانى عیراق وەک نمونەیەک بهێنینەوە، کە بەپێى دەستور و یاسا بەرکارەکان دەبوو رێکارەکانى هەڵبژاردنى سەرۆکى کۆمار و پێکهێنانى حکومەت بگرێتەبەر، بەڵام بەهۆى ئەو کێشانەى هەن لەسەر دیاریکردنى کاندیدەکانى سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران، تەجاوزى وادە دەستوریەکان کراوە. بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆى ئەوەى پەرلەمان دەرگاى باڵەخانەکەى دابخات و هیچ کۆبونەوەیەک ئەنجام نەدات بە پاساوى ئەوەى کورد و شیعەکان لەناو خۆیاندا لەسەر پۆستەکانى سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران رێک ناکەون.
ئەوەى لە کوردستان روویداوە ئەوەیە لەبەر ناکۆکى پارتى و یەکێتیى لەسەر پۆستەکانى حکومەت، پەرلەمانى کوردستان دەرگاى باڵەخانەکەى داخستووە. لەکاتێکدا دەبوو پەرلەمان کارى خۆى بکردایا تەنانەت ئەگەر چەند پێکهێنانى حکومەتیش دوا بکەوتایا. لەکاتێکدا لە یەکەم کۆبونەوەى ساڵێک لەمەوبەرەوە سەرۆکى تەمەن دیاریکراوە و دەتواندرا ئەم بەتەمەنترین ئەندامەى پەرلەمان کە رۆڵى سەرۆکى پەرلەمانى پێسپێردراوە ئەرکەکانى سەرۆکایەتى دانیشتنى پەرلەمانى بەڕێبکردایا، لەکاتێکدا ئەو بەشێک نەبووە لە ناکۆکى پارتى و یەکێتى. بەهەر حاڵ وەک هیچ هەست و بەرپرسیارێتیەکى دیکەى نەتەوەیى و نیشتمانى ئەو ئازایەتییەى پێنەبەخشین دەست بەکۆبونەوەکانى پەرلەمان بکەن، دەبوو ئەم رووداوانەى رۆژئاواى کوردستان وەک چۆن بۆ تاک بەتاکى کورد لە هەموو بەشەکانى کوردستان و رەوەندى کوردى لە سەرتاسەرى جیهان مایەى هەڵوەستە بوو، هیچ نەبوایا دەبوو ئەو سەت ژن و پیاوە خواپێداوەى هەرێمى کوردستانیش کە ناویان ئەندامى پەرلەمانە، تەنها ئەوەندە ئازایەتیان هەبوایا یەک کۆبونەوەیەکى پەرلەمانیان رێکبخستایا تایبەت بە پشتیوانى رۆژئاواى کوردستان و ئەوان رووى بانگەوازیان لە جیهان بوایا بۆ بەدەنگەوەهاتنى کورد و پاراستنی لە سەرلەنوێ جینۆسایدکردنەوە.
ئەوە گریمان پارتى و یەکێتیى ناکۆکییان لەسەر پۆست و دەسەڵاتەکانى حکومەت گەیشتووەتە ئەو دۆخەى بایەخیان بۆ پەرلەمان نەمێنێت، کێ رێگربوو لەوەى فراکسیۆنێکى پەرلەمانى لە هێزەکانى دیکەى دەرەوەى پارتى و یەکێتیى، بانگەوازى کۆبونەوەیەکى لەو شێوەیەى بکردایا؟ نەوەى نوێ وەک گەورەترین کوتلەى ئۆپۆزسیۆن کە سەرۆکى کاتى پەرلەمان لاى ئەوانە، بۆ ئامادەى هەنگاوێکى لەو جۆرە نەبوو؟ ئەى یەکگرتوو، هەڵوێست، ئەوانى دیکە. بۆ تەنانەت یەک پەرلەمانتاریش ئامادە نەبوو راگەیاندراوێک بڵاو بکاتەوەو داواى کۆبونەوەیەکى نائاسایى پەرلەمان بکات تایبەت بە رۆژئاواى کوردستان. ئایا مایەى شەرمەزارى نییە کە سبەینێ لە لاپەڕەکانى مێژوودا دەنوسرێت پەرلەمانى چەند وڵات کۆبونەوەى تایبەتیان بە کورد ئەنجام داوەو تەنها پەرلەمانە تاقانەکەى کورد لە باشوور هیچ هەڵوێستێکى نەبووە.
لە گەرمەى شەڕى ناوخۆى پارتى و یەکێتیى، لەکاتێکدا رۆژانە چەندین کەسیان لەیەکترى دەکوشت، ژمارەیەکى زۆر لە پەرلەمانتارانەى ئەو دوو حیزبە، پێچەوانەى بڕیارى سیاسى حیزبەکانیان لە ناو پەرلەمانى کوردستان مانیان گرت لە دژى شەڕى ناوخۆ. بەگژ ئەو بانگەوازەى سەرکردەکانى خۆیاندا دەچوونەوە کە ئاویان دەکردە ئاشى کورد کوژییەوە. بەڵام ئەمڕۆ لەناو سەت ئەندامى پەرلەمان گوێبیستى دەنگى تەنها یەک پەرلەمانتاریش نەبووین پێچەوانەى بڕیارى حیزبەکەى بێت کە بڕیارى پێشوەختەیان هەیە بۆ نەچوونە پەرلەمان، ئەم لەبەر خاترى رۆژئاواى کوردستان و لەبەر ئەو هەڕەشە و مەترسییانەى لەسەر نەتەوەکەى هەبوون، لانى کەم هەر بچێتە حەوشەى پەرلەمان و هیچ نا هەر تەنها داواى کۆبونەوەیەک بکات.
ئەمە ئەو راستییە تاڵە دەسەلمێنێت کە پێچەوانەى ئەو پڕوپاگەندانەى بۆ ئازادى و هەڵوێست و ئازایەتى دەینوێنین، چەند پاشەکشەمان کردووە. کوالێتى پەرلەمان و پەرلەمانتار بۆ چى ئاستێکى گوێڕایەڵى و کۆیلایەتى دابەزیووە. نەک هەستکردن بە بەرپرسیارێتى سەر شانیان لە خستنەوە سەرسکەى پرۆسەى سیاسى هەرێمى کوردستان، تەنانەت پەلامارو لەشکرکێشى بۆ جینۆسایدى میللەتەکەشیان رایان ناچڵەکێنێت. کە هەق وابوو پەرلەمانتاران لەدواى ئەم رووداوە مێژووییە وەک سادەترین هەڵوێست دەستیان لەکار بکێشایەتەوە.
بۆ کوردیش لە باشوور جێى پرسیارە، ئایا هەرێکى کوردستان چیتر پێویستى بە مانەوەى پەرلەمان هەیە، باڵەخانەیەکى بێگیان و بێهەڵوێست، مانەوەى چى خزمەتێک بە پرۆسەى سیاسى وڵاتەکە دەکات.ئایا هەق نییە ئەوانەى دەنگیان داوە بەو نوێنەرانە، پاشگەز ببنەوە لە دەنگەکانتان و داواى هەڵوەشانەوەى بکەن، ئەگەر هەر بۆ ناو و بۆ شەرعیەتێکى روکەشانەى حوکمڕانی هەرێمیش پێویستانە، هیچ نەبێت داواى هەڵبژاردنێکى دیکە بکەن بۆ ئەوەى کەسانێک دیاریبکەن لانى کەم کەمترین هەستى بەرپرسیارێتیان هەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ