قسه هه‌زاره دووی به كاره. ئێران فیلمێكی ده‌ركردووه، بۆ سووکایەتیکردن بە كورد و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی. بەبێ ئه‌وه‌ی ئاخافتن و لێدوان و لێكۆڵینه‌وه پێشكه‌شبكات، به زمانێكی ساده ئه‌و نامه‌یه‌ی ویستی بیگه‌یێنێت به جیهانی گه‌یاند. فارس و كورد و عه‌ره‌ب و ئه‌وروپی و ئه‌مریكی، ئه‌م نامه‌یان پێگه‌یشت.
كورته‌ی نامه‌كه ئه‌وه‌یه، كورد میلله‌تێكی سه‌ره‌تاییه و به بنكرده و سه‌ركرده توانای ئیداره‌دانی خۆیانیان نییه و 150 فارس، به سه‌ركردایه‌تیی قاسم سوله‌یمانی، ملیۆنان كورد ده‌هێنن! كوردی خۆمان كه‌و‌تووەته په‌له‌قاژه و هات و هاواری ناوخۆ، به زمانی كوردی، كه‌وتوونه‌ته به‌رگریكردن له خۆیان.
شه‌رح و ئاخافتنێكی دوور و درێژدادڕ، له میدیای كورد پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، شاخی دوو بزنی پێ تیمار ناكرێت. ئه‌م هات و هاواره، له‌و زانیارییه‌ی كورد خۆی هه‌یه‌تی، شتێك زیاد ناكات. واته منێكی كورد پێویستم به‌وه نییه بزانم كه کێ سه‌رپه‌رشتی شه‌ڕه‌كانی ده‌كرد، پێشمه‌رگه قوربانی زۆری‌دا، یان قاسم سوله‌یمانی نه‌بوو كوردستانی پاراست (سه‌دان كیلۆمه‌تر به 150 كه‌س ناپارێزرێت).
ئێمه‌ی كورد ئه‌م شتانه ده‌زانین، به‌ڵام ئه‌م په‌له‌قاژه و هات و هاواره‌ی ناوخۆ ئاماژەیە له سه‌ر په‌ككه‌وته‌یی عه‌قڵی كورد، كه جێگەی به‌زه‌یی پێهاتنه‌وه‌یه. ئێران له ئاستی جیهان كوردی ریسوا كردووه، كورده‌كه‌ی خۆمان دێت به زمانی كوردیی، له ناو بازنه بچووكه‌كه‌ی كورد خۆی كه كه‌س له جیهان ئاگاداری نییه، ده‌یكاته سه‌رچۆپی گوتار دادڕین! كێ له دونیا جگه له هه‌ندێك كورد، گوتار به كوردیی ده‌خوێنێته‌وه؟ كێ ئه‌م وتاره‌ی من ده‌خوێنێته‌وه له جیهان؟ له باشترین دۆخدا، چه‌ند كوردێك ده‌یخوێنێته‌وه.
به‌ڵام با پرسیاری شیاو و به‌سوود بكه‌ین بۆ خۆمان. له‌م هات و هاواره‌ی ئێمه ده‌یكه‌ین، كه فیلمێك هه‌موو سیاسه‌ت و پێشمه‌رگایه‌تی و مێژووێكی چه‌ند ساڵه‌ی ئێمه‌ی خستووەته په‌له‌قاژه، ئه‌ی كوا سینه‌مای كورد؟ كوا فیلمی كورد؟ بۆ كورد سینه‌ما و فیلمی نییه؟
ئه‌گه‌ر سه‌ركردایه‌تیی كورد و داموده‌زگای حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، عه‌قڵی به‌وه نه‌شكاوه گرنگیی سینه‌ما و فیلم له‌م جیهانه بزانێت، ئه‌مه ده‌كرێ ببووردرێت، چونكه عه‌قڵیان پێی نه‌شكاوه و نایزانن، به‌ڵام ئایا كه‌س له كورد پێشنیازی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان نه‌كردووه، كه گرنگیی به سینه‌ما و فیلم بدات بۆ خزمه‌تی كورد. بێگومان خه‌ڵكێكی زۆر پرۆژه و پلانی پێشكه‌ش كردوون، به‌ڵام بێبایه‌خانە مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كراوه.
له‌م 30 ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كورد له باشووری كوردستان، هه‌رچی كورد هه‌یه، ئه‌سیری فیلم و زنجیره دراما و مۆسیقا و هونه‌ری فارس و تورك و عه‌ره‌به. من كه له بواری سینه‌ما و فیلم و هونه‌ره‌كانی په‌یوه‌ست به‌م كایه‌وه كۆڵه‌وارم، ساڵی 2006 و 2012 و 2014 پرۆژه‌م پێشكه‌شی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان كردووه.
له‌و پرۆژه‌یەدا پێشنیازم كردووه گرنگی بدرێت به سینه‌ما و فیلم و دراما. له‌م پێناوه‌دا پێشنیازم كردووه 100 تاوەکو 200 قوتابی و كه‌سی لێهاتوو بنێردرێنه ده‌ره‌وه بۆ خوێندنی سینه‌ما و ده‌رهێنان و فیلم و كامێرا و هونه‌ره‌كانیان. كه‌واته ئه‌گه‌ر كه‌سێكی ناپسپۆر له‌م بواره توانیبێتی ئاگاداری ئه‌م بواره بێت، بێگومان خه‌ڵكانی شاره‌زا و پسپۆر، پرۆژه و پلانی ته‌واویان پێشكه‌شی ده‌سه‌ڵات كردووه.
ئێستا كورد قه‌هرێكی گه‌وره له‌ناو هه‌ناویدا پەنگ ده‌خواته‌وه، چونكه تورك قسووریی نه‌كردووه له ریسواكردنی كورد، له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كانی میدیا و هونه‌ر. فارس قسووریی نه‌كردووه له ریسواكردنی كورد، له هه‌موو ئاسته‌كاندا. له لوبنان، له نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو، نزیكه‌ی پێنج ساڵ له‌وێ ژیام. چه‌ندین فیلمی ئێرانیم بینی كه تێیدا پاڵه‌وانێتییه‌كی درۆینه‌ی خۆیانیان تێدا نمایش ده‌كرد، به‌رامبه‌ره‌كانیان ریسوا ده‌كرد.
یه‌كێك له‌وانه‌ی به‌رده‌وام ریسوا ده‌كرا كورد بوو. وه‌ك كوردێك نایشارمه‌وه، ده‌یان ساڵه، خه‌م و قه‌هری قووڵ له سه‌ر ئه‌م شتانه ده‌خۆم. راپۆرتی كه‌ناڵه‌كانی عه‌ره‌ب یان تورك یان فارسم بینیوه، چۆن به شێوازێكی هونه‌ریانه‌ی لێزان، بێڕێزیی به كورد ده‌كه‌ن. به‌ڵام هه‌میشه پرسیارم كردووه، ئه‌ی ئێمه‌ی كورد كواین، بۆ له‌م مه‌یدانه‌دا رۆڵمان نییه.
له دوای ساڵی 2000 ەوه هه‌ندێك خۆشیی كه‌وته ده‌روونمه‌وه، كه زانیم به‌همه‌ن قوبادی چه‌ند فیلمێكی به كوردی ده‌رهێناوه ده‌رباره‌ی كورد. گوتم ئۆخه‌ی، ئه‌وه كوردیش هاته مه‌یدانه‌وه و ئیتر قه‌رزه‌كانی تورك و فارس و عه‌ره‌ب ده‌ده‌ینه‌وه. به تامه‌زرۆیی چاوڕێبووم، تاوەکو له سینه‌ما نمایش بكرێت. یه‌كه‌م فیلمی كاك به‌همه‌ن كه بینیم نمایش كرا له سینه‌ماكانی وڵاتانی رۆژئاوا (تاوێك بۆ مەستی ئه‌سپه‌كان) بوو. به‌ڵام كه بینیم، خه‌م و قه‌هرم زیاتر بوو، هه‌ستم به شكانه‌وه‌یه‌كی دیکە كرد.
هه‌رچی رووخساری ناشیرین و قێزه‌ون و دواكه‌تنه، له‌م فیلمه، به كورده‌وه نوسێنراوه. له‌م فیلمه، كورد وه‌كو میلله‌تێكی سه‌ره‌تایی نه‌خوێنده‌وار و ساكار و گێل وێنا كراوه. وه‌ك بڵێی كورد هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ن، كه له‌م شاخ و داخانه‌ی سنوور، خه‌ریكی قاچاخچییه‌تین و شێوازی ژیانیان پڕه له كۆمیدیایه‌ك، كاتێك مرۆڤی پێشكه‌وتوو ده‌یبینێت، به به‌زه‌ییه‌وه ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه بۆ بارودۆخی دواكه‌وتنی كورد! كاك به‌همه‌نیش رێك ئه‌م ده‌ره‌نجامه‌ی ئاسان كردبوو بۆ دونیا، كه چۆن له كورد بگه‌ن.
له سینه‌مای وڵاتانی رۆژئاوا، پێش ته‌واوبوونی فیلمه‌كه و هه‌ڵكردنی چرای هۆڵه‌كانی سینه‌ما، له تاریكی‌دا، یه‌كسه‌ر ڕامكردووەته ده‌ره‌وه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بادا كه‌سێكی بێگانه به رووخساره‌وه بمناسێت كه كوردم! چونكه راستییه‌كه‌ی مردن خۆشتره بۆ مرۆڤ، له‌نێو ئه‌و هه‌موو جوانی و هونه‌ر و پاڵه‌وانییه‌تی و سه‌روه‌رییانه‌ی كورد هه‌یه‌تی، وێنه‌ی ئێمه به‌و شێوازه بكرێت كه له فیلمه‌كانی به‌همه‌ن قوبادیدا هه‌یه!
ئه‌گه‌ر ئه‌مه شێوازی ژیانی چه‌ند كه‌سێكه له شوێنێكی لاپه‌ڕگه‌ی كوردستان، ئه‌گه‌ر ئه‌مه ته‌نیا مێژوو و هونه‌ریانه، میلله‌تی كورد خاوه‌نی ژیانێكی دیکە و ده‌ریایه‌كه له داستان و سه‌روه‌ریی و مێژووێكی هه‌زاران ساڵ! ئه‌گه‌ر ئه‌مه به ده‌ستی ئێرانییه‌ك كرابووایە، ده‌مانگوت ناحه‌زه، كه‌چی به ده‌ستی كورد كراوه! ئه‌ی كاك به‌همه‌ن نه‌یده‌توانی له‌سه‌ر قازی محه‌ممه‌د فیلمێك بكات؟ ئه‌گه‌ر له ئێران ماوه نادرێت خۆ له هه‌رێمی كوردستان و له ئه‌وروپا دەرفەت هەیە.
ئینجا سه‌رنج بده چۆن میلله‌تانی دراوسێمان هونه‌ر و سینه‌ما به‌كارده‌هێنن، بۆ خۆ جوان نیشاندان و ریسواكردنی ئێمه، كه‌چی كورده‌كه‌ی خۆشمان، به‌بێ هیچ هۆكار ده‌بێته سه‌ربازێكی ئه‌م دراوسێیه ناحه‌زانه، دێت رم و شیر به‌ره‌و سنگ و زگی كورد دێنێت، هونه‌ر ده‌كاته خه‌ڵوز، ره‌نگی ریسوایی به‌سه‌ر رووخساری كورددا دێنێت! ببینه چۆن ئێران و توركیا و سوریا، هه‌رچی فیلم و درامایان هه‌یه، نمایشكردنی شكۆمه‌ندیی و سه‌روه‌رییه بۆ مێژوو و میلله‌ته‌كه‌یان!
له‌جیاتی گوتارنووسین به كوردی، كه بایی یه‌ك زه‌ڕه كاریگه‌ریی نابێت، به‌ڵكو ته‌نیا خۆ خاڵی كردنه‌وه‌یه له‌ناو پێسته‌ی كوردی شاره‌وه له جیهان، كه كه‌س نه گوێی لێیه و نه ده‌یبینێت؛ پێویسته ده‌ستبه‌جێ بیر له پرۆژه‌ی جیددی بكرێته‌وه بۆ دامه‌زراندنی هونه‌ری سینه‌ما و فیلم و درامای كورد.
پێویسته به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه 100 كه‌سی لێهاتوو بهێنرێنه ئه‌مریكا و ئه‌وروپا، بۆ خوێندن و كاركردن له‌م بواره‌دا، هه‌روه‌ها بۆ په‌یداكردنی ئه‌زموون و لێهاتوویی. ئه‌و كه‌سانه‌ی ته‌واو خۆیان بۆ ئه‌م كایه یه‌كلاییده‌كه‌نه‌وه، پێویسته چه‌ند كۆرسێك سەبارەت مێژوو و فه‌لسه‌فه وه‌ربگرن، بۆ فراوانكردنی تێگه‌یشتنیان له‌م بوارانه‌دا، بۆ ئه‌وه‌ی بزانن چۆن ئه‌م هونه‌ره بۆ خزمه‌تكردنی میلله‌ته‌كه‌یان به‌كاردێنن نه‌ك ریسواكردنی.
به‌ڵام تاوەکو ئه‌و كاته‌ی تیمێكی سه‌ركه‌وتووی ئاوامان ده‌ستده‌كه‌وێت، پێویسته ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان بیر له‌وه بكاته‌وه، چۆن بتوانن له‌گه‌ڵ ده‌رهێنه‌ر و به‌رهه‌مهێنه‌رانی دونیا بكه‌ونه گفتوگۆ، بۆ به‌رهه‌مهێنانی چه‌ند فیلمێك سەبارەت كورد. ده‌كرێت شۆڕشه‌كه‌ی شێخ سه‌عیدی پیران، مه‌مله‌كه‌تی شێخی حه‌فید، كۆماری كوردستان له مهاباد، بە رێكه‌وتنی مه‌لا مسته‌فا بارزانی له مهاباده‌وه بۆ سۆڤییه‌ت، ئه‌حمه‌دی خانی، شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی و سه‌دانی دیکە بكرێنه نێوه‌ڕۆكی چه‌ند فیلمێك و درامایه‌ك.
فیلمه‌كه‌ی ئێران كه شكۆمه‌ندیی ده‌داته پاڵ قاسم سوله‌یمانی (ئه‌مریكا كوشتی و ئێران نه‌یتوانی تۆڵه‌ی بكاته‌وه)، كه كورد ریسوا ده‌كات، به گوتاری كوردیی وه‌ڵامی نادرێته‌وه. باشترین وه‌ڵام ئه‌وه‌یه كورد وه‌ك نه‌ته‌وه هه‌ڵسوكه‌وت بكات، بزانێت چۆن حوكمڕانی راست و دروست په‌یڕه‌و بكات، بزانێت خه‌ڵكانی پێشكه‌وتوو چ ده‌كه‌ن ئه‌ویش هه‌مان مێتۆد به‌كاربێنێت، بۆ خزمه‌تكردنی خۆی و ئاینده‌ی نه‌وه‌كانی.
به‌پێچه‌وانه‌وه، لاواندنه‌وه و زگ به خۆسووتان و حه‌زكردن له گریان و گۆرانی غه‌ریب غه‌ریب و ئای فه‌له‌ك خایینە و ...هتد، پیشه و ده‌رهاوێشته‌ی مرۆڤی كۆیله و ده‌سخه‌ڕۆیه، كه به‌م شێوازه زیاتر خۆی ریسوا ده‌كات و مایەپووچ ده‌مێنێته‌وه. ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستانیش تائێستا له‌سه‌ر هێڵی كاره‌سات هێناویه‌تی، ئه‌گه‌ر بڕیارە ئاینده‌یه‌كی پڕشنگدارمان هه‌بێت، پێویسته رێڕه‌وی ته‌واوی حوكمڕانی بگۆڕدرێت، ئەگه‌رنا داهاتوومان خراپتر ده‌بێت له رۆژگاری ئه‌مڕۆمان!
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ