هەڵبژاردنی 2020ـی ئەمریكا لە زۆر رووەوە جیاوازترین و قەرەباڵخترین هەڵبژاردنی مێژووی ئەمریكایە. دەنگەكانی بایدن ژمارەیەكی پێوانەییان تۆماركرد و توانی زۆرترین ژمارەی دەنگ كە سەرۆكێكی ئەمریكا بەدەستیهێنابێت، بۆخۆی مسۆگەر بكات.هەر بەو جۆرەی كە ژمارەی دەنگە جەماوەرییەكانی ترەمپیش پێشانیاندا، زۆربەی شارەزایان، میدیا گەورەكان و تەنانەت دەزگاكانی راپرسیش خواستە یان ناخواستە لە خەمڵاندنی دەنگەكان و پێگەی جەماوەریی ترەمپدا بەهەڵەدا چووبوون. جیاوازیی دەنگەكان لە ویلایەتە گرنگ و چارەنووسسازەكاندا ئێجگار كەمە و هەرچەند لەكاتی نووسینی ئەم گوتارەدا بایدن تەنیا توانیویە 264 دەنگی ئەنجوومەنی هەڵبژاردن مسۆگەر بكات، بەڵام لەوانەیە یەكەم هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئامریكا بێت كە ئاژاوە و جووڵەی بەرفراوانی شەقامی لێبكەوێتەوە و تەنانەت لەوانەیە بەس بڕیاری دادگەی باڵا بتوانێت پرسەكە یەكلایی بكاتەوە و سەروترلەوە، پێناچێت ترەمپ تەنانەت بڕیاری دادگەش قبووڵبكات و لەو حاڵەتەشدا هەرچەند بۆ ترەمپ دۆخێكی زۆر دڵخواز نابێت، بەڵام بەپێی دەستوور سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران واتە نانسی پیلووسی دەبێت بە سەرۆكی كاتی.
بەهەرحاڵ ئەنجامی ژماردنی دەنگەكان و جیاوازیی زۆركەمی ژمارەی دەنگی بەربژێرەکان لە زۆربەی ویلایەتەكان ئەو پرسیارە لەلای مرۆڤ قوت دەكاتەوە كە ئایا لە ئەگەری دۆڕاندنیدا ترەمپ هەڵبژاردنی بەكێ یان چی دۆڕاوە؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، دەبێت چەند خاڵێک لەبەرچاو بگرین:
یەكەم: راستە ترەمپ دژەباوترین سەرۆكی ئەمریكا بووە و نادیپلۆماتیكترین شێوازی لێدوان و قسەكردنی هەبووە، بەڵام نكووڵی لێناكرێت كە لە مێژووی ئەمریكادا هیچ سەرۆكێک ئەوەندەی ترەمپ لە جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردنیدا سەركەوتوو نەبووە.
دووەم، لەبارەی ئابوورییەوە، ترەمپ سەركەوتووترین سەرۆكی ئەمریكا بووە و ئەوەش لەكاتێكدایە كە سەرۆكی پێش ترەمپ، واتە باراک ئۆباما چەندین قەیرانی گەورەی ئابووری بەسەردا تێپەڕی و ئابوورییەكی لاواز و ترەمپ گوتەنی وێرانی رادەستی ترەمپ كردبوو.
سێیەم، پرسی ئاشتیی عەرەب و ئیسرائیل بابەتێكە كە لە یەكەم رۆژی سەرهەڵدانییەوە هەموو سەرۆكێكی هاوچەرخی ئەمریكا هەوڵی بۆ داوە و بە دڵنیاییەوە هەموو ئەو سەرۆكانەی پێش ترەمپ ئێرەیی بە ترەمپ دەبەن و ئاواتەخوازبوون ئەو خاڵە بەهێزە لە كارنامەیاندا بووایە.
چوارەم، سەبارەت بە ئێران و ئەمریكا هەر لە یەكەم ساڵی دروستبوونی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تائێستا هەموو سەرۆكەكانی ئەمریكا كۆمەڵێک سزای سووكیان بەسەر ئێراندا سەپاندووە، بەڵام هیچیان نەیانتوانی سزاكانیان بە قەد ترەمپ بۆ ئێران كوشندە و تاقەتپڕوكێن بێت و بەدڵنیاییەوە ئەگەر ترەمپ بۆ خولی دووەمیش هەڵبژێردرایەتەوە، ئەوا سزاكانی ترەمپ چۆكیان بە ئێران دادەدا و پرسی كێشەی ئێران و ئەمریكا یەكلایی دەبووەوە.
پێنجەم، زۆربەی هەرەزۆری سەرۆكەكانی ئەمریكا بەڵێنی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكایان بۆ ئۆرشەلیم (قودس) دابوو، بەڵام هیچیان بوێریی ئەوەیان تێدانەبوو خۆیان لە قەرەی ئەو بابەتە بدەن و بە جۆرێک لە جۆرەكان خۆیان لێدزیوەتەوە و ئەوە ترەمپ بوو كە ئەو بەڵێنەی بردە قۆناخی جێبەجێكردنەوە.
شەشەم، سەبارەت بە چین و یەكێتیی ئەوروپا لە خەیاڵی هیچ مرۆڤێكدا نەدەگونجا كە ئەمریكا هێندە باج لەسەر پیشە و بەرهەمە چینی و ئەوروپییەكان دابنێت. یان زیادكردنی پشكی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لە دابینكردنی بودجەی هاوپەیمانێتییەكەدا لەبەرچاو بگرن، ئەمانە بنێنەپاڵ پێداچوونەوە بە رێككەوتنە ئابوورییەكانی ئەمریكا لەگەڵ كەنەدا و هاوبەشە ئابوورییە گرنگەكانی دیكەیدا.
حەوتەم، رێژەی بێكاری لە ئەمریكا هیچ كات هێندەی سەردەمی ترەمپ دانەبەزیوە. لە وڵاتێك بە 330 ملیۆن حەشیمەت، رێژەی بێكاری3%، ژمارەیەكی ئاڵتوونییە.
مێژووی ئەمریكا سەلماندوویەتی جەماوەری ئەمریكا زیاتر حەزیان لە سەرۆكێكی بوێر و پراگماتیستە نەک كەسێک كە بەزمان و لە پشتی تریبوون و مایكرۆفۆنەكاندا چالاكتربێت و یاری بە وشەكان بكات و پێموایە پراگماتیستتر لە ترەمپ لەمێژووی سەرۆكایەتیی ئەمریكادا نموونەیەكمان دەستناكەوێت. لەبیرمانە كە ئۆباما لە جیهان و وڵاتەكەی خۆیدا بە "باراكی دڕدۆنگ" ناوبانگی دەركردبوو.
راستە ترەمپ لەحن و زمانێكی زۆر جێگەی پەسندی نییە، بەڵام بۆ دەنگدەر و جەماوەری پڕخەرج، مەسرەفگەرا و ئابووریتەوەری وەک ئەمریكا، ئەم خاڵە لاوازە و زۆر بەئاسانی دەكرێت چاوپۆشی لێبكرێت. كارنامەی ترەمپ خاڵی سەركەوتن یان شایەنی ئاماژەی زۆر لەمە زیاترە، بەڵام هەر ئەمانە كافین بۆ ئەوەی وەها سەرۆكێک چاڵنجێكی ئەوتۆی بۆ بردنەوەی خولی دووەم لەبەردەمدا نەبێت. جگە لەوە، ركابەرەكەی ترەمپ كەسێكە كە باری تەندروستیی گومانی زۆری لەسەرە.
هەروەها زۆربەی رووناكبیران و نوخبەی سیاسیی ئەمریكا بەباشی ئاگاداری ئەوەن كە حیزبی دیموكراتی وڵاتەكەیان، لەلایەن چوار بۆ پێنج كەسی سەر بە چەپترین هێڵی حیزبەوە دەستی بەسەرداگیراوە، كەسانێكی وەک بێرنی ساندەرز، ئیلیزابێس وارێن، نانسی پیلۆسی و.. تەنانەت لە ڤیدیۆیەكدا بێرنی ساندەرز بە كۆمەڵێک گەنج دەڵێت، هاتنی بایدن تەنیا سەرەتایە و شتی زۆرتر بەدواوەیە. حاشاش لەوە ناكرێت سۆشیالیزم، ماركسیزم و بیری چەپیش بەگشتی مۆتەكەی زۆرینەی رەهای جەماوەری ئەمریكایە و لەگەڵ كولتووری ئەمریكادا یەكناگرێتەوە. كەواشبوو، بەربژێری ئەم لایەنە چانسێكی ئەوتۆی بۆ شكستپێدانی سەرۆكێک بەو كارنامەی ترەمپەوە نییە، بەڵام چۆن بوو كە كارتی یارییەكە هەڵگەڕایەوە و پاژنەی ئاشیلی ترەمپ چ بوو؟ بێگومان " ڤایرۆسی كۆرۆنا".
سەبارەت بە كرداری ترەمپ سەبارەت بە پرسی کۆرۆناش، بە دڵنیاییەوە ئەگەر لەباتی ترەمپ كەسێكی دیموكراتیش لەسەر دەسەڵات بایە، هیچ گەرەنتییەک نەبوو كە لە كۆنترۆڵكردنی دۆخەكەدا لە ترەمپ سەركەوتووتر بێت و بگرە ژمارەی قوربانیان لەوەی ئێستاش بەرزتر بووایە. هەر خودی ترەمپیش رایگەیاند، ئەگەر لەباتی ئەو ئیدارەیەكی دیموكرات دەسەڵاتدار دەبوو ئەوكات ژمارەی قوربانیان چەند هێندە دەبوو! بەڵام مرۆڤ لەمەڕ هیچ شتێک بە ئەندازەی مەرگ هەستیار نییە و هەر ئەمەش وادەكات سەبارەت بە دۆڕاندنی شیمانەكراوی ترەمپ بتوانیی بڵێین، ئەو لە راستیدا بە كۆرۆنای دۆڕاند نەک بە بایدن. واتە ترەمپ دەبێت پاروویەک بخوات و پاروویەک بكاتە خێر بۆ سەدەقەی سەری "ڤایرۆسە چینییەكە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ