لە سەرەتاوە هەڵکەوتەی شارەکە بە دەوری قەڵاکەدا بووە. بۆیە بەردەوام لافاو شارەکەی گرتووەتەوە. کۆتایی هەشتاکان لە چوارچێوەی کاولکردن و شێواندنی کوردستاندا [هەڵمەتی ئەنفال و ژەهراویکردنی ژینگەی کوردستان] کۆمەڵگەی شۆڕش دروست کرا، دروستکردن لە خراپترین ئاستی کوالێتی و دۆخی گوزەرانکردندا. گەڕەکی زەبەلاحی شۆڕشیش هەر لە ئاستی شارەکەدا دروست کرا، بۆیە بەردەوام لەبەردەم مەترسیی لافاودایە.
لەم ساڵانەی دواییدا شارەکە بەرەو مقان هەڵکشا، ئەو گەڕەکانەی بەرەو ئەوێ هەڵدەکشێن لافاو نایانگرێتەوە. بۆیە کێشەی لافاو کۆنە، بەڵام چەمچەماڵ هەر ئەم کێشەیەی نییە. شارەکە چەند لەبەردەم هەڕەشەی لافاودایە، ئەوەندە و زۆرتریش کێشەی بێ ئاوی هەس. کێشەی کوالێتی ئاوایی و خانووی هەس.
ئایا ناکرێت بەرپرسانی ئێمە و پسپۆڕانی ژینگە و هتد، بیر لەوە بکەنەوە لەبری بلۆک کەرەستەی دیکە بۆ دروستکردن و بنیاتنان بەکار بێت. بلۆک نە مەحکەمە، نە گەرما دەگێڕێتەوە و نە سەرما. بینیمان چۆن دیواری لە بلۆک دروستکراو لەبەردەم لافاودا بەخێرایی بەلادا دێت.
من دەپرسم ئایا ناکرێت بەکارهێنانی بلۆک قەدەخە بکرێت؟ بلۆک ئەو شتەی لەبەردەم لافاودا لە کارتۆن دەچێت. یەکێکی دیکە لە کێشە هەرە سەختەکان لە چەمچەماڵ؛ کێشەی بێ ئاوییە. لە لافاودا ئەو کێشەیە لە بیر دەکرێت، بەڵام ئایا ئەگەر بەنداو هەبێت تەنیا باراناوی دۆڵەکانی بانی مقان و دەوروبەری کۆبکرێنەوە بەشی ساڵێکی شارەکە دەکات؟ یان پڕۆژە بەنداوی دەربەندی باسەڕە؟ گەر ئەو بەنداوە بکرێت ئایا سوودی گەورەی نابێت؟ ئایا هێنانی ئاو لە باسەڕەوە نزیکتر نییە تاکو هێنانی ئاوی زێیەکە؟
بێگومان بەشێک لەو کێشانە کێشەی شارەکانی دیکەیشن. بەهیوام ئەو چالاکی و بنیاتنانەی لە شارە گەورەکان هەن، لە دروستکردنی رێ و بانەوە، لە بنیاتنانی خانوی باشەوە بۆ کارەبای 24 کاژێری و تاکو دەستکەوتەکانی دیکە، شارۆچکە و شارەدێ و دێهاتەکانیش بگرێتەوە.
شارێکی وەکو چەمچەماڵ کە کۆرمۆری هەیە، نەوتی هەیە، خاکی بە پیت و فراوانی هەیە، پێویستە پەسەندکراو نەبێت بەشێکی بەرچاو لە دانیشتووانی لە ژووری لە بلۆک دروستکراودا بژین و هەمیشە لەبەردەم هەڕەشەی لافاو یان قەیرانی کەم ئاویدا بن. بێگومان ئەوە کاری بەرپرسانە کە کوالێتی ژیانی ئەو خەڵکە [هەموو دانیشتووانی ئەم کوردستانە] چاک بکرێت. لە نێو دیمەنەکانی کارەساتی لافاوەکەدا مرۆڤ سەرسام دەبوو بە هەندێک شتی زۆر گرنگ و زۆر مرۆڤانە؛ سەرسام بووم بەو مامۆستایانەی تەکێ لە کاتی هاتنی لافاوەکەدا ئەو منداڵە نازدارانەیان رزگار کرد. سەری رێزتان بۆ دادەنوێنم مۆمستایانی هێژا.
خۆڕاگریی خەڵکی چەمچەماڵ، پشووی درێژ و لێدوانیان بەوپەڕی ئەدەب و ئاکارەوە لە خاڵە گرنگەکانی ئەم کارەساتە بوون.
بەهاناوەهاتن و هاوکاریی چەمچەماڵ لە لایەن زۆر شوێن و شاری دیکەی کوردستانەوە، وای دەکرد لە ناخەوە شانازی بە هەستی مرۆڤانەی کوردستانیانەوە بکرێت.
سوپاس بۆ میلـلەتەکەم، میلـلەتێک سەرباری ئەو هەموو ستەم و بێدادییەی لێکراوە، هێشتا لە خەمی ئەوی دیکەدایە. ئەم کردەوەی بەدەمەوەچوونە، کۆکردنەوەی ئەم هەموو هاوکارییە و بە تەنگەوەهاتنی چەمچەماڵییەکان وانەیەکی گرنگە بۆ هەمووان لێوەی فێر ببن.
خاڵێک کە دەبێت لە ئێستەوە پەرۆشانە کاری بۆ بکرێت؛ پلاندانانە. کاری گرنگ ئەوەیە ئەم هاوکاریی و کۆمەککردنە، ئەو سەرمایەیەی کۆدەبێتەوە پلانێکی لەگەڵ بێت تاکو کارەساتێک یان زیانێک یاخود مەترسییەک کە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەیە رێگریی لێ بکرێت. پلان هەبێت بۆ کۆکردنەوە ئاو، بۆ دروستکردنی ئاوەڕۆی باش و گونجاو، بۆ هەموو شتەکانی دیکەیش. بێ پلان چنینەوەی بەری خۆزگەکان نەکردەیە.
سەرەخۆشی بۆ قوربانییەکانی لافاو و ئاوەدان بێت کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ