پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگای کەرکووک

05-01-2024
جەلال جەوهەر عەزیز
A+ A-
بەپێی یاسای ژمارە 4ـی ساڵی 2023، لە یاسای هەموارکراوی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاکانی ژمارە 12ـی ساڵی 2018، دەبێت ئەو حەوت لایەنە سیاسییەی کورسییان بەدەستهێناوە لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، تێگەیشتنی هاوبەش دروست بکەن و بسازێن، هەر چوار نەتەوە (کورد، عەرەب، تورکمان، کلد و ئاشوور) لەسەر دابەشکردنی دەسەڵاتەکان رێکبکەون و حکومەتی خۆجێیی پارێزگای کەرکووک دروست بکەن. 
 
دەسەڵاتە سەرەکییەکانی پارێزگاکان بریتین لە: پارێزگار، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا، جێگری پارێزگار (کارگێڕی و هونەری)، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا و بڕیاردەر، قایمقامی ناوەندیی کەرکووک و قەزاکانی حەویجە و داقوق و دووبز، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان (پەروەردە، تەندروستی، کشتوکاڵ،..) سەرۆکایەتیی شارەوانیی کەرکووک، شارەوانییەکان (قەزاکان)، بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووک. 
 
بەپێی بڕگەی چوارەم لە مادەی 13 (کە تایبەتە بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک) یاسای ژمارە 4ـی ساڵی 2023 کە ئەمە دەقەکەیەتی: دەسەڵات دابەش دەکرێت بە دادپەروەرانە، بەجۆرێک هاوبەشی پێکهاتەکانی پارێزگا مسۆگەر بکات، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان. 
 
دەبێت دەسەڵاتەکانی پارێزگای کەرکووک بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەشبکرێت بە سەر نەتەوەکانی کەرکووکدا بە جۆرێک هیچ پێکهاتەیەکی لێ بێبەش نەکرێت و بەبێ رەچاوکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لەو پارێزگایە.
 
بێگومان دابەشکردنی دەسەڵات بەشێوەیەکی دادپەروەرانەش هەر دەبێت رێوشوێن و بنەمایەکی بڕواپێکراوی هەبێ، چاکترین پێوەر و بنەماش بۆ دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگای کەرکووک، ژمارەی دانیشتووان و ژمارەی کورسی بەدەستهاتووی هەر نەتەوەیەکە لەو چوار پێکهاتەیەی پارێزگای کەرکووک. 
 
من رێوشوێن و پێوەرێکی چاکتر لە ژمارەی دانیشتووان و ژمارەی کورسی بەدەستهاتووی هەر نەتەوەیەک بەدیناکەم بۆ بارودۆخی زەحمەت و ئاڵۆزی ئەمڕۆی کەرکووک.  
 
بەپێی مێژوو، کورد لە پارێزگای کەرکووک هەمیشە زۆرینە بووە لەچاو نەتەوەکانی دیکە، لە ماوەی حکومڕانی یەکەم (1963/2/8- 1963/10/18) و دووەم (1968-2003) بەعسییەکان، توانییان بەپێی سیاسەتی گۆڕینی باری دیمۆگرافی و پاکتاوکردنی کورد لە پارێزگای کەرکووک، باری دیموگرافی پارێزگای کەرکووک بگۆڕن بۆ بەرژەوەندی نەتەوەی عەرەب.
 
بەپێی ئامارە کارپێکراوەکانی ئێستای پارێزگای کەرکووک، لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا، لە دوای گەڕانەوەی بەشێک لە ئاوارەکان، ریزبەندی رێژەی نەتەوەکان لە پارێزگای کەرکووک بەم شێوەیە بووە: کورد، عەرەب، تورکمان، کلد و ئاشووری. 
 
ریزبەندی کورسی نەتەوەکانی پارێزگای کەرکووک لە هەڵبژاردنەکانی پارێزگای کەرکووک لە ساڵانی (2005 تاوەکو 18-12-2023)، کورد هەر لە پێشەوە بووە، لە ‌هەڵبژاردنەکانی (18-12-2023)یش ئەنجامەکان بەم شێوەیە بووە:
کورد حەوت کورسی، عەرەب شەش کورسی، تورکمان دوو کورسی، کلد و ئاشووری یەک کورسی کۆتا. 
 
بەپێی ئەم دوو پێوەرە، کورد لەچاو هەردوو نەتەوەکەی دیکە زۆرینەیە بە بەراورد لەگەڵ هەر یەکێک لە پێکهاتەکانی دیکەی پارێزگای کەرکووک. 
 
بەپێی دەستوور و یاسا بەرکارەکان، دەسەڵاتی دادوەری و جێبەجێکردن لە عێراق بەرپرسیارە لە چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بڕگەی چوارەم لە مادەی 13ـی یاسای ژمارە 4ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و پارێزگا و قەزاکانی عێراق.  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە