بیروڕا
"ئه‌وه‌ى د.به‌رهه‌م به‌رامبه‌ر یه‌كێتى و هاوپه‌یمانى و پارتى كردی، گه‌وره‌ترین گاڵته‌جاڕیى ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه"
چه‌نێك خزمه‌تى دارى پهڵكم* كرد
له‌كۆتاییدا هه‌ر بۆ خه‌ڵكم كرد
((فۆلكلۆرى گه‌رمیان))
(ئه‌م نووسینه ته‌نیا پاژێكه له مه‌له‌فى سیاسى د. به‌رهه‌م و مه‌له‌فه‌كانى تریشى ئاماده كراون و پاژپاژ بڵاوده‌كرێنه‌وه و هه‌ر هه‌مووشى پێكه‌وه ره‌وانه‌ى (په‌رله‌مانى كوردستان) و (ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق) ده‌كرێن.
پرسیار
ئایا د.به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح، كه ئێستا جێگرى دووه‌مى سكرتێرى گشتى (ى. ن. ك) و سه‌رۆك كۆمارى عیراقه، ده‌ستى لهچمكى كه‌واى بێگه‌ردى بزاڤى (هاوپه‌یمانى بۆ دیمو‌كراتى و دادپه‌روه‌رى) به‌رداوه و بۆ بن ساباتى سه‌وزى یه‌كێتى گه‌ڕاوه‌ته‌وه، یان ئه‌و هێشتا هه‌ر به خشكهیى په‌یڕه‌وى لە به‌رنامه‌ى (هاوپه‌یمانى بۆ دیمو‌كراتى و دادپه‌روه‌رى) ده‌كات و هه‌ر به‌ڕووكه‌ش خۆى به یه‌كێتى ده‌زانێت؟
پێش ئه‌وه‌ى وەڵامى ئه‌م پرسیاره بدرێته‌وه، ده‌مه‌وێ به راشكاوانه ئه‌وه بنووسم: ئه‌م نووسینه شیكاریه سه‌باره‌ت به (دیارده)یه‌ك نووسراوه و په‌یوه‌ندى بهتاوڵ و هۆبه‌ى ته‌كتولات و فراكسیۆنسازى و ده‌ستبادان و ملجهڕاندنى یه‌كتره‌وه نییه. باڵباڵێن و ده‌سته‌گه‌رى له‌سه‌ر بنه‌ماى پارێزگارى لە ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندى دانراوه، نه‌ك ململانێى فیكرى و ئایدیۆلۆژى و چاره‌نووسى گه‌لى كوردستان.
ئامانجى سه‌ره‌كى ئه‌م نووسینه لێدوانه له‌سه‌ر (دیارده)یه‌كى سیاسى سه‌رسووڕهێنه‌ر، هه‌ر زۆر دووره له ژیاننامه و بیۆگرافى كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كان. ته‌نیا بڕگه‌یه‌كى زه‌مه‌نى له‌به‌رچاو گیراوه و به‌شه‌كانى تر‌ى قۆناخه‌كه پشتگوێ خراون. ئه‌م جۆره نووسینه له‌جیهانى رۆژنامه‌گه‌ریى وڵاتانى ئه‌وروپادا هه‌ر زۆر ئاسایى و رێگه‌پێدراوه. دیارده‌ى ستایش و داشۆرى رۆژهه‌ڵاتى به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌رچاو ناكه‌وێت و كه‌سیش ئاماده نییه ئه‌و جۆره گوتاره به‌تاڵانه بخوێنێته‌وه.
ئایا د.به‌رهه‌م بڕواى به رێبازى یه‌كێتى هه‌یه؟
من له لێكۆڵینه‌وه‌كانى پێشوودا (ئایا یه‌كێتى بیرى هه‌یه؟) ده‌رباره‌ى بیرى یه‌كێتى و سۆسیال ــ دیموكرات و لیبراڵیزمى نوێ، چه‌ند دێڕێكم بۆ ئه‌م بابه‌ته ته‌رخان كردووه و پێویست به دووباره‌كردنه‌وه ناكات. به‌ڵام من له‌به‌ر دڵى به‌شێك له خوێنه‌رانى ئازیز، هه‌ر زۆر به‌كورتى؛ دووسێ دێڕ له‌سه‌ر پێناسه‌ى لیبراڵیزمى نوێ ده‌نووسم.
یه‌كێتى، به‌گوێره‌ى په‌یڕه‌و و پرۆگرامى سێیه‌مین كۆنگره بێت: رێكخراوێكى سۆسیال ــ دیموكرات و ماركسیه. سكرتێرى گشتیى ئه‌م حزبه، جێگرى سه‌رۆكى (Si) بوو. راسته ى. ن. ك هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه رێگرى نه‌كردووه له‌هاتنه ناوه‌وه‌ی شێخ و مه‌لا و ئاغا و سۆفى و ده‌روێش، به‌ڵام بۆ ئه‌ندامێتى (م.س) و سه‌ركردایه‌تى هه‌ر ئه‌وكاته‌ش نیشانه‌ى پرسیارى له‌سه‌ر داده‌نرا! شێخ و مه‌لا و ئاغا و سه‌رۆك هۆز، نه‌یانده‌توانى نیشانه‌ى پرسیار بخه‌نه سه‌ر ئایدیۆلۆژیاى یه‌كێتى و كۆمه‌ڵه!
تێزه‌كانى د. به‌رهه‌م، به بیر و ئایدیۆلۆژیا، رێك پێچه‌وانه‌ى بیر و ئایدیۆلۆژیا و په‌یڕه‌و و پرۆگرامى یه‌كێتییه! راسته له‌ناو (ى.ن.ك) كه‌س له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕ دادگایى نه‌كراوه، به‌ڵام ئه‌م جێگرى دووه‌مى سكرتێرى گشتى و كه‌سایه‌تیى ژماره یەکی حزبه‌كه‌یه.
ئه‌و بڕاوى به په‌یڕه‌و و پرۆگرامى (ى.ن.ك) نییه، كه‌سێك به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بڕواى به كرۆك و رێبازى حزبێك نه‌بێت و هه‌زار جنێویشی به‌و حزبه دابێت، خێره ئێستا له لووتكه‌ى ههرهمهكهیه و هه‌ر ده‌بێ كه‌سایه‌تى ژماره یه‌ك بێت و پاچ و خاكهنازى وێرانكردنى حزبه‌كه‌شى له‌سه‌رشان دانابێت؟
د. به‌رهه‌م یه‌كێكه له‌وانه‌ى بڕواى به (لیبراڵیزمى نوێ) هه‌یه و هه‌ر له‌یه‌كه‌م رۆژى گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ ئه‌م خاك و نیشتمانه كار بۆ بره‌ودان به‌م رێبازه فیكرى و ئه‌خلاقیه ده‌كات و ئه‌مه‌ش له ره‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتى ئه‌ودا ره‌نگى داوه‌ته‌وه.
جیاوازیى نێوان (لیبراڵیزم) و (لیبراڵیزمى نوێ) ئه‌وه‌یه: لیبراڵیزم: رێبازێكى سیاسى، ئابوورى، كۆمه‌ڵایه‌تیه: بڕواى به بازاڕى ئازاد و مافى مرۆڤ و دادپه‌روه‌ریى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئازادیى تاك و ئازادیى بازرگانى و .. تاد. هه‌یه.
لیبراڵیزمى نوێ: رێبازێكى سیاسى، كۆمه‌ڵایه‌تى، ئابوورى و ئه‌خلاقیى نوێیه، بڕواى به هیچ به‌هایه‌كى سیاسى و ئه‌خلاقى و كۆمه‌ڵایه‌تى نییه. ته‌نیا بڕواى به سه‌روه‌ت و سامان و پاره كۆكردنه‌وه هه‌یه (تاڵان و بڕۆ، سه‌رانه، به‌كارهێنانى ده‌سه‌ڵات بۆ گیرفان پڕكردن و ده‌ست تێكه‌ڵاوكردن له‌كارى بازرگانى و... تاد.) نه حزب لاى گرنگه، نه مافى مرۆڤ، نه دادپه‌روه‌ریى كۆمه‌ڵایه‌تى و نه ناسنامه‌ى نه‌ته‌وه‌یى... تاد.
ئه‌م دوو (دید) و تێڕوانین و جیهانبینى و تێگه‌یشتنه، پێچه‌وانه‌ى یه‌كترن و دژى یه‌كترن و هیچ رایهڵێكى هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌ردووكیاندا نییه. دۆناڵد ترامپ ده‌زانێ بۆ نابێته سه‌رۆكى حزبێكى سۆسیال ــ دیموكرات. جیمى كۆربن له بەریتانیا ناتوانێت ببێته ده‌مڕاستى پارێزگاران یان هه‌ر حزبێكى راستڕه‌و. ته‌نیا له‌ناو (ى.ن.ك) ده‌رگا بۆ باخچه‌یه‌ك خراوه‌ته سه‌رپشت، هه‌موو گوڵه‌كان ده‌توانن بپشكوێن. با له كۆنگره‌ى داهاتوودا له‌به‌ر خاترى د.به‌رهه‌م و هاویدهكانى په‌یڕه‌و و پرۆگرام بگۆڕن و فه‌لسه‌فه‌یه‌كى جیاواز بۆ خۆیان هه‌ڵبژێرن.
ناوه‌ندى بڕیار و باڵى زۆرینه
هه‌رچى خوتبه و گوتار و لێدوان و گفتوگۆى تەلەفزیۆنیى د.به‌رهه‌م هه‌یه، له‌كاتى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى 12/5/2018 بۆ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى به‌غدا و راگه‌یاندنى لیستى (هاوپه‌یمانى بۆ دیمو‌كراتى و دادپه‌روه‌رى)، ئه‌وه من لاى خۆمه‌وه به‌ردێكى زلى له‌سه‌ر داده‌نێم. تا ئه‌مڕۆش له‌سه‌ر تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان گوتار و قسه شیرینه‌كانى ئه‌و به‌سه‌ركردایه‌تى (ى.ن.ك) نه‌سڕاوه‌ته‌وه. ئه‌و هه‌رچى له فه‌رهه‌نگى سیاسى داشۆرى سیاسى و ناسیاسى به‌رده‌ستى ده‌كه‌وت، به تهپڵهسهرى سه‌رانى یهكـێتیدا ده‌كێشا، ئۆباڵى به‌گه‌ردنم قسوورى نه‌كرد و دایك ڕۆڕۆى بۆ نه‌كات. ئێستا كه‌سێك به‌ناوى خۆیه‌وه، هه‌مان قسه‌كانى ئه‌و به‌رامبه‌ر سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى بكاته‌وه، ره‌نگه جه‌نابیان به له‌شكرى میرزا و قهڵەمبهدهستانى خۆى بڵێت: له‌هه‌ر چوار لاوه په‌لامارى بده‌ن و پهتپهتێنى دونیاى وه‌سه‌ر بهێنن!
من نامه‌وێ لێره‌دا له‌سه‌ر (هاوپه‌یمانى بۆ دیمو‌كراتى و دادپه‌روه‌رى) بنووسم، چونكه ئه‌وه چه‌ند نامه‌یه‌كى دكتۆراى ده‌وێت و كارى ئه‌م نووسینه ساده‌یه نییه! ناوهێنان ته‌نیا بۆ وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر وه‌بیرهێنانه‌وه سوودێكى مابێت. لاى پاژێك له‌سه‌رانى (باڵى زۆرینه) لیستى هاوپه‌یمانى و باڵى ناوه‌ندى بڕیار، دوودیوى یه‌ك دراون: كارى یه‌كتر به خشكهیى ته‌واو ده‌كه‌ن.
هه‌ركه لیستى هاوپه‌یمانى راگه‌یێنرا، گوڵه ژاكاوهكانى گۆشه‌یه‌كى باخ و چه‌مه‌نى (ناوه‌ندى بڕیار)، بارانى ره‌حمه‌ت به‌سه‌ریدا بارى و سه‌رله‌نوێ بووژایه‌وه و له هه‌ر چوار لاوه گوڵ و وه‌نه‌وه‌شه بارى. سه‌رانى (ناوه‌ندى بڕیار) رۆژانه پێیه‌كیان لاى باره‌گاى هاوپه‌یمانى و پێیەكهى تریان له ماڵ و باخ و سه‌یرانگاكانى ده‌ره‌وه‌ى شار بوو. برا و كوڕ و خزم و خۆیش و یاوه‌رانیان پاڵیان به د.به‌رهه‌مه‌وه دا! ئه‌مه‌یه فرمسێك هه‌ڵوه‌راندن به‌سه‌ر ته‌رمى ساردوسڕى یه‌كێتى ناو یه‌كێتى!
تاكتیكى ئه‌و قۆناخه‌یان به‌م شێوه‌یه بوو: ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانى (40) كورسى هێنا، ئه‌وه ئه‌مان به‌لێشاو بۆ لاى شۆڕه سوارانى هاوپه‌یمانى ده‌ڕۆن و یه‌كێتى هه‌ڵده‌وشێته‌وه. به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانى له‌هه‌ڵبژاردندا شكستى هێنا، ئه‌وه ئه‌مان بهكهرناڤاڵێكى گه‌وره‌وه، د.به‌رهه‌م بۆ ریزه‌كانى یه‌كێتى ده‌هێننه‌وه. ئه‌م ته‌كتیكه، تهكتیكێكى زیره‌كانه بوو، ئه‌م سه‌ركرده و كادرانه پله و پۆست و ئیمتیازاتى حزبى خۆیان نه‌دۆڕاند و ده‌زگاكانى خۆیان كرده ئامرازێك بۆ ئه‌وه‌ى هاوپه‌یمانى زۆرترین ده‌نگ بدوورێته‌وه و رۆژانه كۆسپیان بۆ چالاكیى (ى.ن.ك) دروست ده‌كرد، به مه‌به‌ستى ئه‌وه‌ى یه‌كێتى بدۆڕێت و هاوپه‌یمانى براوه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان بێت.
ئه‌ندامێكى (م.س) له ته‌لارى هونه‌ر و چه‌ند شوێنێكى تر و له‌به‌رده‌م كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كاندا، به‌ده‌نگێكى زوڵاڵ گوتى: (هه‌ر كه‌سێك له هه‌ر پله و پایەیهكدا بێت و له‌سه‌ر هه‌ر لیستێك خۆى كاندید كردبێت، جگه له لیستى (162) بێبه‌ریه له لیستى (ى.ن.ك) و ئه‌م ده‌ربڕینه ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كى باشى هه‌بوو...
وێناى خۆى و وێناى ئهوهكان
پاش نه‌خۆشكه‌وتنى مام جه‌لال به ماوه‌یه‌كى زۆر كورت، سه‌ردانى د.به‌رهه‌مم له ماڵه‌كه‌ى خۆى كرد و هه‌ر به‌ڕاستیش له‌دڵه‌وه حه‌زم ده‌كرد ئه‌و سه‌ركه‌وتن وه‌ده‌ستبهێنێت. ئه‌و گوتى:
(كاك نه‌وشیروان باشى كرد، كادرى نوێی هێنایه پێشه‌وه و سه‌ركرده كۆنه‌كانى له لووتكه‌ى به‌رپرسیارێتى دوورخسته‌وه و هیچیان به‌ده‌ست نییه.. تاد) ئینجا یه‌ك به یه‌ك ناوى سه‌ركرده‌كانى یه‌كێتى هێنا (....) و (....) گوتى: (ئه‌م سه‌ركردانه یه‌كى بیست سى ساڵه ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تین و هیچ توانایان نه‌ماوه و ده‌بێ دووربخرێنه‌وه و گه‌نجان جێگایان بگرنه‌وه..) من گوتم: (لادانى ئه‌م سه‌ركردانه ئاسان نییه و به‌تایبه‌تى ژماره‌یه‌ك له‌سه‌ركرده دیاره‌كان! ئه‌و هێزى به‌ده‌سته‌وه‌یه و ئه‌م كاره له‌م قۆناخه‌دا ئاسان نییه..) رۆژگار سه‌لماندى ئه‌و پیاوى رۆژانى سه‌خت و ئاڵنگارى نه‌بوو. دوو ته‌قه‌ى لێنه‌كرا. هاته به‌رده‌م حوسێنییه‌كه و به‌زارى شیرینى خۆى گوتى: (من ئه‌م پله و پۆسته‌ى هه‌مه به خۆمى ڕه‌وا نابینم.. تاد). پێیوابوو هه‌ر یه‌كسه‌ر خۆپیشاندن و مانگرتن و قوڕپێوانى سه‌رانسه‌رى رووده‌دات!
ساڵى 2014 سه‌رله‌نوێ من و شێخ میقداد سه‌ردانمان كرد و من پێمگوت: (تۆ خۆت بۆ سه‌رۆك كۆمار كاندید كردووه، دڵنیابه به‌م شێوه‌ى تۆ كارى بۆ ده‌كه‌یت ده‌رناچیت: یه‌كێتى سێ كاندیدی هه‌یه. ئه‌مه سه‌رلێشێوان دروست ده‌كات. با كۆنفرانسێك بكرێت له 900 كادرى پێشكه‌وتووى یه‌كێتى، ره‌نگه 800 كادر ده‌نگ به‌تۆ بده‌ن.. تاد) ئه‌و گوتى:
(مامۆستا جه‌عفه‌ر! تۆ ئه‌مه نازانیت! ئه‌مه به تەوافق ئه‌كرێت!) شیكارییه‌كانى هه‌ڵه ده‌رچوون و ئیدى منیش بڕیارم دا قسه‌ى خێر بۆ هیچ كه‌سێك نه‌كه‌م و كاره‌كه‌م راده‌ستى ره‌شه‌باى رێكه‌وت كرد.
جه‌ماوه‌ر و هه‌ڵبژاردنى 12/5/2018
د.به‌رهه‌م زۆر بڕواى به‌خۆى بوو، بڕواى به‌نزیكترین هاودیدى خۆیشى نه‌بوو. هه‌ڵه‌ى به‌دواى هه‌ڵه‌دا ده‌كرد و ئه‌مه جه‌ماوه‌رى یه‌كێتى لێى تهكاندهوه! ئه‌و پێیوابوو (جه‌ماوه‌ر) له یه‌كێتى تۆراوه و به‌هۆى ئه‌وه‌وه جه‌ماوه‌ر ده‌نگیان به یه‌كێتى داوه. ئه‌م ئه‌گه‌ر خۆى كاندید بكات، لافاوى ده‌نگه‌كان بۆ سه‌ر ناوى ئه‌و ده‌چێت. ئه‌وه‌نده ده‌نگ ده‌هێنێت كورسى سه‌رۆك كۆمار به‌بێ ركابه‌ر بۆ ئه‌م ده‌بێت. كورسى سه‌رۆك كۆمارى ده‌ستەبه‌ر كرد، ئه‌وكاته هاوپه‌یمانى و ناوه‌ندى بڕیار یه‌كده‌گرنه‌وه و یه‌كێتى ده‌پلیشێنێته‌وه و ده‌بێته ئاردى ناو دڕك!
من هه‌ر زۆرم به‌لاوه سه‌یره، ئه‌م پیاوه ماوه‌یه‌ك ئه‌ندامى م.س و جێگرى سكرتێرى گشتى و سه‌رۆك وه‌زیران بوو، كه‌چى نه‌یتوانیبوو وەرهقهكانى ده‌ستى یه‌كێتى له‌بن چاویلكه‌وه، به وردى بخوێنێته‌وه. ته‌نانه‌ت ئه‌و په‌یامه‌ى له‌ولاوه بۆى ره‌وانه كرابوو: (دووبه‌ره‌كى نانه‌وه! لاوازكردنى یه‌كێتى لاى ئێمه به هێڵى سوور و سنووربه‌زاندن داده‌نرێت..) ئه‌مه هه‌ڕه‌شه‌یه و چاوسووركردنه‌وه‌یه و ده‌بێ مرۆڤ په‌یامه‌كه به‌جوانى تێبگات!
ئه‌و گره‌وى له‌سه‌ر (جه‌ماوه‌ر) و كه‌سایه‌تى خۆى و سندوقى ده‌نگدان کردبوو، كه نائومێدى ناكه‌ن. شه‌وى 12/5/2018 سه‌تڵێك ئاوى سارد سارد، له خه‌ونێكى زۆر خۆش به‌ئاگاى هێنایه‌وه.
ئه‌و له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا دۆڕاوترین دۆڕاو بوو. ئه‌گه‌ر ژماره‌ى كورسى به پێوه‌ر دابنرێت: شاسوار عه‌بدولواحید له ماوه‌ى دوو سێ مانگى كارى سیاسی‌دا، رێك دوو ئه‌وه‌نده‌ى ئه‌و ده‌نگى هێنا. خواى گه‌وره به‌زه‌یى به عه‌بدى خۆیدا دێته‌وه و شاسوار داواى نه‌كرد ببێته ئه‌ندامى (ى.ن.ك)، ئه‌گینا دوو ئه‌وه‌نده‌ى د.به‌رهه‌م پۆستى پێشكه‌ش ده‌كرا!
هه‌لێكى زێڕین
له‌ماوه‌ى نێوان (2012 تا 2018) د.به‌رهه‌م سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه جێگاى هیوابوو، بازه‌كه خه‌ریك بوو له‌سه‌ر سه‌رى ده‌نیشته‌وه، ئه‌و هه‌ستى پێنه‌كرد و بازى داماوى هه‌ڵفڕاند. به‌ڵام نه‌یتوانى وه‌كو سه‌ركرده‌یه‌كى سیاسى جیڕ و كۆڵنه‌ده‌ر خۆى رابگرێت و وه‌كو بلدۆزه‌ر، كۆسپ و مۆسپ هه‌مووى رابماڵێت. هێرۆخان سه‌د ئه‌وه‌نده‌ى ئه‌و له تاكتیكى سیاسى كارامه‌تر و خۆڕاگرتر بوو. هه‌ر پاش چوار پێنج مانگ د.به‌رهه‌م قوفڵ بوو، ده‌ستێكى كه‌وته ئه‌ملا و ده‌ستێكى كه‌وته ئه‌ولا.
پاش 12/5 به‌هۆى بارى ته‌ندروستییه‌وه، هێرۆخان كه‌متر به‌شدارى كۆبوونه‌وەی ده‌كرد. باڵى (زۆرینه) به‌ره به‌ره درز و كه‌لێنى تێكه‌وت. نه‌یانتوانى یه‌كڕیزیى خۆیان بپارێزن و درێژه به تاكتیكى پێشوو بده‌ن. یه‌ك دوانێكیان، پاش قۆناخى دڕدۆنگى و سه‌نگه‌ر له‌یه‌ك گرتن، ده‌ستیان شل كرده‌وه و ده‌ستیان خسته سه‌ر شانى گرووپێك له شۆڕهسوارانى (ناوه‌ندى بڕیار) و باڵى زۆرینه‌یان داته‌پاند.
به‌شێك له سه‌ركرده‌كانى (ى.ن.ك) بۆ سیناریۆكانى هه‌ڵبژاردنى 30/9/2018 ی په‌رله‌مانى كوردستان، به‌دواى قازێكدا ده‌گه‌ڕان هێلكه‌ى زێڕیان بۆ بكات! چاوى ته‌ماعیان بڕیبووه ده‌نگه‌كانى هاوپه‌یمانى و بێلایهنكردنى د.به‌رهه‌م.
د. به‌رهه‌م به‌ڵێنى ئه‌وه‌ى پێ‌درابوو، بۆ سه‌رۆك كۆمار كاندید بكرێت، به مه‌رجێك: ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانى بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان به‌شدارى نه‌كات. ئه‌و له‌گه‌ڵ پاژێك له هه‌ڤاڵانى ناوه‌ندى بڕیار و به‌شێك له باڵى زۆرینه له‌سه‌ر ماره‌یى و شیربایى رێكکه‌وتن و هاوپه‌یمانیى داماو به‌بێ ئه‌وه‌ى به‌خۆیان بزانن به‌شوودران.
كۆبوونه‌وه‌ى رۆژى 22/9/2018 ته‌قه‌ى تێكه‌وت، كاتێك به‌شێك له هه‌ڤاڵانى باڵى (ناوه‌ندى بڕیار) ویستیان د.به‌رهه‌م به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت وه‌كو تاكه پاڵێوراو ره‌وانه‌ى سه‌ر شانۆ بكرێت.
ئه‌ندامێكى م. س بۆى گێڕامه‌وه:
((ده‌سته‌یه‌ك له شۆڕهسوارانى ناوه‌ندى بڕیار پێیان له‌سه‌ر ئه‌وه داگرت: ده‌بێ د.به‌رهه‌م وه‌كو سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى بمێنێته‌وه و كاندیدى هاوبه‌شى هه‌موو هێزه كوردستانییه‌كان بێت. به‌بێ ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێته‌وه بۆ ناو یه‌كێتى یان بڕیارى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى هاوپه‌یمانى به‌ده‌سته‌وه بێت. چه‌ند ئه‌ندامێكى مه‌كته‌بى سیاسى داوایان كرد كاره‌كه به‌شێوه‌یه‌كى حزبى به‌ڕێوه بچێت! پێشنیاره‌كه‌ى ئه‌وان به‌م شێوه‌یه بوو: ئێوه هه‌ر به تۆپزى د.به‌رهه‌م ده‌سه‌پێنن، با له سه‌رۆكایه‌تى هاوپه‌یمانى ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه و به نووسراو داواى گه‌ڕانه‌وه بۆ ناو (ى.ن.ك) پێشكه‌ش بكات! پێداگرى ئه‌وان ناچاریان ده‌كات د. به‌رهه‌م، هاودیدهكانى خۆى له بیابانى ته‌نیایى جێبهێڵێت و حه‌وت به‌رد به پشتیاندا بدات..))
چاوه‌ڕوانى و ده‌سكه‌وت
1. هاوپه‌یمانى بۆ دیمو‌كراتى و دادپه‌روه‌رى پاش سه‌نگه‌ر گواستنه‌وه‌ى سه‌رۆكه‌كه‌ى خۆى هه‌ڵنه‌وه‌شانده‌وه. ئه‌وان وه‌كو هێزێكى سیاسى چالاكیى خۆیان ده‌كه‌ن. ژماره‌یه‌كى زۆر كه‌م له هاودیده‌كان ره‌دووى دكتۆر كه‌وتن.
2. ساده‌ترین رێزى بۆ هاودیدهكانى خۆى دانه‌نا، ئیدى نه كۆنفرانس و نه پلینۆمى ماڵئاوایى. هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ى سه‌ركرده‌كانى ناوه‌ندى بڕیار كه‌وتنه برۆ ههڵتهكاندن، به‌گه‌رمى بانگه‌شیان بۆ كرد، نه پرس و نه ماڵئاوایى و نه داواى لێبووردن، به چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ك هه‌مووى بڕایه‌وه.
3. هاتنه‌وه‌ى د.به‌رهه‌م، له‌ڕووى ژماره‌ى ده‌نگده‌ره‌وه هیچ سوودێكى نه‌گه‌یاند و له زۆربه‌ى شوێنه‌كان لیستى (ى.ن.ك) به هه‌زاران ده‌نگ لەوەی هەڵبژاردنی 12/5 كه‌مترى هێنا.
4. هاتنه‌وه‌ى د.به‌رهه‌م ریزه‌كانى یه‌كێتى تێكدا و سه‌دان كادرى دڵسۆز تووشى نائومێدى و دڵشكان بوون.
5. هاوپه‌یمانى دوو ئه‌ندامى هه‌یه له ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق. ئه‌م دووانه هه‌رچه‌ند سه‌ر به د.به‌رهه‌من، به‌ڵام هیچ په‌یوه‌ندیان به فراكسیۆنى یه‌كێتیه‌وه نییه و ته‌نیا دكتۆر به به‌رپرسى خۆیان ده‌زانن.
6. هه‌ر كه‌سێك دوو هه‌فته نه‌بووبێته هاوپه‌یمانى، له‌ناو راوێژكارانى سه‌رۆك كۆماردا ناوی نییه. ره‌نگه یه‌ك دوو كه‌سێك، كه وه‌كو پێشمه‌رجى ره‌زامه‌ندى ده‌ربڕین بۆ دانانى ئه‌و به سه‌رۆك كۆمار، دانرابن.
7. پرسیارى كۆتایى و بنچینه‌یى ئه‌وه‌یه: ماوه‌ى ده مانگى رابردوو سه‌رۆك كۆمار چى بۆ كه‌ركووك و شه‌نگال كردووه؟
ئایا ده‌توانێت پووشێك له‌سه‌ر پووشێك بۆ كورد دابنێت؟
ئه‌گه‌ر ناتوانێت ئه‌م هه‌موو به‌زم و رهزمهى بۆ چی بوو؟
ئه‌و بووه سه‌رۆك كۆمار و یه‌كێتى زیانى قورسى به‌ركه‌وت
1. په‌یوه‌ندیى نێوان یه‌كێتى و هێزه كوردستانییه‌كانى تر بۆ ناو دۆڵى به‌سته‌ڵه‌ك و سه‌هۆڵبه‌ندان هه‌ڵخلیسكا: به‌تایبه‌تى گومان و دڕدۆنگى و خه‌ره‌ندێكى قووڵ له‌نێوان هه‌ردوولا دروست بووه.
2. پێش 2/10/2019 له‌نێوان چه‌ند كه‌سێكى سه‌ر به یه‌كێتى، به‌بێ ئاگادارى (م.س) و (سه‌ركردایه‌تى) له‌گه‌ڵ (م.س) ى پارتى رێكکهوتنامهیهكى زاره‌كى، نه‌نووسراو، كرا. سه‌رۆك كۆمار بۆ پارتى، به‌رامبه‌ر به‌م پۆستانه: چوار وه‌زاره‌تى حكومه‌تى به‌غدا و چه‌ند بریكارى وه‌زیر و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى و دوو ساڵ سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران بۆ یه‌كێتى و دوو ساڵ بۆ پارتى. له به‌غدا لهدواچركهكانى ده‌نگدان، ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامى (م.س) و (سه‌ركردایه‌تى) پاشگه‌ز بوونه‌وه.
3. د. به‌رهه‌م هاته‌وه و بووه سه‌رۆك كۆمار. ئه‌ى ده‌سكه‌وتى یه‌كێتى له‌م هه‌موو بێنه‌و به‌رده‌و سه‌رئێشه‌یه چى بوو؟ ئه‌و بووه سه‌رۆك كۆمار و به‌فڕۆكه سه‌ردان ده‌كات و فه‌رشى سوورى بۆ داده‌خرێت؟
یه‌كێتى خۆى خستووەته بیرێكه‌وه نازانێت چۆن ده‌ربچێت!
ئه‌نجامگیرى
ئه‌م شیكاریه خێرایه، به‌ڕوونى ئه‌وه ده‌رده‌خات: د.به‌رهه‌م نه له‌مبه‌ره و نه له‌وبه‌ره: نه بڕواى به یه‌كێتى و خه‌بات و مێژووى ئه‌م حزبه هه‌یه، نه بڕواى به هاوپه‌یمانى هه‌یه، كه خۆى دامه‌زرێنه‌ریه‌تى. ئه‌و جێگرى سكرتێرى گشتى یه‌كێتى بوو، لێى هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه و به ره‌گ و ریشهیاندا هاته خواره‌وه. ئه‌و ئه‌گه‌ر بڕواى به هاوپه‌یمانى هه‌بووایه جێینهدههێشتن. واته: هه‌ردووى ته‌نیا وه‌كو ئامراز به‌كارهێناوه و له‌گه‌ڵ كه‌س راستگۆ نه‌بووه. گه‌مه‌ى سیاسى و تاكتیك و سیاسهتبازى له رۆژهه‌ڵاتدا تا راده‌یه‌ك چاوپۆشى لێده‌كرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ى د.به‌رهه‌م به‌رامبه‌ر یه‌كێتى و هاوپه‌یمانى و پارتى كردی، گه‌وره‌ترین گاڵته‌جاڕیى ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه!
مرۆڤێك به‌م شێوه‌یه به‌شدارى گه‌مه سیاسیه پێچاوپێچهكان بێت: شایانى ئه‌وه نییه به‌ناوى كورده‌وه، سه‌رۆك كۆمارى عیراق بێت. سه‌رۆك كۆمار ده‌بێت له هه‌موو روویەكه‌وه بهروێنه** (قدوه)ى نه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ و داهاتووى گه‌لانى عیراق بێت و نابێت ئه‌م هه‌موو پرسیاره‌ى له‌سه‌ربێت.
*. دارى په‌ڵك: دارێكه نه به‌رى هه‌یه و نه سێبه‌ر، نه به‌كه‌ڵكى داره‌ڕا دێت و نه سووتاندن و نه ئاگركردنه‌وه و نه ئاژه‌ڵ ده‌توانێت گه‌ڵاكه‌ى بخوات...
** بهروێنه: كاوه جه‌لال له ئه‌ڵمانییه‌وه وه‌ریگرتووه Vorbild، ئه‌م وشه‌یه له دوو بڕگه پێكهاتووه (Vor) به‌ر (Bild) واته: وێنه.
لەلایەن نووسینگەی رۆژنامەڤانی سەرۆککۆماری عێراقەوە وەڵامی ئەم نووسینەی مامۆستا جەعفەر دراوەتەوە و رۆژی دووشەممە 8-7-2019 لە هەفتەنامەی رووداو بڵاودەکرێتەوە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ