لەگەڵ هەر رووداوێك لە هەرێمی كوردستان، ژمارەیەك گرووپ بە پیلان و بەرنامە كار بۆ ئەوە دەكەن خەڵكی كوردستان ملكەچی نەیاران و دوژمنان بن، بۆ ئەوەش میدیا وەكو ئامرازێكی كاریگەر بەكاردەهێنن و بازاڕسازی چڕی بۆ دەكەن. ئەوانە بە مەبەست ئەو كارە دەكەن، لە بەرامبەردا پاداشت لەو وڵات و هێزانە وەردەگرن كە پشتیوانیان دەكەن، بەڵام بەداخەوە سەتان و هەزاران هاووڵاتی دەكەونە ژێر كاریگەریی ئەم گرووپانە و هەرچی گرووپەكان دەیڵێن، ئەوانیش بێ بیركردنەوە و سڵەمینەوە دەیڵێنەوە، تەنیا بۆ ئەوەی دژایەتی پارتێكی سیاسی یان بەشێك لە كاربەدەستانی حكومەت بكەن، بەڵام بێئاگان لەوەی ئەوان بەكارهێنراون و خەڵكانێك هەن لەسەر حیسابی ئەوان، وەكو بەشێك لە گرووپی حكومڕان بوون بە ملیۆنێر، لەم دۆخەشدا هەر هاووڵاتییانی سادە و بێ پشتیوان، زیانمەند دەبن.
ئەم گوتاری تەسلیمبوون یاخود رادەستبوونە، زۆر مەترسیدارە، كە ساڵانێكە وڵاتانێكی دەوروبەر و هێزگەلێكی ناوخۆیی كاری بۆ دەكەن، تاكە ئامانجیان شكاندنی ئیرادەی گەلی كوردستان و خۆبەكەمزانینە بەرامبەر بە نەیاران بەتایبەت سەرانی بەغدا، هەموو ئەوانەش ئەنجامی خراپی ئەدای ژمارەیەك بەرپرسی بەناو بەرپرسە، كە هەموو شتێك دەكەن تەنیا بۆ مانەوەیان لە پۆستەكانیان و رازیكردنی سەرووی خۆیان، بێباكن لەوەی میللەت چی بەسەر دێت و بەرەو چ ئاقارێك هەنگاودەنێت.
بۆ ئەوەی چیدیکە رێگە بە تەشەنەسەندنی ئەم گوتارە مەترسیدارە نەدرێت، گرنگە خەمخۆرانی ئەم وڵاتە و سەركردە دڵسۆزەكان پێكەوە دانیشن و بەرنامەیەكی گشتگیر دابڕێژن بۆ ئاشتكردنەوەی خەڵك و دەسەڵات، بۆ خاوەنداریێتیكردنی راستەقینەی جەماوەر، بۆ باشتركردنی دۆخ و گوزەرانی خەڵك و پێداچوونەوە بە سیستەمی كاركردنی حیزبەكان و حكومەت، تاوەکو خەڵكانی شایستە و دڵسۆز بهێنرێنە پێش و بەرپرسیاریێتیی راستەقینەیان پێبدرێت، خەڵكانێك كە نەترس بن لە بەرانبەر گوتنی راستییەكان بۆ سەرووی خۆیان و دڵسۆزبن بۆ راپەڕاندنی كاروباری هاووڵاتییان، ئەگینا هەرێمەكەمان لەبەردەم مەترسییەكی راستەقینەدایە و ئاییندەیەكی باش بەم دۆخەی ئێستاوە چاوەڕوانی نەوەكانی ئاییندەمان ناكات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ