هەموو پارتە سیاسییەکان ماوە ماوە کۆنگرەی خۆیان دەبەستن. لە وڵاتانی رۆژئاوایی زۆربەی کات کۆنگرەکان لەکاتی دیاریکراوی خۆیان دەبەسترێن، لە وڵاتانی لای خۆمان کەم جار هەیە کۆنگرەی پارتە سیاسییەکان لەکاتی بڕیار لێدراوی خۆیان ببەسترێن، هەمیشە پاساوی نالەباری باری ئاسایش و شەڕوشۆڕ و باری ئابووری و هتد.. دەهێننەوە، لەوانەشە بەشێک لەم پاساوانە راست بن، چونکە سەدان ساڵە باری سیاسی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەگشتی و عێراق بەتایبەتی ئارامییان بەخۆوە نەبینیوە، کوردستانیش کە سەت ساڵە بە زۆری زۆردار بە وڵاتی عێراقەوە لکێندراوە، جگە لە نائارامیی ناوچەکە، هەمیشە کێشەی ماف و ئازادی و سەربەخۆیی لەگەڵ حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی بەغدا هەبووە، کە ئەمەش بارودۆخەکەی خراپتر کردووە.
جگە لەمەش، زۆربەی پارتەکانی رۆژهەڵات لە بەستنی کۆنگرە دەترسن، چونکە لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە بەشێکی زۆری باڵباڵێن و جیابوونەوە و لێکترازانەکانی نێو پارتەکان لەکاتی بەستنی کۆنگرەکانەوە رویانداوە. چەندین پارتی سیاسی لە نێو کۆنگرە یان لە دوای بەستنی کۆنگرە بوونە دوو پارچە و سێ پارچە.
بە بەراورد بە پارتەکانی دیکەی عێراق بەگشتی و کوردستانیش بە تایبەتی، پارتی دیموکراتی کوردستان پارتێکی تاوەکو رادەیەک جێگیر و بێ کێشە و پشکپشکانێیە، ئەمەش بەشێکی زۆری بۆ کارێزمای سەرۆک مەسعود بارزانی دەگەڕێتەوە. هەرچەندە کۆنگرەی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتی خۆی دواکەوتووە، بەڵام لە بارودۆخی نالەباری ئەمڕۆی ناوچەکە بەگشتی، عێراق و کوردستان بەتایبەتی، بڕیاری ئەنجامدانی کۆنگرە بڕیارێکی بوێرانە بوو.
ئێستا کادر و ئۆرگانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرقاڵی هەڵبژاردنی بەربژێرەکانن بۆ ئەوەی ببنە ئەندامی کۆنگرە، ئەمەش جموجوڵێکی زۆری خستووەتە نێو ئۆرگانەکانی ئەم پارتە. بۆیە لەم رووەوە کۆنگرە نوێبوونەوەیە و وزە بە کادیران دەبەخشێت. ئێستا هەر کارێکت بە هەر کادرێکی پارتی هەبێت لەسەرپێ دەوەستێت و چی پێبکرێت بۆت دەکات، بەرپرسەکانیش دەرگەکانیان کراوەتەوە و هەموو تەلەفۆنێک هەڵدەگرن.
ئەگەر سەیری ئەکاونتەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەی دەبینی زۆر چالاکن و پۆستی کۆن و نوێ بەریەک دەکەون. هەربۆیە واچاکترە کۆنگرەکان زوو زوو ببەسترێن، تاوەکو کادیرانیش ساردنەبنەوە.
کاتێک دەڵێین کۆنگرە نوێبوونەوەیە، مەبەستمان ئەوەیە بە بەستنی کۆنگرە پارتە سیاسییەکان لە زۆر لایەنی دیکە دەبووژێنەوە. یەکێک لەو لایەنانە ئەوەیە کە کادری نوێ دێنە پێشەوە و خوێنی نوێ دەخزێننە نێو دەمارەکانی پارتەکە. ئەگەر سەیری دۆخی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەین، لەبەرئەوەی زیاتر لە دەیەیەکە کۆنگرەی نەبەستووە، کەمتر کادیری گەنج بواری ئەوەیان هەبووە بێنە پێشەوە و بگەنە سەرکردایەتی، ئەمەش تاوەکو رادەیەک نائومێدی لای ئەم کادیرە گەنجانە دروستکردووە. کادیری وا هەیە 10 ساڵ زیاترە پەیوەندی بە پارتییەوە کردووە و پلەی بەرزنەکراوەتەوە و بەشداری لە هیچ هەڵبژاردنێکی پارتایەتی نەکردووە.
لە لایەکی دیکەشەوە، بەستنی کۆنگرە بواری ئەوە دەڕەخسێنێت کە پێداچوونەوە بە پەیڕەو و پڕۆگرامی حیزب دا بکرێت، ئەمەش هۆکارێکی دیکەیە بۆ نوێبوونەوەی پارتی، چونکە هەموو پرۆگرامێک ماوە ماوە پێویستی بە پێداوچوونەوە و گۆڕانە. جگە لەمەش بەشداریپێکردنی نەوەیەکی گەنج کە زۆر لە نەوەی پێشتر شارەزاترن لە تەکنۆلۆجیای نوێ، پەیڕەو و پرۆگرامی پارتی دەوڵەمەندتر دەکات. هەر پارتێکیش ئاگەر لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەم نەڕوات ئەوا بە دڵنیاییەوە لە کاروانی پێشکەوتن و نوێبوونەوە دادەبڕێت.
جگە لەمانەش کۆنگرەی پارتە سیاسییەکان دەرفەتێکی باشە بۆ یەکتربینین، لێکنزیکبوونەوە و لە نزیکەوە ناسینی ئەندام و کادیران لەگەڵ سەرکردایەتیی پارتەکە و هەروەها راگۆڕینەوە و ئاگاداربوون لە یەکدی. بەداخەوە لە دۆخی ئاساییدا زۆر جاران بۆشایی یان دیوارێک لەنێوان کادیرانی خوارەوە و سەرکردایەتی هەیە، لەوانەیە رۆژانی کۆنگرە دەرفەتێکی باشبێت بۆ لابردنی ئەم دیوارە، هەربۆیە کادیران هەموو هەوڵێک دەدەن تاوەکو بگەنە کۆنگرە.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، هەروەک لە سەرەوەش ئاماژەمان پێدا، بەستنی کۆنگرە بێ ئاڵنگاری، گرفت و بەربەست نییە. جگە لە ترسی یەکترشکاندن، ترسی ئەوەش هەیە کە ئەو کادیرانەی لە هەڵبژاردنەکان دەرناچن، جا چ هەڵبژاردنی ناوچەکان و ئۆرگانەکانی خوارەوە بێت یان هەڵبژاردنی سەرکردایەتی بێت، زویرببن و واز لە کاری پارتایەتی بێنن، دۆخی ئاواش لە کۆنگرەکانی دیکە هەبووە. هەرچەندە بە بوونی سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەرەوەی هەرەمی رێکخستنەکانی پارتی و بە جێگیری و ناوەندێتی پارتی، لەوانەیە ئەم دۆخانە کەمبن، بەڵام دەبێت حیسابیان بۆ بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ