تەڵەی گازی سرووشتی؛ تۆڕی کارەبای 100 گێگاواتیی ئێران و خاڵە لاوازەکانی

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
زریان رۆژهەڵاتی
A+ A-
 
 
تۆڕی کارەبای ئێران وەک زەبەلاحێکی ئەندازیاری وایە، کە لە نێوان دوو واقیعی دژبەیەکدا گیریکردووە؛ لە کاتێکدا یەکێکە لە فراوانترین تۆڕەکانی وزە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، کەچی بە تووندی بەستراوەتەوە بە یەک جۆرە سەرچاوەی سووتەمەنی، کە خەریکە بەرەو کەمبوونەوە دەچێت. تاوەکو سەرەتای ساڵی 2024، توانای دامەزراوی ئێران گەیشتووەتە 98,802 مێگاوات، کە ساڵانە 386 تێراوات/کاژێر بەرهەم دەهێنێت بۆ پاڵپشتیکردنی ئابوورییەکی پیشەسازی کە حکومەت پارەی زۆری تێدا خەرج دەکات.
 
بۆ پاراستنی سەقامگیریی تۆڕەکە، کۆمپانیای حکومی "تەڤانیر" (TAVANIR) ناچار بووە رێکاری تووند بگرێتە بەر، بەتایبەت لە کاتی لووتکەی گەرمای هاویندا، کە گوشاری سەر سیستەمەکە لە 88,000 مێگاواتەوە بۆ 77,500 مێگاوات کەم دەکاتەوە. هەرچەندە تۆڕەکە لە رووی فیزیکییەوە دابەشکراوە و لە زیاتر لە 130 وێستگەی سەربەخۆ پێکهاتووە، بەڵام لە رووی ستراتیژییەوە زۆر ناسکە؛ چونکە تەواوی ئەم ژێرخانە 100گیگاواتییە لە "تەڵەی گاز"دا گیریکردووە و ژیانی بەستراوەتەوە بە یەک کێڵگەی گازی دەریاییەوە.
 
"تەڵەی گاز"؛ خاڵێکی لاوازی ناوەندی لە ناو تۆڕێکی نا-ناوەندیدا
 
لە روانگەی بەرگرییەوە، بەرهەمهێنانی کارەبای ئێران بەشێوەیەکی زیرەکانە بڵاوکراوەتەوە؛ هیچ وێستگەیەک زیاتر لە 4%ی توانای نیشتمانی پێکناهێنێت، ئەمەش وا دەکات ئەگەر وێستگەیەکیش لەکاربکەوێت، تۆڕەکە بتوانێت کارەباکە لە شوێنێکی دیکەوە دابین بکاتەوە، بەڵام ئەم دابەشبوونە فیزیکییە، وابەستەییەکی مەترسیداری شاردووەتەوە: 80% بۆ 85%ی کۆی بەرهەمهێنانی کارەبای ئێران پشت بە گازی سرووشتی دەبەستێت، کە 70% بۆ 75%ی ئەو گازەش تەنیا لە کێڵگەی پارسی باشوورەوە دێت.
 
ئەمە وای کردووە دامەزراوەکانی پرۆسێسکردنی گاز لە ناوچەی "عەسەلویە" ببنە خاڵی خنکێنەری وڵات. هەر پەککەوتنێک لەو ناوچەیەدا -چ تەکنیکی بێت یان سەربازی- کارەسات لە دابینکردنی سووتەمەنیدا دروست دەکات. ئەگەر گاز نەمێنێت، وێستگەکان ناچار دەبن سوود لە سووتەمەنی شل (دیزل و مازۆت) وەربگرن؛ ئەمەش کابووسێکی لۆجستییە، چونکە پێویستی بە هەزاران تانکەر و شەمەندەفەر هەیە بۆ گواستنەوە، جگە لەوەی دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگەی وڵات و تێکچوونی خێرای تۆرباینەکان.
 
10 وێستگە زەبەلاحەکە؛ بڕبڕەی پشتی وزەی ئێران
 
ئەم 10 وێستگەیەی خوارەوە بەشێکن لە 36 وێستگە "گەورە"کەی ئێران (ئەوانەی توانایان لە 1000 مێگاوات زیاترە) کە بڕبڕەی پشتی وزەی پیشەسازی و ماڵان پێکدەهێنن:
 
دەماوەند (پاکدەشت) - تاران: توانای 2,868 مێگاوات. گەورەترین وێستگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و کارەبای سەرەکیی پایتەخت دابین دەکات.
 
شەهید سەلیمی (نێکا) - مازەندەران: توانای 2,214 مێگاوات. 95%ی ئامێرە نوێیەکانی لە ناوخۆی ئێران دروست کراون.
شەهید رەجایی - قەزوین: توانای 2,043 مێگاوات. ناوەندێکی گرنگی بەرهەمهێنانە و ژاپۆنییەکان لێکۆڵینەوەیان بۆ مۆدێرنکردنی کردووە.
 
کاروون- 3 - خوزستان: توانای 2,000 مێگاوات. پڕۆژەیەکی ئەندازیاریی مەزنە لە چیاکانی زاگرۆس و تەنیا بنیاتنانی بەنداوەکەی 150 ملیۆن دۆلاری تێچووە.
 
مەسجد سولەیمان - خوزستان: توانای 2,000 مێگاوات. سوود لە تۆرباینی پێشکەوتووی چینی وەردەگرێت.
شەهید عەباسپوور - خوزستان: توانای 2,000 مێگاوات. یەکێکە لە وێستگە دێرینەکانی سەر رووباری کاروون، کە هێشتا وەک جومگەیەکی سەرەکیی هایدرۆئەلەکتریک ماوەتەوە.
 
کرمان - کرمان: توانای 1,912 مێگاوات. بە تێچووی 350 ملیۆن دۆلار لە ناوخۆدا مۆدێرن کراوەتەوە.
رامین - خوزستان: توانای 1,903 مێگاوات. لە بنەڕەتدا بە ئەندازیاریی سۆڤیەت بونیاد نراوە و ئێستا بە قەرزێکی 1.2 ملیار یۆرۆیی رووسیا نۆژەن دەکرێتەوە.
 
سەرەخس - خوراسان: توانای 1,650 مێگاوات. گەرمییە پاشماوەکانی بۆ پڕۆژە کشتوکاڵییە گەورەکانی باکووری رۆژهەڵاتی وڵات بەکاردێت.
 
مونتەزەر قایم - ئەلبۆرز: توانای 1,600 مێگاوات. یەکێکە لە وێستگە سەرەکییەکانی دەوروبەری تاران بۆ پاراستنی سەقامگیریی تۆڕی کارەبا.
 
سەرابی کارەبای ئاو (هایدرۆئەلەکتریک)
 
هەرچەندە بەنداوە گەورەکانی سەر رووبارەکانی زاگرۆس و کاروون 13%ی توانای کارەبای ئێران پێکدەهێنن، بەڵام لە راستییدا تەنیا "سەراب"ـن. بەهۆی وشکەساڵیی بەردەوام و بەکارهێنانی زۆری ئاو بۆ کشتوکاڵ، ئەم وێستگانە زۆرجار کەمتر لە 5%ی کارەبای نیشتمانی دابین دەکەن. بۆیە ئێران رووی کردووەتە پڕۆژەی وەک "سیاه بیشە" لە مازەندەران، کە ئاوەکە پاشەکەوت دەکات و تەنیا لە کاتی زۆر پێویستدا بۆ جێگیرکردنی تۆڕەکە بەکاری دەهێنێت.
ئەندازیاری لە ژێر سزاکاندا؛ چۆن زەبەلاحێکی پیشەسازی لەدایکبوو؟
 
سزاکان ئێرانیان ناچار کردووە بەرەو "خۆبژێوی" لە پیشەسازیدا هەنگاو بنێت، کە تێیدا گرووپی "مەپنا" (MAPNA) سەرکردایەتی دەکات. مەپنا توانیویەتی تۆرباینی گاز و بۆیلەرەکان لە ناوخۆدا بەرهەمبهێنێت. لەو شوێنانەشی کە پارەی ناوخۆ بەشی ناکات، قەرزەکانی رووسیا دەبنە رێگەی رزگاربوون، وەک ئەو 1.2 ملیار یۆرۆیەی بۆ وێستگەی "سیریک" تەرخانکراوە.
 
ستراتیژیی مانەوەی ئێران لەسەر دوو بنەما وەستاوە: یەکەم، گۆڕینی وێستگە گازییە سادەکان بۆ وێستگە تیکەڵای گازی-هەڵمی یان سووڕی لێکدراو یان ( کۆمبایند سایکڵ) (Combined Cycle) بۆ ئەوەی بێ گازێکی زیادە، کارەبای زیاتر بەرهەم بهێنن. دووەم، دۆزینەوەی چارەسەری ئەندازیاری بۆ کێشەی کەمئاوی، وەک وێستگەی "شەهید مفتح" کە توانیویەتی بەکارهێنانی ئاو بە رێژەی 87% کەم بکاتەوە.
 
10 گەورەترین وێستەگانی کارەبا لە ئێران
 
پرۆفایلی 10 گەورەترین وێستگەکانی کارەبا لە ئێران
 
وێستگەی کارەبای سووڕی لێکدراوی دەماوەند (پاکدەشت)
● توانای بەرهەمهێنان: 2,868 مێگاوات.
 
● پڕۆفایل: دەکەوێتە دووریی 50 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی تاران لەسەر رێگەی خاوەران. دەماوەند گەورەترین وێستگەی کارەبای گەرمییە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. ئەم دامەزراوەیە کە لەسەر رووبەری 200 هێکتار بنیات نراوە، خاوەنی 12 یەکەی گازی و 6 یەکەی هەڵمییە و سەرچاوەیەکی سەرەکیی دابینکردنی کارەبایە بۆ نزیکەی 10 ملیۆن کەس لە تاران و ناوچەکانی دەوروبەری.
●تێچوو: تێچووی قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە 352 ملیۆن دۆلار بوو، بەڵام کۆی بودجەی تەرخانکراو بۆ تەواوکردنی هەردوو قۆناخی گازی و هەڵمی لە ماوەی 11 ساڵدا، گەیشتە نزیکەی 2 ملیار یۆرۆ.
 
● دەستبەکاربوون: وێستگەکە قۆناخ بە قۆناخ بنیات نرا. مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆککۆماری ئەو کاتی ئێران، لە ساڵی 2012دا بە فەرمی قۆناخی دووەم و کۆتایی وێستگەکەی کردەوە.
وێستگەی کارەبای شەهید سەلیمی (نێکا)
● توانای بەرهەمهێنان: 2,214 مێگاوات.
 
●پڕۆفایل: دەکەوێتە کەناراوەکانی دەریای قەزوین لە پارێزگای مازەندەران. ئەم وێستگەیە لەسەر رووبەری 200 هێکتار دروستکراوە و وەک وێستگەیەکی "دوو سووتەمەنی" کار دەکات. خاوەنی چوار یەکەی هەڵمیی 440 مێگاواتی، دوو یەکەی گازیی 137.6 مێگاواتی و یەکەیەکی هەڵمیی سووڕی لێکدراوی 160 مێگاواتییە؛ ئەم وێستگەیە بە تەنیا زیاتر لە 4%ی کۆی کارەبای ئێران دابین دەکات.
 
● تێچوو: بنیاتنانی ئەم وێستگەیە پێش شۆڕش و لە ساڵی 1975 دەستیپێکرد، کە وەبەرهێنانێکی گەورەی سەرمایە بوو لەو سەردەمەدا. لەم دواییانەشدا حکومەت وەبەرهێنانی زۆری لە فراوانکردنی وێستگەکەدا کردووە؛ بەرپرسانی وێستگەکە ئاماژەیان بەوە کردووە، کە 95%ی ئامێرەکانی نوێترین یەکەی گازی لە ناوخۆی ئێران بەرهەم هێنراون، ئەمەش بووەتە هۆی پاشەکەوتکردنی بڕێکی زۆر لە دراوی بیانی.
 
● دەستبەکاربوون: وێستگەکە لە بنەڕەتدا لە ساڵی 1979 تەواو بوو و کەوتە گەڕ. لەم دواییانەشدا پڕۆژەیەکی گەورەی پەرەپێدان بۆ زیادکردنی یەکەی نوێی گازی و هەڵمی، لەلایەن مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە و بە ئامادەبوونی عەباس عەلی ئابادی، وەزیری وزە کرایەوە.
وێستگەی کارەبای سووڕی لێکدراوی شەهید رەجایی
● توانای بەرهەمهێنان: 3,043 مێگاوات.
 
● پڕۆفایل: دەکەوێتە سەر رێگەی کەرەج-قەزوین و لەسەر رووبەری 350 هێکتار بنیات نراوە. ئەم وێستگەیە دابینکەرێکی سەرەکیی کارەبای بەردەوامە (Base-load) بۆ تۆڕی نیشتمانی. گازی سرووشتی وەک سووتەمەنی سەرەکی بەکاردەهێنێت و دابەشبووە بۆ وێستگەیەکی هەڵمیی 1,000 مێگاواتی و وێستگەیەکی سووڕی لێکدراوی 1,040 مێگاواتی.
 
● تێچوو: هەرچەندە وێستگەیەکی دێرینە، بەڵام لەم دواییانەدا بووەتە جێگەی بایەخی ناوەندە ئەندازیارییە نێودەوڵەتییەکان (وەک ئاژانسی جایکای ژاپۆنی) بە مەبەستی دابینکردنی بودجە بۆ نۆژەنکردنەوەی تۆرباینە هەڵمییەکان و درێژکردنەوەی تەمەنی کارکردنی وێستگەکە بۆ 20 ساڵی دیکە.
 
● دەستبەکاربوون: ئەم دامەزراوەیە لە تەمموزی 1994دا، لە سەردەمی سەرۆکایەتیی ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانی بە فەرمی دەستبەکاربوو.
 
وێستگەی کارۆئاویی کاروون-3
 
● توانای بەرهەمهێنان: 2,000 مێگاوات.
 
● پڕۆفایل: لەسەر رووباری کاروون لە پارێزگای خوزستان بونیاد نراوە. چەقی ئەم وێستگەیە بەنداوێکی کۆنکرێتیی زەبەلاحە، کە بەرزییەکەی 205 مەترە. لە کاتی تەواوبوونیدا، بەرزترین بەنداو بوو لە ئێران. ئەم وێستگەیە رۆڵێکی هەستیار دەگێڕێت لە بەرهەمهێنانی کارەبا لە کاتی لووتکەی داخوازی و کۆکردنەوەی ئاودا.
 
● تێچوو: تەنیا تێچووی بونیادنانی پێکهاتەی بنکەی بەنداوەکە بە 150 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.
 
● دەستبەکاربوون: بەنداوەکە و یەکەم یەکەی بەرهەمهێنانی کارەبای لە ساڵی 2005 لە سەردەمی سەرۆکایەتیی محەممەد خاتەمی و بە ئامادەبوونی حەبیبوڵڵا بێتەرەف، وەزیری وزە تەواو بوو.
 
5. وێستگەی کارۆئاوی مەسجد سولەیمان
 
● توانای بەرهەمهێنان: 2,000 مێگاوات.
 
● پڕۆفایل: ئەم وێستگەیەش هەر لەسەر رووباری کاروون لە پارێزگای خوزستانە. بەنداوێکی گەورەی پڕکراوە لە بەردە و ناوکێکی قوڕینی ستوونی هەیە. کارەبا لە رێگەی تۆرباینە پێشکەوتووەکانی جۆری (Harbin Francis) بەرهەم دەهێنێت.
 
● تێچوو: کارە ئەندازیارییەکان و دابینکردن و بونیادنانی وێستگەکە (EPC) لەلایەن کۆمپانیای "فەراب"ەوە ئەنجامدراوە، کە یەکێکە لە بەڵێندەرە گەورە ناوخۆییەکانی بواری وزە و ژێرخان.
 
● دەستبەکاربوون: بونیادنانی بەنداوەکە لە ساڵی 1991 دەستیپێکرد و لە ساڵی 2002دا لە سەردەمی سەرۆکایەتیی محەممەد خاتەمیدا، بە فەرمی کەوتە بواری خزمەتگوزاریی بازرگانییەوە.
 
6. وێستگەی کارۆئاوی بەنداوی شەهید عەباسپوور (کاروون-1)
 
● توانای بەرهەمهێنان: 2,000 مێگاوات.
 
● پڕۆفایل: دەکەوێتە ناو دۆڵێکی تەسک و بەردینی سەر رووباری کاروون لە پارێزگای خوزستان. ئەم دامەزراوەیە بەنداوێکی کۆنکرێتیی کەوانەیی دوو لایەنەی زەبەلاحی هەیە کە بەرزییەکەی 200 مەترە. لە بنەڕەتدا بە "بەنداوی گەورەی رەزا شای کەبیر" دەناسرا؛ ئەمە یەکەم بەنداو بوو لە زنجیرە بەنداوە گەورەکان کە بۆ سەر رووباری کاروون پلاندرابوون و تاوەکو ئێستاش وەک سەرچاوەیەکی سەرەکیی وزە لە کاتی لووتکەی داخوازییەکاندا ماوەتەوە.
 
● تێچوو: هەرچەندە تێچووی مێژوویی بونیادنانی بەنداوە رەسەنەکە زۆرە، بەڵام پڕۆژەی فراوانکردنی قۆناغی دووەمی (کە توانایەکی زۆری بۆ بەرهەمهێنان زیاد کرد) بە 123 ملیۆن دۆلار و 1,420 ملیار ریال مەزەندە دەکرێت، کە تێیدا زیاتر لە 120 بەڵێندەری ناوخۆیی بەشدارییان کردووە.
 
● دەستبەکاربوون: قۆناغی یەکەمی بەنداوەکە لە ساڵی 1976 و پێش شۆڕشی 1979 لە سەردەمی دەسەڵاتی شای ئێران تەواو بوو و بە فەرمی کرایەوە. قۆناغی دووەمیشی لە ساڵی 2006دا تەواو بوو و کەوتە کار.
 
7. وێستگەی کارەبای سووڕی لێکدراوی کرمان
 
● توانای بەرهەمهێنان: 1,912 مێگاوات.
 
● پڕۆفایل: دەکەوێتە پارێزگای کرمان و وەک جومگەیەکی سەرەکیی وزەی گەرمی بۆ ناوچەکە کار دەکات. وێستگەکە بە پلەی یەکەم بە گازی سروشتی (کە لە پاڵاوگەی سەرخوون دابین دەکرێت) کار دەکات و دیزڵیش وەک سووتەمەنیی یەدەگ بەکاردەهێنێت. تێیدا تۆرباینە گازییەکانی کۆمپانیای "ئەنسالدۆ ئینێرجیا" و تۆرباینە هەڵمییەکانی کۆمپانیای "ماپنا"ی ناوخۆیی بەکارهێنراون.
 
● تێچوو: بڕی 350 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنراوە بۆ خستنەگەڕی یەکەکانی سووڕی لێکدراو و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی وێستگەکە.
 
● دەستبەکاربوون: ئەم دامەزراوەیە قۆناغە سەرەکییەکانی بونیادنانی تەواو کرد و لە ئازاری 2007دا لە سەردەمی سەرۆکایەتیی مەحموود ئەحمەدینەژاد کرایەوە.
 
8. وێستگەی کارەبای تۆرباینی هەڵمیی رامین
 
● توانای بەرهەمهێنان: 1,903 مێگاوات.
 
● پڕۆفایل: دەکەوێتە دووریی 20 کیلۆمەتر لە شاری ئەهواز لە پارێزگای خوزستان. ئەم وێستگە گەرمییە دێرینە دابینکەرێکی ناوچەیی زۆر گرنگە و بەرپرسە لە بەرهەمهێنانی زیاتر لە 42%ی پێویستیی کارەبا بۆ پارێزگایەک، کە زیاتر لە پێنج ملیۆن خەڵکی تێیدا دەژیت.
 
● تێچوو: بەهۆی ئەوەی وێستگەکە پشت بە یەکە هەڵمییە کۆنەکان دەبەستێت، ئێستا پڕۆژەیەکی گەورەی مۆدێرنکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی تێدا جێبەجێ دەکرێت، کە بودجەکەی لەرێگەی قەرزێکی حکومیی رووسیاوە بە بڕی 1.2 ملیار یۆرۆ (نزیکەی 1.4 ملیار دۆلار) دابینکراوە.
 
● دەستبەکاربوون: وێستگەکە لەلایەن کۆمپانیای "تێکنۆپرۆم ئێکسپۆرت"ی سۆڤیەتی لە نێوان ساڵانی 1974 بۆ 1979 بونیاد نرا. بەهۆی ئەوەی بونیادنانی وێستگەکە کەوتە کاتی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئێران، لە ئابی 1979دا و دوای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی بە فەرمی دەستبەکاربوو.
 
وێستگەی لێکدراوی سەرەخس (شەمس-ئە سەرەخس)
 
● توانای بەرهەمهێنان: 1,650 مێگاوات.
 
● پڕۆفایل: دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای خوراسانی رەزەوی. ئەم وێستگە گازییە گەورەیە بە ستراتیژییەکی بێوێنە بۆ یەکخستنی لەگەڵ کەرتی کشتوکاڵ دیزاین کراوە؛ بە جۆرێک ئەو بڕە زۆرەی ئاوی گەرم کە لە ئەنجامی سیستەمی ساردکردنەوەی وێستگەکە بەرهەم دێت، دووبارە بەکاردەهێنرێتەوە بۆ گەرمکردنی پڕۆژە کشتوکاڵییە پیشەسازییەکانی (خانووی پلاستیکی) ناوچەکە.
 
● تێچوو: هەرچەندە تێچووی گشتیی پڕۆژەکە بە نهێنی هێڵدراوەتەوە، بەڵام یەکخستنی ژێرخانی سووڕی لێکدراو لەم ئاستەدا پێویستی بە وەبەرهێنانی زۆر هەیە، کە لە بازاڕی ئێراندا تێچووی هەر کیلۆواتێک بە تێکڕا لە نێوان 850 بۆ 950 یۆرۆ مەزەندە دەکرێت.
 
● دەستبەکاربوون: وێستگەکە لە دەوروبەری ساڵی 2012 و لە سەردەمی ئیدارەی سەرۆککۆمار مەحموود ئەحمەدینەژاد کەوتە کار.
 
وێستگەی کارەبای مونتەزەر قایم
 
● توانای بەرهەمهێنان: 1,622 مێگاوات.
 
● پڕۆفایل: دەکەوێتە پارێزگای ئەلبۆرز لە نزیک شاری کەرەج. ئەم دامەزراوەیە بە پلەی یەکەم بە گازی سروشتی کار دەکات و دیزڵیش وەک یەدەگ بەکاردەهێنێت. وێستگەکە یەکەیەکی سووڕی لێکدراوی 997.5 مێگاواتی و چەند یەکەیەکی هەڵمیی دێرین لەخۆدەگرێت. ئێستا ئەم وێستگەیە وەک یەکێک لە گەورەترین سەروەتە تایبەتکراوەکانی (Privatized) کەرتی کارەبای ئێران دادەنرێت.
 
● دەستبەکاربوون: قۆناغە مۆدێرنەکانی سووڕی لێکدراوی ئەم وێستگەیە لە تشرینی دووەمی 1992دا و لە سەردەمی سەرۆکایەتیی ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانی بە فەرمی کرانەوە.
 
وردەکاریی ئەو وێستگانەی کارەبای ئێران کە توانای تیوۆری بەرهەمهێنانیان 1000 مێگاوات یان زیاترە و بە بڕبڕەی پشتی ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە دادەنرێن:
 
● دەماوەند (پاکدەشت): 2868 مێگاوات. دەکەوێتە تاران، وێستگەیەکی گازیی سووڕی لێکدراوە (CCGT) و لە نێوان ساڵانی 2003 بۆ 2009 کەوتووەتە گەڕ. تێچووی قۆناغی یەکەمی 352 ملیۆن دۆلار بووە و کۆی وەبەرهێنانەکان تێیدا بە نزیکەی 2 ملیار یۆرۆ دەخەمڵێنرێت.
 
● شەهید سەلیمی (نێکا): 2214 مێگاوات. دەکەوێتە مازەندەران، سوود لە گازی سروشتی و نەوت وەردەگرێت؛ لە ساڵی 1979 بونیاد نراوە و لە ساڵی 2006دا بە شێوەیەکی مۆدێرن و لەسەر ئاستی ناوخۆ فراوان کراوە.
 
● شەهید رەجایی: 2043 مێگاوات. دەکەوێتە قەزوین، وێستگەیەکی گازی و هەڵمییە و لە ساڵی 1994 بونیاد نراوە؛ سوودی لە لێکۆڵینەوەکانی ئاژانسی "جایکا"ی ژاپۆنی وەرگرتووە بۆ نۆژەنکردنەوە.
 
● کاروون-3: 2000 مێگاوات. وێستگەیەکی هایدرۆئەلەکتریکە (بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئاو) لە خوزستان کە لە ساڵی 2004 بونیاد نراوە. تەنیا تێچووی پێکهاتەی بنکەی بەنداوەکە بە 150 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.
 
● مەسجد سولەیمان: 2000 مێگاوات. وێستگەیەکی کارۆئاویە لە خوزستان و لە ساڵی 2002 بونیاد نراوە.
 
● شەهید عەباسپوور: 2000 مێگاوات. وێستگەیەکی دێرینی کارۆئاویە لە خوزستان کە پێش شۆڕش و لە ساڵی 1977 بونیاد نراوە.
● کرمان: 1912 مێگاوات. دەکەوێتە کرمان، وێستگەیەکی گازییە (CCGT) و لە ساڵی 2007 بونیاد نراوە؛ بڕی 350 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەی فراوانکردنی بۆ سووڕی لێکدراو تەرخان کراوە.
 
● رامین: 1903 مێگاوات. وێستگەیەکی هەڵمییە بە گاز و نەوت کار دەکات، دەکەوێتە خوزستان و لە ساڵی 1979 بونیاد نراوە. قەرزێکی 1.2 ملیار یۆرۆیی رووسیای بۆ مۆدێرنکردنەوەی بۆ دابین کراوە.
 
● سەرەخس: 1650 مێگاوات. دەکەوێتە خوراسانی رەزەوی، وێستگەیەکی گازییە (CCGT) و لە ساڵی 2012 بونیاد نراوە؛ دیزاین کراوە بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی گەرمیی پاشماوە لە کەرتی کشتوکاڵدا.
 
● مونتەزەر قایم: 1622 مێگاوات. دەکەوێتە پارێزگای ئەلبۆرز، وێستگەیەکی گازییە (CCGT) و لە ساڵی 1992ـەوە قۆناغ بە قۆناغ بونیاد نراوە.
 
● شەهید محەممەد مۆنتەزەری: 1600 مێگاوات. وێستگەیەکی کارەبایە لە ئەسفەهان کە بە نەوت کار دەکات؛ لە نێوان ساڵانی 1985 بۆ 1987 بونیاد نراوە و خاوەنی 8 یەکەی بەرهەمهێنانە.
 
● پەرەند: 1506 مێگاوات. دەکەوێتە تاران، وێستگەیەکی گازییە (CCGT) و لە ساڵی 2006 بونیاد نراوە.
● عەلی ئابادی کاتوول: 1500 مێگاوات. وێستگەیەکی گازییە (CCGT) لە پارێزگای گوڵستان کە لە ماوەی دەەی 2010دا پەرەی پێدراوە.
 
● جەهروم: 1434 مێگاوات. دەکەوێتە پارێزگای فارس، وێستگەیەکی گازیی (CCGT) خاوەن کارایی بەرزە و لە دەەی 2000دا بونیاد نراوە.
 
● شیرڤان: 1434 مێگاوات. دەکەوێتە باکووری خوراسان، وێستگەیەکی گازییە (CCGT) و لە دەەی 2000دا بونیاد نراوە.
● بەندەر عەباس (سیریک): 1400 مێگاوات. ئێستا لە هورمزگان لە ژێر بونیادناندایە؛ وێستگەیەکی گازی و هەڵمییە و تێچووەکەی 1.4 ملیار یۆرۆیە، کە زۆربەی لە رێگەی قەرزێکی رووسیاوە دابین کراوە.
 
● کازرون: 1372 مێگاوات. دەکەوێتە پارێزگای فارس، وێستگەیەکی گازییە (CCGT) و لە ساڵی 1994 بونیاد نراوە؛ یەکەم وێستگە بووە تۆرباینی گازیی بەرهەمهێنراوی ناوخۆی تێدا بەکار هێنراوە.
 
● بەندەر عەباس (کۆن): 1330 مێگاوات. وێستگەیەکی نەوتییە لە هورمزگان کە چوار یەکەی بەرهەمهێنانی هەیە و لە نێوان ساڵانی 1980 بۆ 1985 کەوتووەتە گەڕ.
 
● ئەسەلویە: 1322 مێگاوات. وێستگەیەکی گازییە (CCGT) لە بوشەهر؛ لە ساڵی 2020دا بە وەبەرهێنانی 2240 ملیار تمەن بۆ باشترکردنی یەکەی هەڵمی فراوان کراوە.
 
● سارێهپەر (گیلان): 1306 مێگاوات. وێستگەیەکی گازییە (CCGT) لە گیلان و لە دەەی 1990دا بونیاد نراوە.
● شازەند: 1300 مێگاوات. دەکەوێتە پارێزگای مەرکەزی، وێستگەیەکی گازییە (CCGT) و لە دەیەی 2000دا بونیاد نراوە.
● ورمێ: 1280 مێگاوات. دەکەوێتە ئازەربایجانی رۆژئاوا، وێستگەیەکی گازییە (CCGT) و لە دەیەی 2000دا بونیاد نراوە.
● سەبەلان ئەردەبیل: 1280 مێگاوات. وێستگەیەکی گازییە (CCGT) لە ناوچەیەکی بەرز لە ئەردەبیل و لە دەیەی 2000دا بونیاد نراوە.
 
● بێستوون: 1280 مێگاوات. دەکەوێتە کرماشان، وێستگەیەکی گازی و هەڵمییە کە لە ساڵی 2013 بونیاد نراوە؛ بە جۆرێک دیزاین کراوە کە بە تەواوی بگۆڕدرێت بۆ سووڕی لێکدراو.
 
● فیردەوسی: 1274 مێگاوات. وێستگەیەکی گازییە (CCGT) لە خوراسانی رەزەوی و لە دەیەی 2000دا بونیاد نراوە.
● ناوەندی سووتاوی پارس: 1114 مێگاوات. دەکەوێتە بوشەهر، وێستگەیەکی گازییە (CCGT) و لە دەەی 2000دا بونیاد نراوە بۆ دابینکردنی کارەبای پاڵاوگە گەورەکانی گاز.
 
● فارس: 1050 مێگاوات. دەکەوێتە پارێزگای فارس، وێستگەیەکی گازییە (CCGT) و لە دەەی 1990دا بونیاد نراوە.
● نەیسابوور: 1042 مێگاوات. وێستگەیەکی گازیی (CCGT) خاوەن کارایی بەرزە لە خوراسانی رەزەوی و لە دەیەی 1990دا بونیاد نراوە.
 
● سیاه بیشە: 1040 مێگاوات. دەکەوێتە مازەندەران، یەکەم وێستگەی کارۆئاویە لە ئێران کە بە سیستەمی پاشەکەوتکردنی پەمپکردن کار دەکات و لە ساڵی 2013 بونیاد نراوە.
 
● شەهید مفتح: 1000 مێگاوات. وێستگەیەکی گازی و هەڵمییە لە هەمەدان و لە دەیەی 1990دا بونیاد نراوە.
● ئیرانشەهری لێکدراو: 1000 مێگاوات. وێستگەیەکی گازییە (CCGT) لە سیستان و بەلووچستان و لە دەەی 2000دا بونیاد نراوە.
● سوڵتانییە: 1000 مێگاوات. دەکەوێتە زنجان، وێستگەیەکی گازییە (CCGT) و لە دەەی 2000دا بونیاد نراوە.
● کاروون-4: 1000 مێگاوات. وێستگەیەکی کارۆئاویە لە چوارمەحاڵ و بەختیاری کە لە ساڵی 2010 بونیاد نراوە.
● گۆتوەند: 1000 مێگاوات. وێستگەیەکی کارۆئاویە لە خوزستان و لە ساڵی 2012 بونیاد نراوە.
 
● بوشەهر-1: 1000 مێگاوات. وێستگەیەکی ئەتۆمییە (PWR) لە بوشەهر و لە نێوان ساڵانی 2011 بۆ 2013 کەوتووەتە گەڕ; تێچووی کۆی بونیادنانی لە ماوەی 35 ساڵدا 10 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
 
● ئاریان: 1000 مێگاوات. وێستگەیەکی گازییە (CCGT) و ئێستا لە زنجان لە قۆناغی بونیادناندایە.
 
● خوڕەماوە: 1000 مێگاوات (وەک ئامانج). وێستگەیەکی گازییە (CCGT) لە لوڕستان؛ ئێستا لە قۆناغی فراوانکردندایە بۆ ئەوەی لە توانای 484 مێگاواتەوە بگاتە ئامانجی 1000 مێگاوات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەحموود بابان

لە هورمزەوە بۆ دیمەشق و ئەنقەرە: رێڕۆی نوێ بۆ نەوت و گازی ناوچەکە دەدۆزرێتەوە

رۆژانە لە جیهاندا 104 ملیۆن بەرمیل نەوت بەکاردەهێندرێت، نزیکەی 80 ملیۆن بەرمیلی لەرێگەی دەریاکانەوە بە هەشت تەنگەدا دەگوازرێتەوە. ئەگەر داخستنی تەنگەی بابولمەندەب بڕواتە پاڵ تەنگەی هورمز، جیهان رووبەڕووی قەیرانێکی نوێی وزە دەبێتەوە کە لەدوای جەنگی کەنداوی 1990 نەبووە